رائید فەهمی: دەبوو بۆ ماددەی 140 هەنگاوی گەورەتر بنرایە

11:57 - 2024-05-05
کوردستان
79 جار خوێندراوەتەوە

ئیدریس جەبار

لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ كوردستانی نوێ، رائید فەهمی، رایدەگەیەنێت: دەبوو ماددەی 140 لە قۆناغی قەرەبووكردنەوەوە بچێتە قۆناغی ئاساییكردنەوەی رەوشی ناوچە جێناكۆكەكان، ئاماژەش بە لەكاركەوتنی جێبەجێكردنی ماددەكە دەكات بەهۆی خاوبوونەوەی كار و چالاكیی لیژنەكەیان.
ئاماژە بەوەش دەكات كە «لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی 140 بەردەوامە لە كارەكانی، بەڵام كار و چالاكیی كەمە و زۆر سستە، خەریكە كارەكانی تەنیا لە قۆناغی قەرەبووكردنەوەدا خۆی دەبینێتەوە، ئەو بودجەیەی بۆ ئەو مەبەستەش تەرخانكراوە سنووردارە و هەندێك ساڵیش قەرەبووكردنەوە وەك پێویست نییە». وتیشی: «هیوادارین بارودۆخ ئاسایی بكرێتەوە و هەنگاوی دواتریش قۆناغی سەرژمێری بێت، كە سەرژمێری و راپرسی لەسایەی ئەم دۆخەدا لە ناوچە داڕێنراوەكاندا قورسە و ئێستا ئەو سیاسەتە پیادە ناكرێت، بۆیە دەكرێت بڵێین بەشێوەیەكی پراكتیكی كارەكانی مادەی 140 وەك پێویست نییە و هۆكارەكەشی نەبوونی ئیرادەیەكی سیاسیی هاوبەشە».
رائید فەهمی، دەڵێت: لایەنە سیاسییەكان نە ئەوەیە خۆیان ماددەكە چاكبكەن، نە ئەوەشە رێگەبدەن ماددەی 140 جێبەجێبكرێت، زەمینەیەكی وەهاش لەبار نییە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری كۆتایی بۆ كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان و وتیشی: ئێستا ئەو كەلێنەی دروستبووە بە لێكتێگەیشتنە سیاسییەكان پڕدەكرێتەوە، كە دەبوو بە دیدێكی ستراتیژی پڕبكرێتەوە و بنەمایەكی دروست بۆ چارەسەركردنی بدۆزرێتەوە».
لە كۆتایی قسەكانیدا رائید فەهمی وتی:»ماددەی 140 نەدەبوو بەمشێوەیە لەگەڕبخرێت، چونكە دەبێتە مایەی دروستكردنی كەلێن و دۆخەكەش لەو ناوچانەدا بە ناجێگیر دەهێڵێتەوە».

بابەتە پەیوەندیدارەکان