تۆمەتبارێک دەستگیرکرا لەکاتی وەرگرتنی مووچە دزی لە خانەنشینێک کردبوو

03:30 - 2024-05-02
کوردستان
117 جار خوێندراوەتەوە

تۆمەتبارێک دەستگیرکرا، کە لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سلێمانی و لەکاتی وەرگرتنی مووچە دزی لە خانەنشینێک کردبوو.
هەر لەو بارەیەوە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوردسات، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد، کە بڕی ملیۆنێک و 350 هەزار دینارو بڕی 250 دۆلاری ئەمەریکی لە هاووڵاتییەک لەناو بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سلێمانی دزیبوو.
هەروەها وتیشی: دوای ئەوەی هاووڵاتییەک سکاڵای تۆمار کرد کە بڕی یەک ملیۆن و 350 هەزار دینار و 250 دۆلاری ئەمەریکی لێدزراوە، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکرد و پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لەماوەیەکی کەمدا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی کوردساتەوە دەستگیر بکرێت.
هاوکات ئەوەشی ئاشکرا کرد: تۆمەتبارەکە ناوی (أ، هـ، أ) لەدایکبووی 1972 و پێشینەی تاوانی هەیە، دواتر دانی بەتاوانەکەیدا ناوە. ئێستا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادان راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.
لە کۆتاییدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی هاووڵاتییان و خانەنشینان و مووچەخۆرانی دڵنیاکردەوە، کە هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە کاتی دابەشکردنی مووچەدا و بە مەبەستی پاراستنی سەروماڵیان لە سەرجەم بانکەکان ئامادەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان