بەرەو 49 هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەكێتی..

لەتیف نێروەیی بۆ كوردستانی نوێ: پێش یادەكە دەست بە چالاكییەكان دەكەین

10:06 - 2024-05-19
کوردستان
124 جار خوێندراوەتەوە

ئازاد ئیبراهیم


یەكێتی، ئامادەكاری پێشوەختە بۆ ساڵڕۆژی دامەزراندنی دەكات.
لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن لە مەكتەبی راگەیاندن و هوشیاریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ رایگەیاند: بۆ 49 هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەكو میدیای یەكێتی و بۆردی راگەیاندنی یەكێتی و مەكتەبی راگەیاندن و هوشیاری، كۆبوونەوەی ئەنجومەنمان كردووە و پاشان لیژنەیەك پێكهێنراوە و دەمانەوێت ئەمساڵ تا رادەیەك جیاوازتر لە ساڵانی رابردوو ئەم یادە بكەینەوە.
وتیشی «بەرنامەكەمان وەهایە پێش یادەكە دەست بە چالاكییەكان دەكەین و هەفتەیەك زیاتر دەخایەنێت، بەرنامەكەشمان چڕكردۆتەوە لەسەر سێ قۆناغ، بەشێكی بۆ مێژووی یەكێتی و رۆڵی سەرۆك مام جەلال لە دامەزراندنی یەكێتی و ئەو ماوەیەی مام جەلال پێشەنگی كاروانی خەبات بووە»
تەئكیددەكاتەوە، نوێنەرمان لە لیژنەی باڵادا دەبێت بۆ ئامادەكارییەكانی بیرەوەرییەكانی یەكێتی، تا بتوانین رووماڵی ئەو رێوڕەسمانە بكەین كە لەسەر هەموو ئاستەكانی حزبی دەكرێن، بەتایبەت لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ بەشێكی زۆری لاپەڕەكانی تەرخان دەكرێت بۆ ئەم یادە، هەر لەم یادەدا ئێمە بۆچوونی نوخبەیەك لە سیاسەتمەدار و كەسایەتی و رۆشنبیریی عەرەبی و توركمانی و مەسیحی وەردەگرین، كۆمەڵێك كەسایەتی و سیاسیی حزبەكانی كوردستانیش بانگهێشت دەكەین هەم بۆ قسەكردن لەسەر یادەكە و هەم رۆڵی مێژوویی سەرۆك مام جەلال.

بابەتە پەیوەندیدارەکان