موزیسیانی و ئاوازدانه‌ری كورد، نه‌ورۆز ته‌نیا، وه‌كو یه‌كه‌م هونه‌رمه‌ندی كورد بوو به براوه‌ی خه‌ڵاتی 2024ی باشترین فێرخوازی پێشووی كۆلێژی رێنیسۆن كه به‌شێكه له زانكۆی واته‌رلو له كه‌نه‌دا، ئه‌م خه‌ڵاته‌ش ساڵانه له‌سه‌ر ئاستی كه‌نه‌دا ته‌نیا به كه‌سێك ده‌درێت كه له 10 ساڵی رابردوودا زۆرترین كاری كردبێت و له‌سه‌ر ئاستی ئەو وڵاتە كاریگه‌ريی هه‌بووبێت.
نه‌ورۆز، جگه له‌وه‌ی موزیسیانێكی به‌توانایه، له ساڵانی 2023 و 2024 ئاوازدانه‌ری فیلمه‌كانی (مام جه‌لال- 2023) و (ئالوده- 2024) و (فیلمی 1988) بووه، له‌باره‌ی خهڵاتهكهیهوه، به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: به فه‌خره‌وه بووم به براوه‌ی خه‌ڵاتی 2024ی باشترین فێرخوازی پێشوی كۆلێجی رێنیسۆن.
نه‌ورۆز له لێدوانه‌كه‌یدا وتیشی: بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووی كه‌نه‌دا و كوردستاندا و له رۆژی كه‌نه‌دا Canada Day له 1/7/2023 له‌پاڵ چه‌ند كارێكی جیهانی كارێكی من پێشكه‌شكرا، بڕیاریشه هه‌مان كار ئه‌مساڵ بۆ جاری دووه‌م له سانفرانسیسكۆ سیمفۆنی پێشكه‌ش بكرێت.
كاره‌كانی نه‌ورۆز، له میدیای وڵاتانی وه‌ك سوید، ئه‌ڵمانیا، فه‌ره‌نسا، سویسرا، ئوسترالیا و كه‌نه‌دا پیشاندراون و له كارێكی مه‌زنیشدا، له ئۆركێسترای نیشتمانی كه‌نه‌دا له ئۆتاوا كارێكی ئه‌م هونه‌رمه‌نده كورده ژهندرا به ناوی (سه‌مای كوردی).
كۆمار مه‌سعود