6-7
هەر پێشهات و رووداوێک هاتبێتە پێشەوە، پەیوەست بووبێت بە بەرژەوەندیی گشتی و چارەنووسی هەرێمی کوردستانەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەرپرسیارانە و بە ستراتیژ و دیدگای نیشتمانییەوە، شانی داوەتە بەر بەرپرسیارێتییەکان و بەشێکی گرنگ و کاریگەریش بووە لە چارەسەرییەکان.
ئەمڕۆ لە بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی دونیا و ناوچەکە، ئاڵنگارییەکان، کێشەکانی هەرێم و ناوەند، زەوتکردنی مووچەی خەڵکی کوردستان، جموجۆڵی گوماناویی سەربازیی هێزە عیراقییەکان لە هەندێک ناوچەی کوردستانیی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. وەک هەمیشە بە هێمنی دوور لە تەخوینکردن و زمانی هەڕەشە و کولاندنەوەی ناکۆکیی و برینەکان، دوور لە چاوی میدیا لەسەر هێڵێکی گەرمی کوردستانی لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکاندایە.
سەرۆک و سەرکردایەتیی یەکێتی لەسەر بنەمای پرەنسپ و خوێندنەوە بۆ واقیعی ئەمڕۆ، پێداگرن لەسەر یەکخستنی ھێز و تواناکان بۆ بەرجەستەکردنی یەکڕیزیی و یەکگوتاریی نیشتمانیی کوردستانی لەپێناوی پاراستن و بەدیهێنانی مافی راستەقینەی هاوبەشێتیی کورد لە عیراق کە سەرچاوەکەی دیدگای بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی باڵا بێت لە دەرەوەی تێڕوانینی حزبی و زاڵبوون بەسەر کێشە و گیروگرفتەکان و تاکڕەویی. ئەم ئامانجەش لەپێناوی بەدیهێنانی خۆشگوزەرانیی زیاتر بۆ کۆمەڵانی خەڵک و پارێزگاری و بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێم خاڵێکی هاوبەش و نیشتمانیی، ستراتیژە لای یەکێتی.
رێزگرتن و پابەندبوون بەو رێککەوتن و بنەما سیاسییانەی لەنێوان کورد و لایەنە سیاسییە عیراقییەکاندا کراون بۆ گەڕانەوە بۆ چارەسەری ریشەیی و راستەقینەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور و شەراکەتی راستەقینە و سازان لەپێناوی دەستەبەرکردنی مافەکان، دیدگایەکی چەسپاوە بۆ یەکێتی و بە تاکە رێگەی چارەسەرکردنی کێشەکانی دەزانێت، چونکە هاوبەشێتی و شەراکەتی راستەقینە کۆڵەکەی راگرتنی سەقامگیریی وڵاتە.
ئەوەی بۆ یەکێتی گرنگە جێبەجێکردن و پابەندبوونە بە یاسای بودجە و ناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمە، تا چیتر رێگە نەدرێت کێشمەکێشی سیاسی تێکەڵ بە قووتی خەڵک و بەرژەوەندیی گشتی بکرێت.
یەکێتی وەک ھێزێکی کاریگەر، سووربوونی خۆی بۆ چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکان و بەدیهێنانی مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد لە بەغدا دووپاتکردۆتەوە و داوا دەکات لەنێوان هەرێم و عیراقی ئیتحادیدا، بەتایبەتی ھێزە سیاسییەکان، بەرژەوەندیی نیشتمانی و خاڵی پێکەوەیی بنەمای کارکردن بێت، نەک لێکترازان و تەخوینکردن ئاگرەکەمان بۆ خۆشتر بکات.
پێداگریی لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ئاسایش و سەروەریی یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەتداری و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و رووبەڕووبوونەوەی بەهەدەردانی سامانی گشتی و سەرخستنی کارەکانی بە چاکسازیی راستەقینە دەبێت.
یەکێتی بە روون و رەوانی رۆڵی ھێزە نیشتمانی و شۆڕشگێڕەکانی عیراق بەرزدەنرخێنێت کە لەڕابردوو و ئێستاشدا پشتیوان و ھاوکارن بۆ پاراستن و بەدیهێنانی مافەکانی کورد و لە درێژەدان بە سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال و پەیڕەوکردنی دیدی نیشتمانی لەگەڵ دۆست و هاوکارەکانمان کە پێکەوە بەگیانێکی برایەتی و ئاشتییانەی ھاوبەش وڵات بەڕێوەببەین و خزمەتکردنی گشتی ئەولەوییەتی کاربێت بۆ هەرێم و عیراقیش.
فەراهەمکردنی زەمینەی لەبار و کەشێکی ئارام بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لە کات و ساتی خۆیدا دوور لە دەستتێوەردان و رەخساندنی کەشێکی ئارام و شەفاف و پاراستنی ئاسایشی ھەڵبژاردن بە بەشداریی کارای رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەپێناوی زامنکردنی پاراستنی مافی هەموولایەک و پاراستنی کۆڵەکەکانی دیموکراسی لە وڵاتدا، کاری لەپێشینەن و بەشێکیشن لە سیاسەتی یەکێتی. هەروەها لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و باڵیۆزخانەکان و دیپلۆماتکاران و نێردە دیپلۆماسییەکانیش. دەبێت هەوڵی جددی بدەین بۆ مسۆگەرکردنی پشتیوانییان بۆ پاراستنی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان و هاوکاریی بەردەوامیان بۆ پێشخستنی هەرێم تا لەو رووەشەوە هاوکارمان بن و یارمەتیدەربن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان نەک تەماشاکاربن!
بە کورت و پوختی، یەکێتی وەک ھێزێکی دەربەست، بەرپرسیار، خاوەن بڕیار و پێگەی سیاسی، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ چارەسەرکردنی سیاسیانەی کێشەکان و بەدێهێنانی مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد، تا بەرژەوەندیی نیشتمانی و خاڵی پێکەوەیی و هاوچارەنووسی بنەمای کارکردنمان بێت، ئەمە رێگە دروستەکەیە و خەڵکیش هەر ئەمەی دەوێت.