لە هەڵەبجە، چەند پرۆژەیەك دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

09:32 - 2025-07-20
دیدار
54 جار خوێندراوەتەوە
دیزاینی پرۆژەی دەروازەی هەڵەبجە

‎‎دیداری/ محەمەد تۆفیق نەورۆڵی

 

ئەندازیار ئومێد شەریف

ئەندازیار ئومێد شەریف بەڕێوەبەری پرۆژەکان لە دیوانی پارێزگای هەڵەبجە، لە دیدارێكدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، باس لەو پرۆژانەی شارەکە دەكات كە رەزامەندییان لەسەر دراوە و ئێستا لە بواری جێبەجێکردن و تەندەریندان.

*پرۆژەی قیرتاوكردنی شۆستە و كۆڵانەكانی گەڕەكی شەهیدان بەکوێ گەیشتووە؟
‎-پرۆژەی قیرتاوكردن و كۆنكرێتی شۆستە و كۆڵانەكانی گەڕەكی شەهیدان لە هەڵەبجە، لە پرۆژە وەستاوەکانی بودجەی پترۆ دۆلار بوو، خۆشبەختانە ساڵی 2024 بە هەوڵی پارێزگار توانرا رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران وەربگیرێت بۆ دەستبەکاربوونەوەی و گواستنەوەی بۆ سەر بودجەی وەبەرھێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئێستا کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە دەستی بەکار کردووەتەوە و لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانی هەڵەبجەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

‎*بەردەم پارك و شاری یاری هەڵەبجە بووە بە گرفت بۆ هاووڵاتییان، بۆچی تائێستا قیرتاو نەكراوە؟
-پرۆژەی بەردەم پارکی یاری هەڵەبجە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی هەیە، یەکێکە لە پرۆژەکانی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەڵەبجە، دەرخستەی پێویستی بۆ ئامادەکراوە و لە ماوەکانی داهاتوودا دەچێتە پرۆسەی تەندەرینەوە، نزیکەی دوو ملیار دیناریشی بۆ تەرخانکراوە.

‎*بۆچی تائێستا لە گۆران سیتی هەڵەبجە هیچ باخچەیەكی ساوایان نییە؟ ئەمە داواكاریی هاووڵاتییانە.
‎-پرۆژەکە لەلایەن وەبەرهێنەرەوە دروستکراوە، لەبەرئەوە پێویستە هەمان وەبەرهێنەر بە هەماهەنگیی لایەنی پەیوەندیدار کاری پێویست بکات بۆ دروستکردنی باخچەی ساوایان، هەروەها پێویستە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەبەرهێنانی هەڵەبجە و سەرۆکایەتیی شارەوانی هەماهەنگی پێویست بکەن بۆئەوەی بزانرێت بەپێی گرێبەست دروستکردنی لە ئەستۆی کێدایە.

‎*فراوانكردنی شەقامی نێوان مۆنۆمێنت و فولكەی عومەری خاوەر بەكوێ گەیشتووە؟
‎-پرۆژەی دەروازەی هەڵەبجە، ئێستا قۆناغی یەکەمی رەزامەندی نزیکەی چوار ملیار دیناری بۆ وەرگیراوە، یەکێکە لە پرۆژەکانی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەڵەبجە، كە دەرخستەی پێویستی بۆ ئامادەکراوە و لە داهاتوویەكی نزیكدا دەخرێتە پڕۆسەی تەندەرینەوە، ئەم بەشە لە بازگەی زەمەقییەوە دەستپێدەکات بۆ بەردەم مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە، سەبارەت بە قۆناغی دووەم، کە لە مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەوە دەستپێدەکات بۆ فولکەی عومەری خاوەر، دەرخستەی پرۆژەکە ئامادەیە و لە بەرنامەدایە رەزامەندی بۆ پرۆژەکە وەربگیرێت.

*‎کام پرۆژانە بەم دواییانە بۆ پارێزگای هەڵەبجە رەزامەندییان لەسەر دراوە؟
‎-خۆشبەختانە توانراوە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ژمارەیەک پرۆژەی گرنگی دیکەی  پارێزگای هەڵەبجە وەربگیرێت کە دەبێتە هۆی ئاوەدانی زیاتر، ئەوانیش پرۆژەكانی:
‎-1 تەرخانکردنی بڕی 10ملیار دینار بۆ پرۆژەی دروستکردنی سیتی سینەما و هەندێک پرۆژەی پێویستی دیکە.
‎-2 ئامادەکردنی دەرخستە و دیزاین و دروستکردنی شەقامی 40 مەتری هەڵەبجە بە گوژمەی 30 ملیار دینار.
-3 قۆناغی دووەمی قیرتاوكردنی گەڕەكی ئازادی لە سیروان، بە گوژمەی نزیکەی سێ ملیار دینار.
-4 پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ و رێگەسازی گەڕەكی شەهیدانی كیمیاباران، بە گوژمەی نزیکەی 14 ملیار و 500 ملیۆن دینار.
‎-5 پرۆژەی دیزاین و دروستكردنی بینای پارێزگای هەڵەبجە بە گوژمەی چوار ملیار دینار.
‎-6 پرۆژەی دروستكردنی شەقامی 30 مەتری كەمەرەیی لە قەزای خورماڵ، بە گوژمەی نزیکەی سێ ملیار و 500 ملیۆن دینار.
-7 وەرگرتنی رەزامەندی بۆ پرۆژەی دروستکردنی رێگەی هەڵەبجە - مەرزی سازان، بە گوژمەی نزیکەی 38 ملیار و 500 ملیۆن دینار.
‎بوونی ئەم پرۆژانە و هەر پرۆژەیەكی دیكە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئاوەدانی و بەرەوپێشچوونی پارێزگای هەڵەبجە، هەروەها دەبێتە ھۆی رەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ سنوورەکە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان