رۆڵ و تێكۆشانی فەرماندەكانی هێزی یەدەگ بەرزنرخێنرا

11:10 - 2025-07-17
کوردستان
60 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ، ئاسۆ مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ی.ن.ك، لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی، لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگەی یەدەگ، كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، كە ژمارەیەك لە هەڤاڵانی سەركردایەتی و سەركردە دێرینەكانی یەكێتی ئامادەیبوون، سەرەتا وەستا رەسوڵ فەرماندەی فەرماندەیی هێزی یەدەگ، لە وتەیەكدا باسی لە رۆڵی گرنگی فەرماندەكانی هێزی یەدەگ كرد، كە بەردەوام نەخشی بەرچاویان هەبووە لە پاراستنی دەستكەوتەكانی خەڵكی كوردستان و سەربازێكی ئامادەبوون بۆ داكۆكیكردن لە خاك و سەروەریی هەرێم، ستایشی رۆڵی شێخ جەعفەر شێخ مستەفاشی كرد لە پشتیوانیكردنی فەرماندەیی هێزی یەدەگ و گرنگیدان بە ئەرك و مافەكانی هەڤاڵانی فەرماندەیی و كۆكردنەوەیان لەكات و ساتی پێویستدا. 
دواتر، ئاسۆ مامەند، خەباتی بێوچانی ئەندامانی هێزی یەدەگی بەرزنرخاند و پێیڕاگەیاندن: ئێوە لە هەموو كەسێك زیاتر خاوەنی قوربانی و تێكۆشانی میللەتەكەمانن و دڵسۆزی دەستكەوتەكانن. تیشكیشی خستەسەر دواپێشهاتە سیاسییەكان، بەتایبەتی هەوڵەكانی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی بەئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، كە چاوەڕێ دەكرێت كۆتایی بە مەینەتییەكانی مووچەخۆران بهێنێت. باسی لەوەشكرد یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سەختیی بارودۆخ و بژێویی خەڵك تێدەگات و هەموو هەوڵەكانی بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی گرفتەكان و هێوركردنەوەی دۆخەكە چڕكردووەتەوە، ئەوەش بە ئەرك و كاری لەپێشینەی خۆی دەزانێت.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، مەحمود سەنگاوی سەركردەی دێرینی یەكێتی، وتەیەكی پێشكەشكرد. دواتر ژمارەیەك لە فەرماندەكانی هێزی یەدەگ، پرسیار و سەرنجەكانیان خستەڕوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان