ئاراس محەمەد ئاغا بۆ كوردستانی نوێ:

سەردانەكەی سەرۆك بافڵ بۆ ئەمریكا گرنگی و بایەخی خۆی هەیە

11:55 - 2024-05-05
کوردستان
107 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا

ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی، رایدەگەیەنێت: سەردانی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، بۆ ئەمریكا، گرنگی و بایەخی خۆی هەیە و مایەی بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستانە لەگەڵ وڵاتێكی گەورەی وەك ئەمریكادا. وتیشی: یەكێتی، هەمیشە لەگەڵ ئەوەدا بووە پەیوەندییەكی هاوسەنگی لەگەڵ سەرجەم وڵاتاندا هەبێت، ئەوەش لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و ئەزموونەكەیدا دەبێت.

بانگهێشتكردنی سەرۆک بافڵ بۆ ئەمریكا، بۆ پێگەی بەڕێزیان دەگەڕێتەوە وەك سەركردەیەك کە رۆڵی كاریگەر‌ و بەرچاوی هەبووە لە ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكاندا

ئاراس محەمەد ئاغا ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەوپێیەی ئەمریكا رۆڵی گرنگی هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ‌و جیهان بەگشتی، سەردانەكەی سەرۆكی یەكێتی بۆ ئەو  وڵاتە و بانگهێشتكردنی بەشێوەیەكی رەسمی، بایەخی خۆی هەیە، بەتایبەتی لەم كاتەدا كە عیراق و كوردستان و ناوچەكە بە بارودۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕن. وتیشی: یەكێتی، هەمیشە لەگەڵ ئەوەدا بووە پەیوەندییەكی هاوسەنگی لەگەڵ سەرجەم وڵاتاندا هەبێت، ئەوەش بۆ بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و ئەزموونەكەی گرنگە و ئەو پەیوەندییانەش بۆ سەردەمی سەرۆك مام جەلال دەگەڕێتەوە و ئێستاش سەرۆك بافڵ درێژەی پێدەدات. «بانگهێشتكردنی كەسی یەكەمی یەكێتی بۆ ئەمریكا، بۆ پێگەی بەڕێزیان دەگەڕێتەوە، كە وەك سەركردەیەكی ئەكتیڤ توانیویەتی رۆڵی كاریگەر‌ و بەرچاوی هەبێت لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدادا و پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی واقیعیانە ‌و هاوسەنگە لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەردا».
ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەمریكا خوازیارە هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی عیراقێكی بەهێزدا بەردەوامبێت و برەو بە پڕۆسەی دیموكراسی بدات و رێز لە مافەكانی مرۆڤ و ئازادیی رۆژنامەگەری بگرێت و وتی: یەكێتی رۆڵی گرنگ و پڕبایەخی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و هەمیشە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و گەڕانەوەی شەرعیەتە بۆ دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان».

بابەتە پەیوەندیدارەکان