قوتەیبە جبوری بۆ كوردستانی نوێ‌:

ناكۆكی نێوان سوننەكان هۆكاریی پڕنەكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانە

11:40 - 2024-05-07
عیراق
75 جار خوێندراوەتەوە
قوتەیبە جبوری

كوردستانی نوێ‌- ئیدریس جەبار 

 

قوتەیبە جبوری كەسایەتی سیاسی عیراقی و وەزیری پێشووی ژینگەی حكومەتی عیراق، باس لە هۆكاریی پڕنەكردنەوەی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات و پێیوایە، دووبەرەكی نێوان  سوننەكان رێكنەكەوتنیان لەسەر كەسایەتییەكی دیاریی كراو لەپشت پڕنەكردنەوەی پۆستەكەوەیە كە لەئێستادا لەلایەن موحسین مەندەلاوی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانەوە بە كاتی بەڕێوەدەبرێت، ئەمەش پاش خستنەوەی محەمەد حەلبوسی لە پۆستەكە.  

 

 

قوتەیبە جبوری لەبارەی ئەو پرسەوە بۆ كوردستانی نوێ‌ قسەی كرد و رایگەیاند:»ناكۆكی و دووبەرەكی نێوان فراكسیۆن و لایەنەكان و سیاسەتی سوننەكان،  هۆكاریی سەرەكی رێكنەكەوتنن لەسەر میكانیزمێكی روون بۆ دەستنیشانكردنی یەك كاندید بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، هەر كەسە و دەیەوێت پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بۆخۆی بپچڕێت، برایانمان لە (تەقەدوم) ئیدیعای ئەوە دەكەن ئەوان زۆرینەن لەڕووی ژمارەی كورسی پەرلەمان، بۆیە ئەوان خاوەنی راستەقینەنی پرسەكەن و دەبێت خۆیان كەسێك بۆ پڕكردنەوەی شوێنی محەمەد حەلبوسی دابنێن، بەرەی نەیاری حەلبوسی كە دژ بە پەیڕە و سیاسەتی ئەون و كۆمەڵێكن و نزیكەی 30 كورسی پەرلەمانیان هەیە و لە (عەزم) و (حەسم) و (سیادە) پێكدێن، بە هەمان شێوە كاندیدی خۆیان هەیە، بۆیە نەبوونی كۆدەنگی سوننەكان وایكردووە، هەر لایەنێك  لەو لایەنە دژ بە یەكانە لە هەڵبژاردنەكەدا، تاوانەكە بخاتە ئەستۆی ئەوی تر كە لە راستییدا بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی حزبییە كە لەڕێگەی ئەو پۆستەوە دەستەبەردەبێت». 
قوتەیبە جبوری، لەو بارەیەوە نمونە دەهێنێتەوە و دەڵێت:»حەلبوسی و تیمەكەی بەوپەڕی تواناوە هەوڵدەدەن، كاریگەریی لەسەر سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دروستبكەن، تا پەناببەن بۆ هەمواركردنی ماددەی 12 لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران كە گۆڕانكاریی تێدا بكرێت و لەكاتی دەنگداندا زۆرینە بەدەستبهێنێت، بڕگەكانی دانیشتنی پێشوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان هەڵدەوەشێنێتەوە و كاندیدە نوێیەكان بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان دەستنیشان دەكرێن، حەلبوسیش ئەمەی دەوێت، بە تایبەت لە دوای پاشەكشەكردنی شێخ كرەیم لەخۆكاندیدكردن بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان و بە هەمان شێوە وازهێنانی لە (تەقەدوم)». 

 

حەلبوسی و تیمەكەی بەوپەڕی تواناوە هەوڵدەدەن، كاریگەریی لەسەر سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دروستبكەن

بە بۆچوونی جبوری:»ئەم بابەتە رێگرییەكی زۆری بۆدروستبووە لەلایەن نەیارەكانی حەلبوسی كە دەڵێن ئەوان خاوەنی هەقن، چونكە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی روونە و ئاماژە بە پێویستی درێژەدان بە بەشی دووەمی دانیشتنەكەی پێشووی پەرلەمان دەكات و هەڵبژاردنی پۆستەكە لەنێوان سێ‌ كاندیدەكەدا قەتیس دەكات كە بریتین لە (عیساوی سالم، تەڵاڵ زۆبەعی، مەحمود مەشهەدانی)». 
قوتەیبە جبوری لە درێژەی قسەكانیدا وتی:»سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسەكە و گەیشتوونەتە ئەو ئاكامەی كە ناكرێت هەنگاو بەرەو هەمواركردنی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران بنرێت، بەجۆرێك كە ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە گەیشتنە ئەو ئەنجامەی ناكرێت بۆ هەر كێشەیەكی سیاسی، پەناببرێتە بەر پرۆسەی هەمواركردنەوەی یاسا، یان گۆڕینی رێنماییەكان، یان گۆڕینی سیستمە یاساییەكان كە دەبوو وەك بناغەیەك دامەزراوەكانی یاسادانان و راپەڕینی دەوڵەتیان لەسەر بنیاتبنرێن، ئەمەش لەلایەن زۆرینەی سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە رەتكرایەوە، بەڵام تائێستاش گوشارەكانی (تەقەدوم) لەو رووەوە لەسەر سەركردەكانی چاوارچێوەی هاوئاهەنگی بەردەوامن، لەپێناو گۆڕینی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ پێشكەشكردنی كاندیدی نوێ‌ بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان». 
بە وتەی جبوری:»ئەو پەرەسەندنەی لەماوەی ئەم چەند رۆژەدا لەو بارەیەوە هاتووەتەئارا، گفتووگۆكان لەنێوان سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی گەیشتوونەتە ئەو ئاكامەی لەگەڵ موحسین مەندەلاوی قسەبكرێت، تا داوای سازدانی كۆبوونەوەیەك بكات لەم هەفتەیەدا، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان، بەبێ‌ ئەوەی گۆڕانكاریی لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەراندا بكرێت و دانیشتنەكەش بەر لە كۆتایی پشووی یاسادانان بێت كە لە 9ی ئایارەوە دەستپێدەكات، ئەمەش گرنگترین رووداوەكانی پەیوەست بەو پرسەن تا ئەم ساتە».

بابەتە پەیوەندیدارەکان