راپۆرتی / ئەیاز هەركی
دوای داگیركردنی سەرێ كانی و گرێ سپی لە رۆژئاوای كوردستان لە ساڵی 2019، ئاویی پرۆژەی بیرەكانی عەلووك لەلایەن چەكدارانی ناوچەكەوە بڕدرا، كە سەرچاوەی سەرەكیی ئاوی خواردنەوە بوو، بۆ دانیشتووانی حەسەكە. هەموو ساڵێك لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین، دۆخی هاووڵاتیان خراپتر دەبێت و خەڵك ناچار دەبن ئاوی خواردنەوە لە تەنكەرەكان بە نرخێكی گران بكڕن، سەرەڕای هەموو قەیرانەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان.
قەیرانی ئاوی خواردنەوە لە شاری حەسەكە
رۆژنامەنووس دلبرین موسا لە شاری حەسەكە، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: حەسەكە بە پلەی یەكەم پشت بە وێستگەی ئاویی عەلووك دەبەستێت، كە سەرچاوەی سەرەكی ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتیانی شارەكە و دەورووبەریەتی، چ پێش قەیرانی سوریا و چ لە سەردەمی قەیرانی سوریادا. وێستگەكە لە 34 بیر پێكهاتبوو كە لە سەرەتای ساڵانی 2000دا دامەزرابوو، بە مەبەستی كەمكردنەوەی پشتبەستن بە ئاوی سەرزەوی لە رووباری خاپور، كە ئاستی ئاوەكەی وردە وردە دابەزیبوو، بەتایبەتی بەهۆی تێكچوونی كوالێتی ئاوەكەی. وێستگەی ئاوی عەلووك بووەتە تاكە سەرچاوەی ئاو بۆ زیاتر لە 800 هەزار كەس لە شاری حەسەكە و گوندەكانی دەورووبەری، وێستگەكە دەكەوێتە گوندەكانی سەرێ كانی.
گۆڕانكارییەكانی دوای ساڵی2019 و سەرهەڵدانی قەیرانی كەم ئاویی
وتیشی: لە كۆتایی ساڵی 2019ەوە، دوای ئەوەی هێزەكانی توركیا و گروپە پشتیوانەكانیان لە هێرشێكی سەربازیدا گرێ سپی و سەرێ كانییان داگیركرد، وێستگەی ئاوی عەلووك كەوتە ژێر كۆنتڕۆڵی ئەوانەوە، لەو كاتەوە ئاوی خواردنەوەی بیرەكانی عەلووك پچڕپچڕ دەهات، بەڵام بڕینی كارەبای وێستگەكە كێشەكەی زیاتر كردووە، هەروەها لە ناوەڕاستی ساڵی 2024 وێستگەی ئاویی عەلووك بۆ هەمیشە داخرا و قەیرانی كەم ئاویی پارێزگای حەسەكە زیاتر بوو.
بە بۆچوونی چاودێرانی سیاسی، بڕینی ئاویی پرۆژەی بیرەكانی عەلووك بە پلەی یەكەم سیاسی و سەربازییە و خەڵكی سڤیل لە حەسەكە و دەورووبەری بوونەتە قوربانی و وەك چەكێك دژ بە هاووڵاتیانی ئەو شارە بەكاردەهێنرێت.
بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاوییەكانی ئیدارەی خۆسەر پرۆژەی هەڵكەندنی ژمارەیەك بیری لە ناوچەی موشەیرەفەت دەستپێكرد، لە ماوەی یەك مانگدا 25 بیر تەواوكران، كە هەریەكەیان نزیكەی 20 مەتر سێجا لە سەعاتێكدا ئاو بەرهەم دەهێنێت
هەوڵەكانی ئیدارەی خۆسەر بۆ دۆزینەوەی بەدیلی ئاوی پرۆژەی عەلووك
هەروەها دەڵێت: بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاوییەكانی ئیدارەی خۆسەر پرۆژەی هەڵكەندنی ژمارەیەك بیری لە ناوچەی موشەیرەفەت دەستپێكرد، ئامانج لێی هەڵكەندنی 50 بیر بووە، بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتیانی شاری حەسەكە و گوندەكانی. لە ماوەی یەك مانگدا 25 بیر تەواوكران، كە هەریەكەیان نزیكەی 20 مەتر سێجا لە سەعاتێكدا ئاو بەرهەم دەهێنێت، بەكۆی گشتی توانای 500 مەتر سێجا لە سەعاتێكدا. لە هەوڵێكی نوێدا، لە ناوەڕاستی ساڵی 2024دا، دەستی بە پرۆژەی گواستنەوەی ئاو لە رووباری فوراتەوە بۆ پارێزگای حەسەكە لەڕێگەی زنجیرە وێستگەیەكەوە دەستیپێكرد، ئاوەكەی گەیاندە وێستگەی عەزیزییە لە شارەكەدا، بەڵام ئاوەكە تەنها بەشی حەوت گەڕەكی شارەكە دەکات.
پرۆژەی ئاوی سەنجەق لە شارۆچكەی عامودا
روونیشیكردەوە: بەپێی زانیارییەكان، پرۆژەی بیرەكانی سەنجەق لە سنووری عاموودا ئامانجی لێدانی نزیكەی 20 بیر بووە لەناوچەكەدا، هەرچەندە كاركردن لەسەر پرۆژەكە تەواو بوو، بەڵام تەنها نزیكەی 40 %ی پڕۆژەكە تەواو بووە، بەهۆی نەبوونی بودجەوە ژمارەی ئەو بیرانەی كە پلانیان بۆ دانراوە تەواو نەكراوە و شكستی پرۆژەكە دەگەڕێتەوە بۆ كەمیی بودجە.
هەروەها ئەو رۆژنامەنووسە دەڵێت: ئێستا پارێزگای حەسەكە پشت بە ئاوی ژمارەیەك بیری تایبەت دەبەستێت، لەوانە نزیكەی 60 بیری تایبەت كە دەكەونە ناوچەی حەمما و ناوچە پەرشوبڵاوەكانی تر. ئاو لەڕێگەی تانكەرەوە دەگوازرێتەوە و بە نرخێكی گران هاووڵاتیان دەیكڕن، نرخی هەر تەنكەرێكی ئاوی پێنج هەزار لیتری نرخەكەی لە نێوان 35 بۆ 40 هەزار لیرەی سوریدایە. هەر خێزانێك مانگانە نزیكەی 10 تەنكەری ئاو بەكاردەهێنێت كە یەكسانە بە 40 دۆلار، لەكاتێكدا تێكڕای مووچەی فەرمانبەرێك یان كرێكارێكی ئەو ناوچەیە لە مانگێكدا لە 100 دۆلار تێپەڕناكات. تێچووی ئاوی خواردنەوە بارگرانییەكی زۆری لەسەر دانیشتوانی حەسەكە بەگشتی دروستكردووە.
كە ئەمەش بووەتە جێگای نیگەرانیی بۆ دانیشتووان و هیچ ئاسۆیەكیش نییە بۆ چارەسەرێكی سیاسی هەمەلایەنە كە ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتیانی حەسەكە گەرەنتی بكات.
لەوبارەیەوە پەیوەندیمان بە بەڕێوەبەری ئاوی پارێزگای حەسەكە لە رۆژئاوای كوردستان كرد، بەڵام ناوبراو هیچ لێدوانێكی لەسەر ئەو پرسە نەدا.
هاوكات رێكخراوی یونیسێفی نێودەوڵەتی لە ساڵانی رابردوودا دەستوەردانی كردبوو بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەم ئاوی و پەیوەندیی بەهێزە چەكدارەكانی ناوچەكەوە كرابوو، بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی ئاوی پرۆژەی بیرەكانی عەلووك لە (سەرێ كانی)، كە سەرچاوەی سەرەكیی ئاویی خواردنەوەی هاووڵاتیانی پارێزگای حەسەكە و تڵ تەمەر و گوندەكانی ناوچەكە بە گشتییە، بەڵام تا ئێستا چارەسەر نەكراوە.