بەراورد بە ساڵى رابردوو، ئەمساڵ قوربانیکردن لە هەرێمى کوردستان لە کوشتارگە رەسمییەکاندا 50% کەمیکردووە.
هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر، رایگەیاند، لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا تاوەکو کاتژمێر 12ى نیوەڕۆ 63 سەر ئاژەڵى گەورە و 196 سەر ئاژەڵی بچووکیان سەربڕیوە. بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەکە 50% کەمیکردووە.
هاوکات بەڕێوەبەری کارگێڕیی کوشتارگەی سلێمانی وتی، لە یەکەم رۆژدا تەنیا سێ هاووڵاتی قوربانییان کردووە، 407 سەر ئاژەڵەکەى دیکە لەلایەن رێکخراوەکانەوە هێنراون بۆ قوربانی.
هەروەها، دڵنیا فاروق بەڕێوەبەری ڤێرتێرنەریی پارێزگاى هەڵەبجە رایگەیاند، رێژەی قوربانیی بەراورد بە ساڵی رابردوو لە سنوورى پارێزگاکەدا، %50 کەمیکردووە و لەیەکەم رۆژی جەژندا تاوەکو کاتژمێر 8ی شەو، تەنیا 82 سەر ئاژەڵ کراون بە قوربانی.