د. هەرێم عوسمان
قەدری جان لە مناڵییەوە بە گوێگرتن لە چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان لە زاری خەجێی دراوسێیانەوە پێدەگات و ئەمەش سەرەتای بیرەوەرییە تاڵەکانییەتی
ناوەڕۆکی دەقە شیعرییەکانی قەدری جان بەشێوەیەکی گشتی و زۆرینەیان گوزارشت لە هەستی خۆشەویستیی کەسێکی ئاوارە و دوورە وڵات بۆ گەل و نیشتمانەکەی دەکەن
قەدری جان ژیان و بەرهەم ناونیشانی نامەی ماستەری (مەریوان عومەر دەوڵەت)ە، بە سەرپەرشتی (پ. د. عیزەدین مستەفا رەسووڵ) ساڵی 2003 پێشکەشی کۆلێژی زمانی زانکۆی سلێمانی کردووە. نامەکە لە سێ بەش پێکهاتووە.
1
بەشی یەکەم، لە دوو پار پێکدێت، یەکەم بۆ پێداچوونەوە بە کۆنترین تا تازەترین سەرچاوەکان لەسەر قەدری جان تەرخانکراوە، کە 26 نووسراوەیە بە زمانە جیاوازەکان و کۆنترینیان بۆ ساڵی 1954 دەگەڕێتەوە، کە روشن بەدرخان بە عەرەبی نووسیوێتی. دواتر لە رۆژنامەی ژین دوو نووسراو، یەکیان لەسەر زیندانیکردنی، دووەم د. عیزەدین مستەفا رەسووڵ هەواڵی مەرگی و ژیاننامەی ئەدەبی و یادەوەرییەکانی خۆی لەگەڵ شاعیر بڵاو دەکاتەوە. لەو نووسراوانەی تردا ئاماژە بە رابەرێتی قەدری جان لە شیعری نوێی کوردی پێش گۆران کراوە و رۆڵی لە وەرگێڕان و نووسینی وتاردا دەرخراوە، سێ زمانی عەرەبی، تورکی و فەرەنسی زانیوە. هەروەها خەباتی شاعیر بۆ مافەکانی کورد دژی رژێمی تورکیا و خەون و کاری بۆ سەربەخۆیی کوردستان باسکراوە، لەبەرئەوە کەسێتی قەدری جان تێهەڵکێشی ئەدەب و سیاسەتە، هەروەها (ئەدیب چەلکی) لە نووسینێکیدا، ساڵی لەدایکبوونی شاعیر بە دروستی کە 1911 یە دیاریدەکات. لە پاری دووەمدا توێژەر ژیاننامەی شاعیر لە سێ ئەرشیفی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەدەبیدا بەسەر دەکاتەوە.
قەدری جان ناوی قادر مەحەمەد عەزیز جان، جان نازناوی بنەماڵەکەیانە لە 1911 لە دێرک لەدایکبووە. شاعیر لە مناڵیدا بەهۆی لاساریی و درۆوە دەبێتە هۆی مردنی براکەی و دوو هاوەڵی مناڵی کە ئەمانەش کاریگەرییان لەسەری دەبێت و خۆشی لە سێ چیرۆکدا ئاماژەی پێدەکات و دەڵێ کە دایکی ژنێکی تووڕە و سەرکێش بووە، بەڵام باوکی لاواز و بێدەسەڵات بووە. هەروەها قەدری جان یەکەم شیعری خۆی لە پاشکۆی چیرۆکێکدا دەنووسێت:
ژین چقاس دەلالە
دنێڤ باڤ و براندا
دل هەیە کونەنالە
بەر برینێن رماندا
هەروەها لە شیعرێکی تریدا هەستی غەریبی لە بێ دایکی و بێ نیشتمانیدا گرێی دەدا و دەریدەخات. هاوکات شاعیر لە 1934 دەبێتە مامۆستا و لە 1939 هاوسەرگیری دەکات، هەروەها زۆر پەرۆشی مافی منداڵ بووە و چەندین بەرهەمی بۆ ئەم مەبەستە نووسیوە و خۆشی سێ زارۆکی هەبووە.
لە ئەرشیفی سیاسیدا قەدری جان رۆڵێکی کارای بینیوە لە رووبەڕووبوونەوەی ستەم و نادادیی داگیرکەران دژی کورد، کە نەتەوەیەکی دابەشبووە و بەتایبەتیش بەشی باکور، شاعیر لەم دەڤەرەدا چالاکیی سیاسی و رێکخراوەیی ئەنجام داوە، هانی گەنجانی بۆ ڕاپەڕین دژی تورکیا داوە. شاعیر لە خەباتی سیاسیدا لەگەڵ رەشید کورد (رەشۆ) روو دەکەنە سوریا و لەوێ لەگەڵ ماڵ و ماڵباتی بەدرخانییەکان گەشتی سیاسی و رۆشنبیرییان درێژە پێدەدەن. دیارە شاعیر لەسەرەتای 1932 کاری سیاسی دەستپێدەکات و تا مردن بەردەوام دەبێت. شاعیر ئەندامی کۆمەڵەی خۆیبوون و سکرتێری پێشڤەچوون بووە. عیزەدین مستەفا رەسوڵ دەنووسێ ژیانی سیاسی قەدری جان تێکەڵ بە کاری ئەدەبی و شیعری نیشتمانی و هاوکاری رۆژنامەگەریی بوو، تا لە باکووری کوردستان و شارەکانی تورکیا بوو لە ریزی لاوە کوردپەروەرەکاندا، کاری بە گشتی کوردایەتی بڵاوکردنەوەو، کە هاتە سوریا حیزبی «خۆیبوون». هەروەها لە ساڵی 1957 بەشداری لە فیستڤاڵی لاوانی جیهان لە مۆسکۆ دەکات و شیعری «ئەز دچم بۆ مۆسکۆ» دەنووسێت، شاعیر لە ژیانیدا چاوی بە چەندین کەسایەتی سیاسی و ئەدەبی کەوتووە، لەوانە قاسملو، بارزانی، نازم حیکمەت، بەیاتی و جەواهیری.. شاعیر لە ژیانیدا چەند جار زیندانی کراوە لە 1959 تا 1961 بەهۆی چالاکی سیاسییەوە دەگیرێت، پرۆفیسۆر قەناتی کوردۆ لەو بارەیەوە دەڵێ قەدری جان لەسەر ئەو بیروباوەڕانەی گەلێ جار بەدەستی داگیرکەر گیراوە، وەلێ نە تاریکی زیندان، نە ئەشکەنجە نە لێدان نەیانتوانیوە ئەو بڵێسەی کە لەدڵی شاعیردا هەبووە خامۆش بکەن.
لە ئەرشیفی ئەدەبیدا، قەدری جان لە مناڵییەوە بە گوێگرتن لە چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان لە زاری خەجێی دراوسێیانەوە پێدەگات و ئەمەش سەرەتای بیرەوەرییە تاڵەکانییەتی، کە بۆ ئەوەی هەقی گوێگرتنی هەبێت، دزی لە ماڵەوەیان دەکات و دەیخاتە ئەستۆی براکەی، دایکیشی دوو زلەی توند لە براکەی دەدات و نەخۆش دەکەوێت و دواتر دەمرێت. ئەم قوربانییە، تا کۆتایی ژیانی ئەدەبی لە هزر و بیرەوەری شاعیردا دەبێتە هۆی داهێنانی ئەدەبی. شاعیربوونی قەدری بۆ بەشداریی دنیای سیاسەت دەگەڕێتەوە، لەبەرئەوە سەرجەم شیعرەکانیشی نەتەوەیی و سیاسین. شاعیر لە 1932 دەست بە بڵاوکردنەوەی شیعر و وتار و چیرۆک دەکات، 33 شیعر و 13 چیرۆک بڵاو دەکاتەوە، هەروەها شیعر و چیرۆک بۆ مناڵانیش دەنووسێت. شیعرەکانی نەتەوەیین، بەڵام چیرۆکەکانی زیاتر ژیان و بیرەوەرییەکانی و لایەنی کۆمەڵایەتی لەخۆدەگرێت. هاوکات وەرگێڕانیشی لە عەرەبی، تورکی و فەرەنسییەوە کردووە.
2
بەشی دووەم، لە پاری یەکەمدا توێژەر بە گشتی باسی نوێکردنەوەی شیعری کوردی دەکات، کە بە کاریگەریی ئەدەبی تورکی بووە، هەروەها رۆڵی قەدری جان و د. کامەران بەدرخان و گۆران نیشان دەدات. لە پاری دووەمدا ناوەڕۆکی شیعرەکانی شاعیر باس دەکات و دەڵێ ناوەڕۆکی دەقە شیعرییەکانی قەدری جان بەشێوەیەکی گشتی و زۆرینەیان گوزارشت لە هەستی خۆشەویستیی کەسێکی ئاوارە و دوورە وڵات بۆ گەل و نیشتمانەکەی دەکەن، زۆربەی شیعرەکانی تابلۆی رەوش و واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد و باری جوگرافیای گشتیی کوردستان بە خامەی بەپێزی کێشاوە. ئەم هەستە نەتەوەییەش تێهەڵکێشی رێبازی سۆسیالیزم دەکات. توێژەر پێیوایە شیعرەکانی لە سییەکاندا رەنگدانەوەی ئاوارەیی و غەریبیە، لە چلەکاندا ئەمە دەگۆڕێت. هەروەها ئاماژە بەو نامە شیعرییانەی قەدری جان بۆ شاعیرانی هاوچەرخی وەک عوسمان سەبری و ئەمین عالی بەدرخان و جگەر خوێن دەکات. پاشان باسی چیرۆکە شیعرییەکانی شاعیر دەکات، کە خۆی بە مەجنون و یاریش بە لەیلێ دەچوێنێت:
فەلەکا ڤاژی چەرخا گەراند
لەیلا و مەجنون ژنک هەڤ قەتاند
ئەز مەجنون رێوی، ل دووما لەیلا
ل دووما ل یارا دلارا
هەروەها شاعیر چەند شیعری شینگێڕیی بۆ گیانی هاوڕێ و هاوخەباتەکانی دەنووسێت. لە ساڵی 1947 لە گۆڤاری گەلاوێژ شیعرێک بۆ لە سێدارەدانی قازی محەمەد دەنوسێ و ڕەخنە لە شیعری شاعیران دەگرێت و دەنووسێ:
نیشتمان بریندارە لەبەرچاوان سێدارە
وەختی عاشقانە نییە وەختی مەستانە نییە
شاعیر لە شیعرەکەدا رەخنە لە ئەمریکا دەگرێت کە بۆمبی ئەتۆمی هەیە و دژی روسیا وەستاوەتەوە و هاوسەنگی هێز نەماوە، هەروەها لەو شیعرانەی بۆ مۆسکۆی دەنووسێ، دیسان ستایشی پێشکەوتنی روسیا و پێکەوەژیان لەو وڵاتە دەکات. لە کۆتایی پاری دوودا توێژەر دەقە شیعرییەکانی شاعیر بە پێی رێبازە ئەدەبییەکان پۆلێن دەکات، کە 14 یان رۆمانتیکە 15شیان جۆرەکانی ریالیزمە. لە پاری سێ ئاماژە بە ئاواز، زمان و وێنەی شیعریی شاعیر دەکات، کە یەکەم ئەزموونی شیعری شاعیر بە کێشی خۆماڵی بووە، قاڵبی چوارین و سەروای هەمەڕەنگیشی بەکارهێناوە، هاوکات زمانی شیعریشی وێڕای لایەنی هونەری، پابەند بە گەیاندنی پەیامی نەتەوەیی بووە و تێهەڵکێشی زارەکانی کردووە و تەنانەت شیعرێکیشی بە شێوەی سۆرانی نووسیوە.
3
بەشی سێیەم، لە چوار پار پێکهاتووە و توێژەر بۆ ناوەڕۆک و لایەنی هونەری چیرۆکەکانی قەدری جانی تەرخان کردووە، جگە لەپاری کۆتایی کە تایبەتە چیرۆک و وتارەکانی بۆ مناڵان. چیرۆکی هونەری لە سەرەتای سەدەی بیستدا پاش هەوڵەکانی مەلا مەحمودی بایەزیدا، بەهۆی رۆژنامەگەریی کوردییەوە توانی هەنگاوێکی بەرز بنێت، جەمیل سائیب و میر جەلادەت بەدرخان لە دەستپێکی ئەو هەوڵەدان. گۆڤاری هاوار کە 57 ژمارەی لێدەرچووە، توانیوێتی 59 چیرۆک بڵاوبکاتەوە، کە 6یان هی قەدری جان بووە و هەر ئەویش دەستپێشخەری لە نووسینی کورتیلە چیرۆکدا کردووە.
قەدری جان 11 چیرۆکی بڵاوکردۆتەوە و یەکەمیان لە گۆڤاری هاوار لە ساڵی 1932 بە ناونیشانی «هاوار هەبە گازی ل دوویە»، ناوەڕۆکی چیرۆکەکانی زیاتر کۆمەڵایەتی، سروشتی کوردستان و سیاسین. هەروەها تەکنیکی جیاوازی بەکارهێناوە، لە جێناوی تۆ، تا تەکنیکی خەون، کە ئەمەش نوێخوازییە و قەدری جان لە 4 چیرۆکیدا بەکاریهێناوە. توێژەر پێیوایە شیعرەکانی زیاتر پەیامێکی سیاسییان هەبووە، بەڵام لە چیرۆکەکانیدا، کەمتر ئەم حاڵەتە دەبینین، بابەتەکانی ئەم چیرۆکانە سەبارەت بە رۆژگاری رابردووی و پەیوەندییە جڤاکییەکان و بابەتگەلێکی وەک ئافرەت، خۆشەویستی و بەهای رەوشتی دەبینێتەوە. چنینی چیرۆکەکانی سادەن و کاراکتەرەکانی هەڵقوڵاوی واقیعن، یان خەون بە واقیعێکی باشترەوە دەبینن.
قەدری جان لە ئەدەبی مناڵانیشدا رۆڵێکی کارای بینیوە، وێڕای بەشداریی لە نامیلکەی (ئەلفابێیا کوردی) کردووە، کە بە چیرۆک و وتارەکانی بۆ مناڵان توانیوێتی هەستێکی بەرزی ئینسانی و نیشتمانپەروەری لەلایەن پەروەردە بکات. قەدری جان 4 وتار سەبارەت بە وەرزەکانی ساڵ دەنووسێت. هاوکات قەدری جان لەبواری نووسینی وتاریشدا رۆڵێکی کارای هەبووە و زیاتر لە 11 وتاری نووسیوە. لە کۆتاییدا توێژەر بە چەند خاڵێک ئەنجامی نامەکەی دەخاتەڕوو، کە تەواوی شیعرەکانی بە کێشی خۆماڵی نووسیوە و هەمووی تەرخانە بۆ دۆزی کورد و رێبازی سۆسیالیزم، فرەبەرهەم و کاری قەدری جان کە وێڕای شیعر، چیرۆک، وتار و وەرگێڕانیشی ئەنجام داوە.