هه‌وار فارس عزه‌دین، شانۆكار و په‌یامنێر له كه‌ناڵی كه‌ركوك، ئه‌ندامی كارای لقی كه‌ركوكی سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی عیراقه، هه‌روه‌ها ئه‌ندامی كارای لقی كه‌ركوكی سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستان و لێپرسراوی به‌شی كارگێڕيی دارایی لقه‌كه‌یه، ماوه‌ی 9 ساڵیشه له راگه‌یاندن به‌رده‌وامه.
هه‌وار فارس به دوالاپه‌ڕه‌ی وت: ماوه‌ی 9 ساڵه له راگه‌یاندن به‌رده‌وامم، له دوو ساڵی رابردوودا ئاماده‌كار و پێشكه‌شكاری پرۆگرامی (گه‌شتی هه‌وار) بووم، پرۆگرامه‌كه به‌رنامه‌یه‌كی وه‌رزشی و پڕ زانیاری شاخه‌وانی بوو بۆ ناوچه جیاجیاكانی كوردستان و ناساندنی شوێنه‌واره‌كان، هه‌روه‌ها پێشكه‌شكاری پرۆگرامی (تێك تاپ) بووم كه به‌رنامه‌یه‌كی ته‌كنه‌لۆژی بوو، ئێستاش وا ماوه‌ی 9 ساڵه، تاكه خانمم وه‌ك په‌یامنێری مه‌یدانی له كه‌ناڵی كه‌ركوك كارده‌كه‌م، خاوه‌نی بڕوانامه‌ی دبلۆمم له بواری شانۆ، بڕیاره دوو ساڵی داهاتووش بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس له فیلمسازیدا به‌ده‌ستبهێنم.
هه‌وار وتیشی: سه‌ره‌تای ئه‌زموونی ژیانم، وه‌كو وه‌رزشكارێك ده‌ركه‌وتم ماوه‌ی 15ساڵ یاریزانی تۆپی پێ و وه‌رزشه جیاوازه‌كانی دیكه بووم، راسته چه‌ندین ساڵه له‌و بوارانه خزمه‌ت ده‌كه‌م، به‌ڵام ناتوانم رێ به‌خۆم بده‌م بڵێم پسپۆڕیم له‌و بوارانه‌دا هه‌یه، چونكه من تا دوا ساتی كاركردنم له‌و بوارانه له قۆناغی فێربووندام و ئه‌زموون ده‌كه‌م، ئامانجم بۆ ژیان ئه‌وه‌یه بۆ نیشتمانه‌كه‌م به‌سوود بم، ده‌مه‌وێت له رێگه‌ی هونه‌ره‌كه‌مه‌وه كه‌لتوور فه‌رهه‌نگ و ده‌نگی كورد به جیهان بگه‌یه‌نم، له رێگه‌ی كاری میدیایمه‌وه ببمه پردێكی په‌یوه‌نديی باش له نێوان خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات، له‌ماوه‌ی 15ساڵی ئه‌زموونی هونه‌ریم به‌نزیكه‌یی له په‌نجا كاری هونه‌ریدا وه‌كو ئه‌كته‌ر به‌شداربووم.
دیانا ئه‌حمه‌د