قوباد تاڵەبانی: دواخستنی لەوە زیاتری هەڵبژاردن دیموکراسی دەخاتە مەترسییەوە

05:21 - 2024-05-04
کوردستان
76 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی سێناتی ئەمریکا کە پێکهاتبوو لە سیناتۆر تێد باد، سیناتۆر جۆنی ئێرنتس و وەفدێکی یاوەریان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکا و هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا رۆژی شەمە ( 4ی ئایاری 2024) بەڕێوەچوو و هەر یەکە لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق و کونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتەش لە هەرێم ئامادەی بوون. وەفدەکەی سێنات پشتگیری ئەمریکایان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد سەردانەکەیان نیشانەی پابەندیی ئەمریکایە بە گرنگیدان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
جێگری سەرۆک وەزیران، سوپاسی پشتیوانی و هاوکارییەکانی ئەمریکای کرد بۆ هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لە رووبەڕوونەوەی تیرۆر و پڕۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگەدا.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ئاسایشی کوردستان و عیراق و ناوچەکە کرا. هەردوولا هاوڕابوون کە هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عیراق و هاوپەیمانان گرنگ و پێویستە بۆ رووبەڕوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر، بەوپێیەی هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە بۆسەر ئاسایشی عیراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ناوخۆی هەرێم و پرسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کرا. قوباد تاڵەبانی هەڵوێستی خۆی و یەکێتی بۆ وەفدی میوان روونکردەوە و رایگەیاند؛ هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە، چونکە دواخستنی لەوە زیاتری هەڵبژاردن، زیانی گەورە بە شەرعییەتی دامەزراوەکانی هەرێم دەگەیەنێت و جگە لەوەش پڕۆسەی دیموکراسی لە هەرێم دەخاتە مەترسییەوە. 
 سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداش، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا بەرەوپێشچوون لەبارەی پرسی بودجەی هەرێم و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هەیە. وتیشی: هەموو هەوڵێک دەدەن ئەم کێشەیە و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان