هەنگاوەکانت لە نەخۆشی دەتپارێزن

11:39 - 2022-10-09
ژینگە
581 جار خوێندراوەتەوە
#رۆیشتن بە پێ و بە خێرایی سوودی زیاترە

ئا: دڵان سامان

چەندین توێژینەوە لەبارەی چالاکییە جەستەییەکانەوە کراون، ئەوانەی تەندروستی باشتر دەکەن و دژی پیربوون دەوەستنەوە، بەڵام هەندێکی کەمیان بە تەواوەتی تیشکیان خستۆتەسەر ژمارەی ئەو هەنگاوانەی دەبێت رۆژانە بەپێ بڕۆیت، تاوەکو جەستەیەکی تەندروستت هەبێت.
زانایان لە زانکۆی سیدنی و باشووری دانیمارک گەیشتن بەو ئەنجامەی 10 هەزار هەنگاو رێگەیەکی باشە بۆ گەیشتن بە تەندروستییەکی باش، جگەلەوەی ئەو خێراییەی پێی دەڕۆین رەنگە بە رادەی ژمارەی هەنگاوەکان گرنگ بن.

لێکۆڵینەوەکان
زاناکان لە رێگەی لێکۆڵینەوەکەیانەوە چاودێری 78500 کەسی باڵقیان کرد لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا لە نێوان ساڵانی 2013-2015، بەشداربووەکان ئامێری تایبەت بە ژماردنی هەنگاوەکان بە درێژایی 24 سەعات بەست بۆ ماوەی یەک هەفتە، بەو پێیەی لەسەر ئەو رۆتینە بەردەوام بن، بەو ئامێرە ژمارەی هەنگاوەکانیان و ئەو خێراییەی پێی رۆیشتبوون تۆمارکرا، لێکۆڵەران دوای حەوت ساڵ تەماشای ئەنجامە تەندروستییەکانی بەشداربوانیان کردن، بینییان رۆیشتن بە رێژەی 10 هەزار هەنگاو لە رۆژێکدا ئەگەری تووشبوون بە خەرەفان 50٪ کەمدەکاتەوە، هەروەها مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە بە رێژەی 30٪ کەمدەکاتەوە، مەترسی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و دەمارەکان بە رێژەی 75٪ کەمدەکاتەوە.

خێرایی رۆیشتن بەپێ
بورخا دیل بوزو کروز لێکۆڵەری سەرەکی ئەو توێژینەوەیە دەڵێت: ئامانجی 10000 هەنگاو لە رۆژێکدا لە راستیدا لە هەڵمەتێکی بەبازاڕکردنی ژاپۆنییەوە سەریهەڵدا لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوودا بە ئامانجی فرۆشتنی پێوەری هەنگاو بوو، ئەوەی دواتر کاتژمێری دەستیی زیرەک جێیگرتەوە.
هەروەها کروز دەڵێت: بۆ هەندێ کەس رەنگە ئەو ژمارەیە خەیاڵیی بێت، بەڵام هەموو هەنگاوێک گرنگە، تەنیا بڕۆ دەرەوە و بە پێ بڕۆ، چونکە هەر شتێک لە هیچ باشترە.
ئەو توێژینەوەیە ئەوەشی سەلماندووە رۆیشتن بە خێرایی سوودی تەندروستی زیاتری هەیە. 
ئەو لێکۆڵەرە باس لەوەش دەکات بەپێ رۆیشتن 10 هەزار هەنگاو راستە مەترسی نەخۆشییەکان کەمدەکاتەوە، بەڵام لەگەڵیدا خێرا رۆیشتن سوودەکانی نزیکەی 10-15 لە سەدا زیاتر دەکات.
هەروەها دەڵێت: خێرا رۆیشتن سوودەکەی کەمتر نییە لەوەی چەندە هەنگاو بەپێ دەڕۆیت رەنگە زیاتریش بێت، بۆ تەندروستییەکی ناوازە دەتوانی ئەو 10 هەزار هەنگاوە بە ماوەیەکی کەمتر و خێراییەکی زیاتر تەواو بکەیت.

 سەرچاوە: skynewsarabia.com

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان