لەسەر هێرشكردنە سەر دروزەكان لە پارێزگای سوەیدای باشووری سوریا، سوپای ئیسرائیل گورزێكی توندی لە حكومەتی سوریا وەشاند و كۆمەڵگەی وەزارەتی بەرگری و كۆشكی سەرۆكایەتی لە دیمەشق و چەند ئامانجێكی حكومی و ئەمنی لە پارێزگای دەرعا و دەوروبەری و هێزەكانی حكومەتی لە ریفی سوەیدا، بۆردومانكرد.
دیمەنەكانی بۆردومانەكان هەر زوو لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە بڵاوبوونەوە، كە فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بە چڕی و بەشێوەیەكی ورد، ئامانجەكان لە دیمەشق دەپێكن، بەگوێرەی زانیارییەكانی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤیش، دەیان كوژراو و بریندار هەن، كە چەند كەسێكیان پلەداری سەربازین و كراونەتە ئامانج.
لەم چوارچێوەیەدا بنیامین ناتانیاهو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، داوای لە دروزەكانی ئیسرائیل كرد دان بە خۆیاندا بگرن و سنوور بە ئاراستەی سوریا نەبەزێنن، چونكە دۆخی باشووری ئەو وڵاتە زۆر مەترسیدارە، وتیشی: «لێگەڕێن با سوپا كاری خۆی بكات».
لەلایەن خۆیەوە، یسرائیل كاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بەڵێنیدا هێرشی ئازاربەخش بكەنەسەر سوریا، راشیگەیاند: سوپای ئیسرائیل بە بەهێزی بەردەوامدەبێت لە تێكشكاندنی ئەو هێزانەی پەلاماری دروزەكانیان دا، ئەو كارەی سوپاكەشیان درێژەی دەبێت تا بە تەواوەتی هێزە پەلاماردەرەكەی سەر سوەیدا پاشەكشێ دەكات.
ئێوارەی دوێنێش هەواڵ و زانیاری سەرەتایی هەبوون لەبارەی هاتنەئارای رێككەوتن لەبارەی سوەیدا و وەستانی شەڕ لەو پارێزگایەی باشووری سوریا.
لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی سوریا رایگەیاند: لە بەرامبەر بۆردومانەكانی ئیسرائیل، حكومەتی سوریا هەموو مافێكی رەوای هەیە بۆ بەرگریكردن لە خاكەكەی و گەلەكەی بە هەموو ئامرازێك، كە بە یاسای نێودەوڵەتی مسۆگەركراوە.
كوردستانی نوێ