ئەلفای ئەدەبی منداڵان

لە نێوان بووەکان و پێشهاتە نوێکاندا

03:29 - 2025-07-17
ئەدەب و هونەر
259 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان

ئەگەر چاوێک بە دنیای ئەدەبی منداڵانی جیهاندا بگێڕین، ئەوەمان بەرچاو دەکەوێت کە ئەدەبی منداڵان گەشەو پێگەیشتنێکی زۆر باشی بەخۆوە بینیووە لەم ساڵانەی دوایدا، بێگومان ئەوەش رەنگدانەوەی ئەو گۆڕانکارییە کەلتوریی و کۆمەڵایەتی و تەکنۆلۆجییە خێرایانەیە کە بەردەوام دێنە ئاراوە، هەموو ئەو هەلومەرجانەش کۆمەڵە بابەتێ دەخوڵقێنن کە کار لە چۆنێتی بەرهەمهێنانی ئەدەب و چۆنێتی گەیاندن و وەرگرتنیشی بەلای منداڵەوە، دەکەن.
بەڵام ئەگەر بەراورد بکەین لەنێوان ئەوەی ئێستا هەیە لە ئەدەبی منداڵانی خۆمان و ئەوەی لە دنیا دەگوزەرێت، کە مافی خۆشمانە ئەو بەراوردە بکەین و منداڵی ئێمەش هیچی لە منداڵانی دنیا کەمتر نییە، ئەو گۆڕانکارییە ئەوتۆیە نابینرێن چ لە نووسینی ئەدەبیی بۆ منداڵان و چ لە ناوەڕۆکی توێژینەوەکان بۆ ئەدەبی منداڵان.
راپەرموونە سەر ئەوەی لەرابردوودا کراوە وەک نموونەی چاولێکار لای نووسەرەکانمان بەشێوەیەکی گشتیی و کردنە نموونەی بەرچاو بۆ کارکردن وەک فۆرمێک کە هەمیشە خۆی دووبارە دەکاتەوە، رێگرێکی گەورەیە لەوەی نەتوانراوە یان زۆر بەخاویی هەنگاوی بەرەوپێشچوون لە نووسین بۆ منداڵان و لە توێژینەوەش بۆ ئەدەبی منداڵاندا، بنرێت.
بەشیکی زۆری ئەو توێژینەوانەی دەربارەی بەرهەمەکانی ئەدەبی منداڵان کراون، کار لەسەر ئەوە کراوە ئەوەی هەیە لە بەرهەمەکاندا بخرێتەڕوو، کەمتر کار لەسەر ئەوە کراوە بەهای نوێ لە نێو بەرهەمەکاندا بدۆزرێنەوە و بەپێی دنیای ئێستای منداڵان لێی بڕوانرێت و لێکبدرێتەوە. رەنگبێ بەشی سەرەکی ئەو هەنگاو نەهاویشتنە ئەوەبێت کە بەدرێژایی بوونی رابردوو ئەو چەسپێنراوانە ئەستەم بێت لە هزر و بۆچووندا کاڵبکرێنەوە، لەکاتێکدا چیدی منداڵی ئێستا منداڵی پەنجا ساڵ لەمەوبەر نییە و ناشکرێت بەهەمان دید و روانگە بۆ خۆی و ئەوەشی پێشکەشی دەکرێت بڕوانرێت. توێژینەوە ئەگەر بە دیدێکی بابەتی و رەخنەگرانە نەبێت، ئەوا ستایش و پیاهەڵدان لەسەر بنەمای سۆز و دەروونیی و نۆستالۆژیای توێژەر دەربارەی بووەکان نەک هەر بەرەوپێشچوون ناهێنێتە بوون، بگرە ئاستەنگ بۆ دیدێکی نوێ بۆ روانین بۆ بەرهەمە بووەکانیش دروست دەکات.
دەکرێت گونجاوبێت، منداڵان خۆیان بەشێکی هەڵسەنگێنەری بەرهەمەکان بن و توێژەران دید و بۆچوون و لێکتێگەیشتنەکانی منداڵان بەهەند وەربگرن، منداڵان بێ کاریگەریی خستنەسەر و پاڵنەری دەرەکی خۆیان دەتوانن لە هەستەکانیان بدوێن، لەو چیرۆک و بەشە ئەدەبیانەی دەیخوێننەوە یان بۆیان دەخوێندرێنەوە.
لەلایەکی دیەوە گونجاندنی بابەتی تایبەت بە منداڵان تەنها نووسین ناگرێتەوە، بۆیە کاتێک توێژینەوە لە بەرهەمی نووسەرێک دەکرێت، ناکرێت رووخسارەکانی وێنە و لاپەڕە و قەبارە و سەرچاوەی وەرگرتنی وێنەکان و گونجاندنیان و تەعبیرکردن لەو دەقەی بۆی کێشراوە و رەنگ و بەشەکانی دی کە لەهەموو دنیادا بەرهەمی ئەدەبی منداڵانی پێ جیادەکرێتەوە لە بەرچاو نەگیرێن.
ئاماژەدان بەو بابەتانە لە هەڵسەنگاندن و رەخنە و توێژینەوەکاندا بەشێوەی بابەتی و گونجاو نەک هەر خزمەتە بە ئەدەبی منداڵان، بەڵکو خزمەتیشە بە نووسەر بۆئەوەی زیاتر بتوانێت پێش بکەوێت و بەرهەمی باشتر پێشکەش بکات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان