قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ئانل بۆرا ئينان، باڵیۆزی تورکیا لە عیراق و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێکران.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لە هەولێر بە ئامادەبوونی ئەرمان تۆبجو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێم بەڕێوەچوو، باس لە دواین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرا. جێگری سەرۆک وەزیران پرۆسەی چەکدانانی پەکەکەی بە هەنگاوێکی مێژوویی ناوبرد و هیوای خواست هەنگاوەکانی دیکەی پرۆسەی ئاشتی بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت.
لەم چوارچێوەیەشدا جەختیکردەوە لەسەر پشتیوانی حکومەتی هەرێم لە پرۆسەکە و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە کێشەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرا و قوباد تاڵەبانی داوایکرد تورکیا ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا بکاتەوە.
لە تەوەرێکی دیکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا. لەم چوارچێوەیەشدا جێگری سەرۆک وەزیران رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدای لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا زانی و رایگەیاند،،هەرێمی کوردستان خوازیارە هەموو کێشەکانی لەگەڵ بەغدا بەپێی دەست،ور چارەسەر بکات. باڵیۆزی تورکیاش خۆشحاڵی خۆی بە رێککەوتنەکە دەربڕی و هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.