ئەو ئەنجامە خراپانەی یانەی بارسیلۆنا بەگشتی ئەمساڵ تۆماریكردوون، بە مایەی زیانێكی گەورە بۆ یانەكە دەگەڕێتەوە.
ئەم ئەنجامە خراپانە كە پاڵەوانی سیناریۆكانیان چاڤی هێرناندێزی راهێنەرە و ئەكتەرەكانیش چەند یاریزانێكی تیپەكەن كە لە ئاستی ناو و ناوبانگی یانەكەدا نین، بوونەتە هۆی ئەوەی ئەمساڵ بارسیلۆنا لەهەموو نازناوێك بێ بەشبووە و تەنانەت پلەی دووەمی لالیگاشی لەدەستداوە و ئێستا سێیەمی ریزبەندیی لالیگایە.
ئەگەر تا كۆتایی وەرزی ئەمساڵ كە تەنیا 4 هەفتە لەیارییەكانی ماون بكرێن، بارسیلۆنا لە پلەی سێیەمیدا مایەوە، ئەوا:
*لە جامی سوپەری ئایندە بێ بەش دەبێت.
*لە خولی جامی شای ئیسپانیاشدا لە قۆناغی پلەی ئۆفەوە دەبێت دەست بەیارییەكانی بكات، دوو جەولە یاریی لەگەڵ یانە پلە سێ و پلە چوارەكان بكات تا دەگاتەوە قۆناغی 32 یانە، ئەمە لەكاتێكدا ساڵانی پێشوو لە قۆناغی 32 یانەوە بەشداریی دەكرد كە ئەم قۆناغە پاش سێ قۆناغی بەرایی لە یارییەكان دەستپێدەكات.
*لە چامپیۆنس لیگی وەرزی ئایندەشدا راستەوخۆ ناگاتە قۆناغی گروپەكان، بەڵكو دەبێت بەشداریی قۆناغێكی یارییە بەراییەكان بكات.
*هەرلە پای ئەم ئەنجامە خراپانەوە بارسیلۆنا لە پاڵەوانێتیی جامی مۆندیالی یانەكانیش بێ بەشبوو.
ئەم زیاد بوونی بەشدارییكردنەی بارسیلۆنا لەو خولانەدا، دەبێتە هۆی ماندوو كردنی تیپەكە و یارییەكانی هەر لە سەرتای وەرزەوە چڕ و پڕ دەبن و یاریزانەكان ماندوو دەبن.
زیانە مادییەكان
جگەلەوانەی باسكران، بارسیلۆنا زیانی زۆری مادییش دەكات، زیانەكانیش هێندێكیان بەمشێوەیەن و بڕەكانیان بەو شێوەیەیە كە نووسراون:
*50 ملیۆن زیانی ئەوەی بەردەكەوێت كە نەگەیشتۆتە مۆندیالی یانەكان.
*2:8 ملیۆن یۆرۆ زیان دەكات چونكە لە چامپیۆنس لیگدا بەشاختار دۆڕا.
*2:8 ملیۆن یۆرۆ زیان دەكات چونكە لە چامپیۆنس لیگدا بەئەنترۆیپ دۆڕا.
*6 تا 8 ملیۆن یۆرۆ زیانی بەردەكەوێت ئەگەر نەگاتە یارییەكانی جامی سوپەری ئیسپانیا.
*1 تا 2 ملیۆن یۆرۆ زیانی تر دەكات ئەگەر پلەی سێیەمی لالیگا بگرێت.
ئەگەر ئەم بڕە پارانەش كۆبكەینەوە كە نزیكەی 60 ملیۆن یۆرۆ دەكات و لەسەردەست و لە سەردەمی چاڤی هێرناندێزدا ئەم زیانە گەورەیە دەكات، لە 15 ساڵی رابردوودا هێندە زیانی نەكردووە.