بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ژن و پیاوێکیان دەستگیرکرد، کە لە پارێزگای دیالە منداڵێکی خاوەن پێداویستیی تایبەتیان کوشتووە.
رۆژی ٢٠٢٥/٨/٧ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوشتنی منداڵێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە پارێزگای دیالە، لەلایەن ژن و مێردێکی بەخێوکەر و هەڵاتنی تۆمەتباران بەرەو هەرێمی کوردستان، بەپێدانی زانیاری هەواڵگری لەلایەن (خلية الصقور)ی پارێزگای کەرکوک سەر بە هەواڵگری عیراق،
دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکان ئاسایش بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی وردی بۆ دۆزینەوەی شوێنی تۆمەتباران ئەنجامدا و بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانیان شەوی ٢٠٢٥/٨/١٠ لە قەزای چەمچەماڵ هەردوو تۆمەتباری داواکراو دەستگیربکەن و بەپێی تایبەتمەندیی کەیسەکە دوای لێکۆڵینەوە هەردوو تۆمەتباری بکوژ ڕادەستی هێزە ئەمنیەکانی عیراق دەکرێنەوە.
لە ئێستادا تۆمەتباران بە ماددەی (٤٠٥) لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسێکانیان بەردەوامە.