بۆ ‎بڕیارەکانتان دوای رووداوەکان بێت؟

12:22 - 2024-04-28
ئەسرین محەمەد
85 خوێندراوەتەوە

پەندێکی پێشینان هەیە دەڵێت:(لەپاش باران کەپەنەک) واتا تا پێویست بوو و کەڵکی لێ وەردەگیرا نەبوو، کاتێک بەسەرچوو بۆچی چاکە؟ ئەم پەندە رێک پڕ بەپێستی بەشێک لە بڕیاری لایەنە بەرپرسەکانی هەرێمە کە دوای رووداوەکان بیری دەرکردنی بڕیار و یاسایان دەکەوێتەوە.
رۆژی هەینی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر کۆنترۆڵی لەدەستدا و لە بازگەی دوکان – سلێمانی خۆی کێشا بە 15 ئۆتۆمبێلدا و بەهۆیەوە 15 هاووڵاتی بریندار بوون بێجگە لە تێکشکاندنی چەندین ئۆتۆمبێل.

پێویستە لایەنی بەرپرس بەپێی قەبارەی کارەساتەکان بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و بە یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت

دوای رووداوەکە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بڕیاریدا لە رۆژانی هەینیدا هاتوچۆی بارهەڵگرەکان لە سەعات حەوتی بەیانی بۆ حەوتی ئێوارە قەدەغە بکات لە رێگەی دوکان ـ سلێمانی و بەپێچەوانەوە، رێگەی قەرەداغ، شەقامی هەواری شار بۆ تونێلی پێشڕەو و رێگەی سەرجەم ئەو سەیرانگایانەی لە سنووری شارەزووردان.
تەنها بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ نییە دوای روودانی رووداوەکە بیری دەرکردنی بڕیاری پێویستی کەوتووەتەوە، لەکاتێکدا ئەوە پێویستی بە بیرکردنەوەی زۆر و قوڵ نییە و ئاشکرایە ئێستا وەرزی بەهارە و هاووڵاتیان بۆ گەشت روو لە سەیرانگاکان دەکەن، رێگەکان قەرەباڵغە و پێویستە هاتوچۆی بارهەڵگر لەو رۆژانەدا قەدەغەبێت، بەڵكو ئەوە بۆ هەموو سێکتەرەکانی تری هەرێم راستە. لەماوەی رابردوودا بینیمان دوای کارەساتەکەی ماڵی حاجی مەزهەر و تەقینەوەی ماڵەکەی پاشان بڕیاردرا بەدواداچوونی ورد بۆ سیستمی شۆفاژ بکرێت، پاش رووداوی ئاگر کەوتنەوەکەی هۆتێل سۆما پاشان بڕیار درا قادرمەی رزگارکەر بۆ باڵەخانەکان دابنرێت و چەندین رووداو و بڕیاری دواخراوی لەو شێوەیە.
لە هەرێمی کوردستان زۆربەی جار لایەنی بەرپرس دوای رووداو و کارەساتەکان بیری دەکەوێتەوە یاسا و رێنمایی دەربکات و رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر و بەدواداچوون بکات، لەکاتێکدا پێویستە پێش روودانی کارەساتەکان لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بوارەکەی خۆیاندا خۆیان بە بەرپرس بزانن و پێشبینی رووداوەکان بکەن و یاسا و رێنمایی تایبەت دەربکەن.
ئەوەی جێی سەرنجە دوای چەندین رووداو و بوونی قوربانی لە سێکتەرە جیاوازەکاندا هێشتا لایەنە بەرپرسەکانی هەرێم وەک پێویست هۆشیار نەبوونەتەوە تا پلانی پێشوەختەیان هەبێت بۆ رێگریی لە ئەگەری رووداو و کارەساتەکان، لەپێناو دووبارە نەبوونەوە پێویستە لایەنی بەرپرس بەپێی قەبارەی کارەساتەکان بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و بە یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، کەسی کەمتەرخەم سزا بدرێت و ئەنجامەکەی بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێت تا ببێتە پەند، ئەگەر وا نەکرێت دووبارە بوونەی ئەو رووداوانە بەردەوام دەبن کە بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێشوەختە ئەگەری روونەدانیان زیاترە.

وتارەکانی نوسەر