لە رێی تۆماركردنی یادەوەرییە مێژووییەكان..

ئەڵوەن لە گەشتی سەربوردەكاندا..

10:48 - 2024-04-28
عیماد ئەحمەد
105 خوێندراوەتەوە

 لە مناڵییەوە بە مەقامی ئەڵوەن، ئای ئەڵوەنكەی، خوداداد عەلی مێشكم زاخاو دراوە كە گەوهەری دایكم بەردەوام بە دەنگە نازك و غەمگینەكەی بۆی دەچڕیم.
لە ژوورێكی قوڕ و دارەڕا و بێ پەنجەرە و بێ كارەبای خانووەكەی مام فەتحوڵڵا كرێچی بووین، ئێواران سەرم دەخستە سەر ڕانی دایكم بە سەدای دەنگی پەری ئاسای ئەو كە ئەڵوەن ئای ئەڵوەنی بۆ دەگوتم خەوم لێدەكەوت!.
قەت لەبیرم ناچێتەوە قژە رەش و خاوەكەی دایكم كە وەكو تاڤگەی ئاوریشمی شۆردەبووە سەر دەموچاوم و بەدەنگە ئۆپراوییەكەی منی نوقمی خۆشەویستی خۆی و جەلەوە و ئەڵوەن دەكرد.

ئەڵوەن، شاری خانەقی دەكاتە دوو بەشەوە بە شەو وەكو زێڕ و بەرۆژیش وەكو مرواری شارەكە دەرازێنێتەوە.
جەلەوە و ئەڵوەن ئاوێتەی یەكن، لەسەرەوە لای كۆپری گەورە و لە دەستی راستەوە  ئەڵوەن شان بەشانی جەلەوەیە و بان ئەڵوەنیش دڵگیرترین شوێنی خانەقیە

لە مێرمنداڵیمدا جارێك لە جەژنی رەمەزاندا لەو بەری ئەڵوەندا و لە نزیك كۆپری گەورە گوێم لە دەنگی خوداداد عەلی بوو، كەواو سترەی قاوەیی لەبەربوو، مشكی بەستبوو، عەینەكێكی رەشی گەورەی لەچاو بوو، مەقامی ئەڵوەن ئای ئەڵوەنی دەچڕی لەو سەردەمەدا لای من دەنگی دایكم لەو خۆشتر بوو.
خوای گەورە بە رووبار وەسفی جوانی بەهەشت دەكات و ئاوی زەمزەمیش بۆ شیفا ناوبانگی دەركردووە. ئاو سەرچاوەی ژیانە، پێش ئادەمیزاد ئاو هەبووە بە كۆتایی ئاویش ژیان لەسەر زەمیندا نامێنێ. 
لە كوردستاندا پێنج رووباری سەرەكی هەیە بەناوی: خاپور- زێی گەورە- زێی بچووك - سیروان- ئەڵوەن. 
ئەم رووبارانە بوونەتە سەرچاوەی ئاوەدانی لە كوردستاندا رەنگە هەر ئەوانیش بووبن  مرۆڤی كوردیان ناچاركردووە لەسەر شاخ بێنەخوارەوە، بەڵام بەداخەوە هەندێكمان تائێستاش عەقڵمان هەر لەسەر شاخ ماوەتەوە سەرەڕای ئەوەی لە دەوروبەری رووبارەكاندا دەژین!.

ئەڵوەن، خانەقی دەكاتە دووبەشەوە
سیروان و ئەڵوەن دوو رووباری ناوچەی گەرمەسێرن تینوێتی ئەرزی گەرمیان دەشكێنن و ئاوهەواكەی  خۆش دەكەن، بوونەتە مایەی خێر و بەرەكەت بۆ ناوچەكە. سەدان كەس لە بەر بایەخ و خۆشەویستی، ناوی سیروان و ئەڵوەنیان هەڵگرتووە..بۆ من سیروان تاڵەبانی شەهید سەرقافڵەی ئەو ناوانن. 
بێگومان ئەڵوەن لە دێر زەمان و پێش خانەقیش هەبووە و یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی دروستبوونی شاری خانەقی.
 ئاوی ئەڵوەن لە شاخی زاگرۆسی ناوچەی كرماشانەوە  و لەكانیاوەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان سەرچاوە دەگرێت تا دەگاتە سەرپیڵی زەهاو  و قەسری شیرین بەرەو خانەقی دێت لە تەنیشت هەردوو دێی كارێز و تەفرەقە و ئاغاو خەلیفە و جەلەوە و دێی عالیاوە و باجەلان  شۆڕدەبێتەوە ناو رووباری سیروان لە حەلوان  رووباری دیالە پێكدێنن و  دەچنە ناو رووباری دیجلەوە كە یەكێك لە دوو رووبارە گەورەكەی عیراق.
درێژیی رووباری ئەڵوەن نزیكەی  (150) كیلومەترە، دوو پردی سەرەكی لەسەر ئاوی ئەڵوەن بوو بەناوەكانی جسر ئەلئەخزەر و كۆپری گەورە و پردی سێهەمیش لەم ساڵانەی دواییدا  دروستكرا لە تەنیشت  ئاغا و خەلیفە.
ساڵانە لە كۆتایی بەهار شارەوانی خانەقی پردێكی كاتی بە بەرمیل و دار و تەختە و چینكۆ لە نێوان بان ئەڵوەن و سرای كۆن دروست دەكرد لە كۆتایی پایزیش هەڵیدەگرد، بێجگە لەپردە ئاسنینەكە لە هەمان شوێن بوو، لافاو بردی.
ئەڵوەن شاری خانەقی دەكاتە دوو بەشەوە بە شەو وەكو زێڕ و بەرۆژیش وەكو مرواری شارەكە دەرازێنێتەوە.  جەلەوە و ئەڵوەن ئاوێتەی یەكن، لەسەرەوە لای كۆپری گەورە و لە دەستی راستەوە  ئەڵوەن شان بەشانی جەلەوەیە و بان ئەڵوەنیش دڵگیرترین شوێنی خانەقیە.
لە هاویناندا لەسەربان دەخەوتین، بە هاژەی ئەڵوەن و بۆنی باخەكان و سەمای ئەستێرەكان خەومان لێدەكەوت و بەیانیان زووش بە تیشكی ئاوریشمی خۆر بە خەبەر دەهاتین!.
نازانم باسی چی بكەم ..؟ باسی ترسی باوەگەزی یان خلسكێنەی سەر تافایی ژێر كۆپری گەورە  یان چاوە قرژاڵیكەی ئاوی ئەڵوەن بكەم ..؟ مەحاڵە بتوانم لە بیرەوەریەكانمدا ئەڵوەن لەجەلەوە جیابكەمەوە.

لافاوەكەی ئەڵوەن!
لای من جەلەوە چەند جوان بێت، ئەڵوەن جوانتر و زیندووتری دەكاتەوە. لە قەراخی ئەڵوەنی بەری جەلەوەدا هەندێ درەخت و چیمەنی خۆڕسك هەبوو، گەنجەكان لەوانە خاڵەكانم سەعدوڵڵا و ئەنوەر و مامۆستا موحسین لە خوارەوەی جەلەوە لە قەراخی ئەڵوەندا كەپریان بە قامیش و زەل و حەسیر دروست دەكرد بۆ نەجات بوون لە گەرماو و تێربوون لە جوانی ئەڵوەن. 
ئای ئەڵوەن بۆ هەندێ جار دڵرەق و بێ بەزەیی بوویت و ژمارەیەك لە گەنجی شارەكەم نوقمی عەدەم و قوربانی باوەگەزی دەكرد؟! ئەڵوەن بەتایبەتی لە بەهاران توڕە دەبوو، لافاوی هەڵدەساند و ئاو دەگەیشتە لای دەرگای ماڵەكانی بان ئەڵوەن و رێگاكان دادەخرا.
لە ساڵی 1979 ئەڵوەن لافاوێكی گەورە و بە شەختە و بەفرەوە هێنا، ژمارەیەكی زۆری ماسی گەورە كەوتنەسەر ئاو، لە دوای كۆتایهێنانی لافاوەكە ماسییەكان لە قەراخی ئەڵوەن جێمان و بوون بە نسیبی خەڵكی جەلەوە و داهاتێكی باش بوو بۆ هەندێ خەڵكی هەژار كە تا ئێستاش هەر باسی ئەو رۆژە و ئەو لافاوە دەكەن!.
لە هاویناندا لە سەرەتای شەستەكانی سەدەی رابردوو، بە فەرمانی قائیمقامی خانەقی چەند جارێك ژمارەیەك بلدۆزر و شۆڤڵ و گرێدەر و عادیلە رێڕەوی ئاوی ئەڵوەنیان فراوانتر دەكرد بەتایبەتی لە خوارەوە و لەنێوان جەلەوە و عەبدوڵڵابێگدا كەمپەكەیان لە گۆڕەپانی قەسرەكە بوو نزیك بان جەلەوە ئێمەی مناڵان سەرسام بووین بە گەورەیی و هێزی ئەم مەكینانە .
ئەڵوەن بێجگە لە ژیاندنی باخ و بێستانەكانی خانەقی، سەرچاوەیەكی راوكردنی ماسی بوو لە شارەكە بە گشتی و جەلەوە بەتایبەتی.
لەگەڵ كاك حوسەین مەلا عەلی برادەرم زۆرجار ئێواران بە یەكەوە راوە ماسیمان دەكرد،  ئەو بە تۆڕ راوی دەكرد منیش بەردەستیم دەكردو ماسیەكانمان دەبرژاند لە كەناری ئەڵوەن بۆ ژەمێكی ئێواران، برادەرانیتریش دەبوون بە میوانمان، تا درەنگانی شەو بە رووناكی ئاگر و قسەوباسی رۆژگار كاتەكەمان بەسەردەبرد. داخەكەم بۆ ئەو رۆژگارە كە هەموو شتێك پاك و بێگەرد و پڕ خۆشەویستی بوو. هەروەها دیمەنی ئەڵوەن و باخەكان و ئاسمان و ئەستێرەكان جوانی دەباراندە سەر گەشتەكەمان  !!.

راوكەرە ناسراوەكانی خانەقی
راوكەرە ناسراوەكانی خانەقی لەو سەردەمەدا، ئەمانەبوون: مورشیدە لە گەڕەكی تێلخانە و رەفاو لە گەڕەكی عەبدوڵڵابێگ وسكە لە جەلەوە.
مورشیدە و رەفاو بە تۆڕو بەرێگەی ژەهرێكی تایبەتەوە راوەماسییان دەكرد، لە بازاڕی خانەقی دەیانفرۆشت و جاروباریش بۆ راوكردنی ماسی دەرۆیشتن بۆ سەر رووباری سیروان و چەند رۆژێك دەمانەوە.
خاڵۆ وسكە ناوی حوسەین و خەڵكی مەندەلی بوو بە تەنها لە خانووەكەی خاڵۆ مەهدی نوربانو لە ژوورێك كرێچی بوو . پیاوێكی كورتەباڵا، سپی و سور، قژ زەردو تەنك، لوت باریك، چاو و برۆ كاڵ، دشداشەی لەبەر دەكرد، قایشێكی نیمچە باریك لە ناوقەدی دەبەست. ئەم راوكەرە زۆر بەسەبر بوو بە سەعات بەدیار قولابەكەیەوە دادەنیشت لە كەنار ئەڵوەندا بۆ راوكردنی ماسی. چاوەكانی قەتیس دەبووە سەر پەتی نایلۆنی قولابەكە و هەستیشی لای كلكەمژە و ئەسپێكوژەی دەستی راستییەوە بوو ئایا ماسی بە قولابەكەیەوە بوو یان نا!. خواخوای بوو كەس فرسەتەكەی لەدەس نەدات بە شڵەقاندنی ئارامی ئەڵوەن بە مەلەكردن یان پەڕینەوە لە ئاوی ئەڵوەندا. وسكە ئەگەر ماسییەكی گەورەی راوكردبا دەیفرۆشت بەدارندەكان بۆ دابینكردنی ژیانی رۆژانەی خۆی و ئەگەر  بچووكیش بووایا دەیكردە ژەمێكی خواردنی خۆی. 

بەسەرهاتەكانی خاڵۆ وسكە
جارێك لە تەنیشتی خاڵۆ وسكە دانیشتبووم لە قەراخ ئاوەكەو نزیك دوكانەكەی سولەیمان، ئەو خەریكی راوەماسی بوو منیش لە دونیای خەیاڵی منداڵیمدا بووم، سەیری تك تك عارەقی سەر سەری رووت و ناوچاوانی سوور و سپی خاڵۆ وسكەم دەكرد، هەردوو دەستم واڵا كردبووە سەر رانم و نزاو دوعام دەكرد كە ماسییەكی بزە ببێت بە دەم قولابەكەی خاڵۆ وسكەوە. وا لە ماڵەوە گۆشكرابووم كە نزا و دوعای منداڵ لای خوا گیرایە، لە پڕا خاڵۆ وسكە سەیری كردم وتی : رۆڵە ئەوە خەریكی چیت..؟ وتم داوا لە خدری زیندە دەكەم ماسییەكی گەورە بكات بەقولابەكەتەوە، وتی كوڕم خەیاڵت رەحەت بێت خوا بەیانیانی زوو لە رێگای میكائیلەوە رزقی رۆژەكە دابەش دەكات، میكائیلیش لە ئاست ئێمەوە كەڕ بووە هیچ لە فەرمانەكانی خوا نابیستێت و كەسیتریش ناتوانێت دەسكاری دابەشكردنەكەی خوا  بكات!.
ئەو رۆژە هیچ نەبوو بە نسیب بە نائومێدی گەڕایەوە ژوورەكەی، منیش بە دڵشكاوی چوومە ماڵەوە، ئەو شەوە لە خەوما بینیم خاڵۆ وسكە بە جلێكی سپی و دەم بەخەندە و خۆشی و ئاسوودەوە  خەریكی راوە ماسییە لە رووبارەكەی ناو بەهەشتدا و ماسییەكی زۆر بە قەد و باڵا و شێوەی وێنەی كچە كافرۆشی سەر دوڵابەكەی دایكم دەوریانداوە!.
ئەم خەونەم بۆ میم هاجەری دراوسێمان گێڕایەوە  وتی: كوڕم عیماد، خەونەكەت خێرە و ئینشائەڵڵا  كە گەورە دەبیت لەم خەونە تێدەگەی!.
ئەگەر ماوەیەك، راوەماسیەكەی داهاتی نەبوایە خاڵۆ وسكە دەستی دەكرد بە فرۆشتنی شتەكانی خۆی، رۆژێك بە فەوزیە میران دەڵێت: ئەرێ فەوزیە شەرواڵێكی تازەم هەیە بۆ نازمی برات نایكڕی ئەویش دەڵیت: خاڵۆ وسكە كەس شەرواڵی كەسێكی دیكە لە پێدەكات تا من بۆ نازمی برام بیكڕم؟!.
بەداخەوە دوا رۆژەكانی خاڵۆ وسكە زۆر تراژیدی بوو، ژوورەكەی جێهێشت و بە تەنیشت دوكانەكەی سولەیمان بە بێكەسی كەوتەسەر جێگا، خەڵكی جەلەوە بوون بە یارمەتیدەری و عزرائیل بە راوكەری  و مەرگیش بوو بەفریادڕەسی. 
كاتێك ساڵی 1975 كۆچی دوایی كرد و گۆڕستانی قەبری سەید نزیك جەلەوە دەبێتە دوا مەنزڵگای ئەبەدی و ئەویش دەبێتە گومناوێكی تری شیرینترین سەرزەمینی دنیا كە جەلەوەیە!.

رووباری ئەڵوەن

وتارەکانی نوسەر