پێداگریی ی. ن. ک و بایکۆتی پ. د. ک

10:16 - 2024-04-28
شێرزاد عادل ئێزدی
251 خوێندراوەتەوە

دوای ئەو سەرکەوتنە مەزنەی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عیراق بەدەستیهێنا و بووە یەکەم لەسەر ئاستی هێزە کوردستانییەکان لە ناوچە دابڕێنراوەکانی هەرێم، ئێستا یەکێتی بەرەو خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هێنانەکایەی گۆڕانکاریی لە پێناوی پاراستنی سیستمی دیموکراسی و دامەزراوەیی کوردستانی عیراق هەنگاو دەنێت.

یەکێتی لە هەموو لایەنەکان پەرۆشتر و موکوڕترە لەسەر مافی هەڵبژاردن و پاراستنی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێم، لە رێگەی ئیرادەی دەنگەدەران و دەنگەکانیانەوە

یەکێتی  پەرۆشی هەڵبژاردنە
بۆ هەموو ئەوانەی چاودێری دۆخەکە دەکەن  روون و ئاشکرایە کە یەکێتی لە هەموو لایەنەکان پەرۆشتر و موکوڕترە لەسەر مافی هەڵبژاردن و پاراستنی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێم، لە رێگەی ئیرادەی دەنگەدەران و دەنگەکانیانەوە.
لە سایەی سیاسەتی خۆدزینەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە خۆی لە بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی کوردستاندا دبینێتەوە، بە بیانووی بێ مانا، بەدیوێکی تردا ئەو حزبە ترس و نیگەرانییەکانی ناشارێتەوە لە یەکێتی کە توانیویەتی پێگەی حزبیی خۆی بگەڕێنێتەوە ناو کایە سیاسییەکانی هەرێم و عیراق، کە پێشتر بەهۆی غیابی مام جەلال-ەوە پاشەکشەی کردبوو، ئەمە چ جای ئەوەی یەکێتی هەنگاو دەنێت بەرەو چاکسازییەک، کە ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە هەڵەو کەموکوڕییەکان داماڵێت و متمانەش بۆ سیاسەت و پڕۆسەی ململانێی دیموکراسیی و دەستاودەست کردنی دەسەڵات بگێڕێتەوە. 

کارکردنی یەکێتی بۆ شەفافیەت
ئەمە لە کاتێکدایە کە خواستی تاکڕەوانەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرەو دەسەڵاتی مەرکەزی و دانانی خۆی وەک تاکە حزبی فەرمانڕەوا، رەنگە دۆخەکە تێک بدات، چونکە دەزانن لە پاشەکشەدان و سەرکەوتنی یەکێتی لە شەفافیەت و دەستپاکی و فرەیی و هاوسەنگی لە رێگەی پشتبەستن بە گۆڕینی بازنەکانی هەڵبژاردن و نەهێشتنی سیستمی کۆتا کە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک سیاسەتی ئەمری واقیع و زاڵبوون، بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاری دەهێنا و نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی بۆ هێنانەدی مەبەستە حزبییە تەسکەکانی بەکار دەهێنا.  

رێبازەکەی مام جەلال
لەبەرئەوە ترسی یەکەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چوونە ناو شەڕی هەڵبژاردنەوە، لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، کە باش دەزانێت، ئەم جارەیان یەکێتی لە سایەی سیاسەت و میتۆدی نوێی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە، کە توانیویەتی حزب بگەڕێنێتەوە سەر رێبازە مێژووییەکەی مام جەلال، وەک حزبێکی دەستپێشخەر و بنیاتنەری رووداو و گۆڕانکارییە شۆڕشگێریی و دیموکراسییەکان، دەبێتە دیارترین حزب و خاوەن گەورەترین قورسایی لە قۆناغی داهاتوودا، ئەویش بە پشتبەستن بە متمانەی دەنگدەران و پاڵپشتیی کوردستانی و عیراقی و نێودەوڵەتی لێی.

تارۆژێک زووتر هەڵبژاردن بکرێت، بۆ هەرێم باشترە

وتارەکانی نوسەر