لوتکەی تەندروستی کوردستان

دانانی بناغەیەک بۆ کاری پێکەوەیی و بنیاتنانی بڕیار بە داتا و زانیاری

11:46 - 2024-05-07
ڕاپۆرت
142 جار خوێندراوەتەوە
بەڕێوەچوونی لوتکەی تەندروستی کوردستان لە زانکۆی سلێمانی

کوردستانی نوێ

 

پسپۆڕانی 38 وڵات، 25 زانكۆی ناوخۆیی‌‌ و دەرەكی‌‌ و 14 رێكخراوی گەورەی نێودەوڵەتی لە لوتکەی تەندروستی کوردستان بەشدارییان كرد



لوتكەی تەندروستی كوردستان، تایبەت بە چاككردن‌ و ریفۆرم لە كەرت و سیستمی تەندروستیدا، بە پێشکەشکردنی كۆمەڵێك راسپاردە‌ و پێشنیازی تایبەت بە بەرەو پێشبردنی ئەو کەرتە لە هەرێم، بۆ وەزارەتی تەندروستی‌‌ و لایەنی پەیوەندیدار کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
لوتکەی تەندروستی کوردستان کۆنسێپتی لوتکەی تەندروستی جیهانییە، دوو ساڵ جارێک لە پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان بە چاودێریی لوتکەی تەندروستی جیهانی و بە سەرپەرشتی بۆردی زانستیی لوتکەکە سازدەکرێت.

ئامانجی لوتکەی تەندروستی
لە دەستپێکی لوتکەکەدا د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق رایگەیاند،  كەرتی تەندروستی لە هەموو جیهاندا بۆتە ئەركی حكومەت‌ و هەر دەسەڵاتێك، هەرچەندە تەكنۆلۆجیا پێشكەوتنی بەخۆوە بینیوە، بەڵام هەندێك كێشە هەر ماوەتەوە.
وتیشی: پیسبوونی ژینگە یەكێكە لەو بوارانەی زۆر باس دەكرێت، بۆیە گرنگە لەم جۆرە لوتكانەشدا گرنگی بە چاكبوونی ژینگە بدرێت لە هەموو جیهاندا، چونكە زۆربەی نەخۆشییەكانی ئەمڕۆ بەهۆی كاریگەریی خراپی ژینگەوەیە.
لوتکەی تەندروستی کوردستان رۆژی دووی ئەم مانگە لە زانکۆی سلێمانی بۆ ماوەی سێ رۆژ بەڕێوەچوو، نزیکەی دوو هەزار کەس لە پانێڵ، وۆرکشۆپ، چالاکی و کۆبوونەوەکانی لوتکەکەدا بەشداربوون کە گرنگترین بابەتەکانی سیستمی تەندروستی، خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، تەندروستیی گشتی و گۆڕانی کەشوهەوایان تاوتوێکرد.
جگە لە کەرتی تەندروستی، کەرتی خوێندنی باڵاش بە چالاکی بەشداربوون، ئامانجی لوتکەی تەندروستی دانانی بناغەیەکی باشە بۆ کاری پێکەوەیی و بنیاتنانی بڕیار لەسەر بنەمای داتا و زانیاریی ورد و پێویست.

بەشداربوانی لوتکەی تەندروستی
پڕۆفیسۆر تاکیان باڵیۆزی لوتکەی تەندروستی جیهانی لە لوتکەکەدا بەشداربوو و وتی:  ئاستی بەرزی رێکخستن و ناوەڕۆکی ئەجێنداکە سەرسامی کردووم و داوا لە بۆردی باڵای لوتکەی تەندروستی دەکەم بەردەوام بن و لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر پێشی بخەن.
لوتكەی تەندروستی یەكێكە لە كۆڕبەندە تەندروستییە پێشەنگەكانی هەرێمی كورستان‌ و بۆ ئەمساڵ تیایدا پسپۆڕانی 38 وڵات لەگەڵ 25 زانكۆی ناوخۆیی‌‌ و دەرەكی‌‌ و 14 رێكخراوی گەورەی نێودەوڵەتی بەشدارییان كرد.
د.عەبدولفەتاح هەورامی بەڕێوەبەری بۆردی لوتكەی تەندروستی كوردستان رایگەیاند،  ئامانجی سەرەكی ئەم لوتكەیە كۆكردنەوەی كەسە دانا و زانا و لێزانەكانە لە بواری كەرتی تەندروستی، تاوەكو بتوانن پێكەوە دەردەشەی لایەنەكانی تەندروستی كۆمەڵگە و تەندروستی تاك‌ و كۆمەڵگە لەسەر ئاستی هەرێم‌ و عیراقدا بكەن.
وتیشی، پاراستنی كەرتی تەندروستی بەرپرسیارێتییەكی تاكە كەسی نییە، بەڵكو گشتییە و لە لوتکەکەدا بڕیار بەدەستەكانی تەندروستی‌، رێكخراو، كەسایەتییە زانستی‌ و دامەزراوە ئەكادیمییەكان کۆکرابوونەوە بۆئەوەی پێكەوە بیر لە ریفۆرمی تەندروستی بكەنەوە، چونكە كەرتی تەندروستی بۆشایی زۆر گەورەی تێدایە‌ و پێویستی بە نەشتەرگەری كتوپڕ هەیە.

 

 بەڕێوەبەری بۆردی لوتكەی تەندروستی كوردستان:
كەرتی تەندروستی بۆشایی زۆر گەورەی تێدایە‌ و پێویستی بە نەشتەرگەری كتوپڕ هەیە

هێڵە زانستییە سەرەکییەکانی لوتکەکە
هێڵە زانستییە سەرەکییەکانی لە لوتکەی تەندروستی کوردستان باسیان لێوەکرا بریتی بوون لە:
*گۆڕانی کەشوهەوا.
* پیسبوونی هەوا و ئاسایشی ئاو.
* چاودێری بەرایی تەندروستی و پزیشکیی خێزانی.
* تیرۆری سپی (رووداوەکانی هاتوچۆ).
* ئالودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان.
* زیرەکی دەستکرد لە بواری پزیشکیدا.
* سەلامەتی و ئاسایشی خۆراک.
*تەندروستی منداڵان.
*زانکۆ چۆن پزیشک و تەندروستکاری باش بەرهەمدەهێنێت؟
*هاوئاهەنگیی نێوان سێکتەرە جیاوازەکان بۆ بەدەستهێنانی تەندروستییەکی گشتی باشتر و دوورکەوتنەوە لە نەخۆشکەوتن.
*دەروون دروستی.
*خزمەتگوزاری پەرستاری رۆحی کەرتی تەندروستییە.
*خانمان هۆکاری بەرەوپێشبردنی تەندروستی گشتین.
*سەلامەتی دەرمان.
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا و لە پێناو پێشخستن و باشترکردنی کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان، بۆردی باڵای لوتکەی تەندروستی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لیژنەی تەندروستی لە هەریەکە لە پەرلەمانی عیراق و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی عیراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان لوتکەی تەندروستی کوردستان رێکخراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان