ژنە شۆڕشگێڕە گومناوەکان

10:44 - 2022-06-25
ڕاپۆرت
352 جار خوێندراوەتەوە
رێزان مستەفا عەلی خاڵ

ئا: نەسرین كوردە
ژنانی گومناوی کاروانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان لێرەدا باسی خەباتی ژنی تێکۆشەری ماندونەناس و دڵسۆزی گەل و نیشتمان و کوردستان دەکەین کە هاوکاری باوک و هاوسەر و براو کوڕیان بوون وەک تەتەری ناو شاخ و شار خۆڕاگری و خەباتی خۆیان دەگێڕنەوە.


کار و خەبات
ژنێکی دیکە لەو ژنە شۆڕشگێڕانە رێزان مستەفا عەلی خاڵ-ە لە ساڵی  1965  لەدایکبووە و خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە، لە بنەماڵەیەكی دیارو نیشتمان پەروەردا گەورەبووە، ئەو دەڵێت: ساڵی 1982 پەیوەندیمكردووە بە ریزەكانی ( ی ن ك) لەشاری سلێمانی لە رێی شەهیدی برام ( د. خەسرەو خاڵ) كە هەر لە منداڵیەوە لە ماڵی ئەودا گەورەبووم لەگەڵ بەڕێز كاك دلێر ئەحمەد شكوری ناسراو بە هاورێ (سەلیم) کە بەرپرسم بوو، سەرەتای ساڵی هەشتاكان زۆر چالاكانە كاری رێكخراوەیم كردووە، هەروەها بەشداریمكردووە لە خۆپێشاندانەكانی ساڵی (1981 - 1982) لەكاتێكدا خوێندكاری ئامادەیی سلێمانی كچان بووم یەكێك بووم لە رێكخەرانی خۆپێشاندانەكان.
ئەو ژنە باس لەوە دەکات کە سەرباری خۆپیشاندانەکان بەیاننامەی بڵاو كردۆتەوە لە خوێندنگاكەی و ئەو گەڕەكەش كە تێیدا نیشتەجێ بووە لە گردی سەرچنار، رێزان مستەفا دەڵێت: زۆربەی جار شەوان سەعات ( 2 ) ی شەو بەسەرپەرشتی كاك خەسرەوی برام كاری رێكخراوەیم كردووە و لە ماڵی ئەودا چەندین جار كۆبوونەوەی حزبی کراوە، هەر كارێك شەهیدی ( جوانە مەرگ د. خەسرەو ) پێی راسپاردبێتم کردوومە، دوو جار بەهۆی بڵاوكردنەوەی بەیاناتاوە مەترسی كەوتۆتە سەر ژیانم، كاتێك لە ئامادەیی سلێمانی كچان بووم دووچاری  ناڕەحەتیەكی زۆر بووم و مامۆستا ئەختەر كە خێزانی كاك خەسرەوی برامە ئاگاداری مەسەلەكە بوو زۆر بە سەختی رزگارم بوو هەرچەند بۆ من یەكەمجار نەبوو رووبەڕووی مەترسی و ترس و دڵەراوكێ ببمەوە.
ژیانێکی سەخت
ئەو ژنە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ساڵی 1984 كاكم ناچاربوو رووبكاتە شاخ ئێمە لە ماڵی مامم ( شێخ محەمەدی خاڵ ) دەژیاین و ئەو كات لە زانكۆ وەرگیرابووم شوومکرد بە ( ئاسۆ ) كە برای شەهید د. ئازاد-ی ناسراو بە ( د . هێمن )ە ئەویش خۆی هەر لە ریزەكانی ( ی ن  ك) بوو، هەروەها ساڵی (1987) فەرمانی گرتنمان بۆ دەرچوو لەلایەن رژێمی بەعسەوە بەهۆی كاك دكتۆری برامەوە و برای هاوسەرەكەمەوە د. ئازاد و كاك فەرەیدون عەبدولقادر كە پورزای هاوسەرەكەمە ناچار روومان كردە هەولێر و نەمانتوانی هیچ شتێك لەگەڵ خۆمان ببەین و ماڵمان داگیركرا لەلایەن جاشەكانی رژێمی بەعسەوە کە ناوی (عەلە لوت ماسی) بوو ئیتر كەوتینە دۆخێکی زۆر سەختەوە و زانكۆم زۆر بە زەحمەت تەواو كرد و هەرچەندە نمرەی دەرچوونم باش بوو دەمتوانی خوێندنی باڵا تەواو بكەم، بەڵام رژێمی بەعس رێگەی نەدا، لەكاری رێكخراوەی بەردەوام بووم زۆر جار لە رێی شەهید (كاك جەباری حاجی رەشید)ەوە دەهاتە هەولێر و سەردانی دەكردین كارەكانمان دەکرد.
سەرباری ئەو كارانەی كردوومە چەندین كاری نهێنی تر هاوشانی هاورێكانم کردوومە وەك كۆكردنەوەی رۆژانەی خۆمان و داودەرمانمان پێ دەكڕی و دەمان نارد بۆ شاخ بۆ پێشمەرگە.
راپەڕینە مەزنەکە
لەكاتی راپەرینە مەزنەكەدا ئێمە لەشاری هەولێر بووین بە حكومی زروفی ساڵانی رژێمی بەعس و لەكاتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران لەلایەن كاك (  كۆسرەت رەسول ) هاوسەرەكەم ئەو کاتە بەڕێوەبەری نوسینگەكەی بوو، بۆیە لەكاتی شەڕی ناوخۆ ناچاربووین رووبكەینە دەرەوەی عیراق و دووبارە ماڵ و حاڵمان تیاچوو روومان كردە ( وڵاتی لیبیا ) بەناچاری و ساڵی ( 2002 ) گەڕاینەوە كوردستان، ئێستاشی لەگەڵ دا بێت لە كاری رێكخراوەیی بەردەوامم و بەشداری كۆبوونەوەكان دەکەم و ئەندامی لیژنەی ژنانی مەڵبەندم.

بابەتە پەیوەندیدارەکان