حیکایەتی فۆتۆ

ستۆدیۆ رەفیق

10:57 - 2024-05-06
کەلتور
145 جار خوێندراوەتەوە

ئا: گەلاوێژ رەزا

رەفیق مەحمود محەمەد كوڕی مەحمودەفەندی رەسامە، لە1/7/1932 لە سلێمانی گەڕەكی گۆیژە هاتۆتە دنیاوە.
هەر لە منداڵییەوە لای مەحمودەفەندی باوكی فێری وێنەگرتن بووە.
سەرەتای منداڵی دەخرێتە حوجرە و وانە ئایینیەكان دەخوێنێت، دواتر دەچێتە قوتابخانەی فەیسەڵیە تا دووی ناوەندی دەخوێنێت، بەهۆی باری سیاسی خێزانەكەی و لە سێدارەدانی محەمەد قودسی برایەوە لەخوێندن دادەبرێت، چیتر دەرفەتی خوێندنی نامێنێ و لەگەڵ باوكیدا دەست دەكات بە كاری وێنەگرتن.
حەز و خولیا و دەستڕەنگینی  بۆ وێنەگرتن وای لێدەكات  ستۆدیۆی تایبەت بەخۆی دابنێ. لە ساڵی 1954 ستۆدیۆیەك دەكاتەوە بەناوی (ستۆدیۆ رەفیق) لە بازاڕی مەجیدبەگ نزیك سەرای سلێمانی، ئەرشیفی وێنەكانی مەحمودەفەندی باوكی دەوڵەمەند تر دەكات.
وێنەی زۆربەی قوتابخانە و بازاڕ و چایخانە و شوێنەگشتییەكان و سەیرانگا و بۆنە نەتەوەییەكان و كۆبونەوە خێزانییەكانی گرتووە وێنەی مەلیكی گرتووە كە ساڵی 1955 هاتۆتە سلێمانی وێنەی كارگەی چیمەنتۆی سەرچنار و سەدی دوكانی گرتووە لە بناغەوە تا تەواوبوونیان، وێنەی سەركردە كوردەكان و كەسایەتییە دیارەكانی سلێمانی گرتووە.

 

لە شاخیش لە وێنەگرتن دانابڕێت، چەندین وێنەی رۆژە سەختەكان و پێشمەرگە و سەركردەکانی گرتووە

 

ماوەی دوو ساڵ دەچێتە بەغدا لەگەڵ كابرایەكی ئەرمەنی كاری وێنەگرتن دەكات.
هەستی نیشتیمانپەروەری وای لێدەكات ساڵی 1962 پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلولەوە بكات لەگەڵ لوتفی برای دەبێت بە پێشمەرگە. لە شاخیش لە وێنەگرتن دانابڕێت، چەندین وێنەی رۆژە سەختەكان و پێشمەرگە و سەركردەی ناو لادێ و گوندەكانی گرتووە.
پاش دوو ساڵ دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی و ستۆدیۆكەی دەكاتەوە، دوای چەند ساڵێك دوكانەكەی دەگوازێتەوە كۆڵانی بەرامبەر ستۆدیۆكەی خۆی سەر چاپخانەی كاكەی فەلاح تا ساڵی(2013). 
لەهەمان كاتدا لە ساڵی 2009 لە قاتی خوارەوەی ماڵەكەیدا كە دەكەوێتە نزیك پاركی دایك گەلەریەك دەكاتەوە بەناوی (گەلەری فۆتۆ رەفیق) بۆ نمایشكردن و پاراستنی  هەموو وێنە و كامێرا و ئامێری چاپكردنی سەردەمی خۆی و مەحمودەفەندی باوكی لە سەردەمی مەحمودەفەندی وێنەكان ژمارەیان بۆ دانەنراوە، بەڵام لە سەرەتای پەنجاكان تا 2013 لای كاك رەفیق  تۆمار كراون و ئێستاش ماون لای   رزگاری كوڕی پارێزراون.
دواجار لە بەرەبەیانی 8/9/2020 ماڵ ئاوایی لە وێنەگرتن و خانەوادەكەی و سلێمانی كرد لە سەیوان لە تەنیشت محەمەد قودسی برای بەخاك سپێردرا.
لە پاش خۆی  خانەوادەكەی بەشێك لە ئەرشیفی چەند ساڵەی باوك و باپیریان سپارد بە بنكەی ژین و بەشێكی تریشی لای خۆیان پارێزراوە.

 

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان