زانایان هۆشداری دەدەن لەوەی رەنگە هاوینی ئەمساڵ چەند رۆژێكی كورت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بەخۆوە ببینێت، لەبەرئەوەی سوڕانەوەی زەوی زیاتر لەوەی پێشبینی کراوە، خێراتر بووە.
زانایان پێشبینی دەكەن رۆژانی 22ی تەمموز و 5ی ئاب كورتتربن لەوەی هەیە، بە جۆرێك كورتییەكە دەگاتە نزیكەی 1.38 و 1.51 میللی چركە، بەڵام مرۆڤ ناتوانێت هەستی پێبكات، لەبەرئەوەی یەك چاو تروكاندن نزیكەی 100 میللی چركە دەخایەنێت.
پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە، ئەگەر ئەو خێرا سوڕانەوەیەی زەوی بەردەوام بێت، چی روودەدات؟ زانایان جەختدەكەنەوە لەوەی دەرئەنجامەكان كارەساتبار دەبن.
وەك دەزانین زەوی 24 سەعاتی دەوێت تا یەك سوڕانەوە تەواو دەكات، بەڵام هەر زیادبوونێكی كەم لە خێراییەكەیدا تەنانەت ئەگەر یەك میل بێت لە سەعاتێكدا، ئەوا زیانی بۆ هاوسەنگیی مانگە دەستكردەكان دەبێت، كە پشتیان بە سوڕانەوەی زەوی بەستووە بۆ مانەوەیان لە شوێنی خۆیاندا، ئەو گرفتەش دەبێتەهۆی پەككەوتنی سیستمی كەشتیوانی و پەیوەندییەكان و مەترسی سەرهەڵدانی لافاو لەو شارانەی دەكەونە سەر كەناری دەریاكان.
ئەگەر خێرا سوڕانەوەی زەوی بگاتە 100 میل لە سەعاتێكدا، ئەوا هەندێك ناوچە بە تەواوی ژێرئاو دەكەون بۆ نموونە، ئەمازۆن و باكووری ئوسترالیا.
هەروەها ئەو خێرابوونە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی سەعاتەكانی شەو و رۆژ و لە 24 سەعاتەوە دەبێتە 22 سەعات و كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر مرۆڤ و دەوروبەری دەبێت.