عەقڵ و خۆراکی ئێکسپایەر

09:10 - 2024-04-29
وتار
75 خوێندراوەتەوە

ئارێز حسێن

چەند رۆژی رابردوو، گوێبیستی هەواڵێک بووین پوختەکەی ئەمە بوو: (بازرگانێکی برنج چەندین تۆن برنجی «بایەعی» لە ناو کیسی برنجی پلە یەک کردووە و بەو نرخە بەسەر هاووڵاتیاندا ساغی کردۆتەوە و لیژنەکانی قایمقامییەتیش لە ئەمبارێکدا دەستیان بەسەر بڕێکی زۆری ئەو برنجەدا  گرتووە)).
رەنگە ئەم بابەتە بهێنێت نەک تەنها بە دەستبەسەرداگرتنی برنجەکە و دەستگیرکردنی بازرگانەکە و رووبەڕووکردنەوەی بە یاسا نەبێتە رێگر لەبەردەم دووبارە بوونەوەی ساختەکارییەکی لەو جۆرە، بەڵام دەشێت دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بخەینە ژێر بەرپرسیارێتییەوە لەوەی کە ئاخۆ:
*ئەو کیسە و گوێنییانەی ئەو برنجی «بایەعی»یەی تێ دەکرێت لە کوێوە دێت؟ ئەگەر لە دەرەوە دێت چۆن لە گومرگ و خاڵە سنوورییەکان ناپرسن کیسەی بەتاڵتان بۆچییە بەبێ برنج؟

 

ئەو بازرگانە ساختەکارانە تاوانباری یەکەمن و لەڕووی ئاکارەوە جیاوازییەکیان نییە لەگەڵ ئەنفالچییەک

 

*ئەگەر لە ناوخۆشدا کیسە و گوێنییەکان دروست دەکرێت، واتە کۆپیکردنەوەی لۆگۆ و ناوی بەرهەمی کۆمپانیایەکی بیانییە و ئەوەش دەچێتە قاڵبی ساختەکارییەوە، ئایا بەدواداچوون بۆ سەرچاوەی ئەو ساختەکارییە دەکرێت؟
ئەو گرفتەش کە لە هەردووکیان زیاتر زیان بە هاووڵاتیان دەگەیەنێت، گرتنی ئەو هەموو ماددە بەسەرچووەیە کە رۆژانە لە میدیاکانەوە دەیبینین و دەیبیستین، بەڵام بەداخەوە هەندێک جار ئەو ماددە خۆراکییە بەسەرچووانە، بەهۆی هەندێک عەقڵییەتی بەسەرچووەوەیە کە بە ئاسانی لە بازاڕەکاندا ساغ‌ دەکرێتەوە، چونکە ناشێت و نابێت بابەتێکی خۆراکی قوتویەک یان کیلۆیەکی بە پێنج هەزار دینار بێت لە عەرەبانە یان پیکابێکی  دەستگێڕ یاخود دوکانێکی لاکۆڵان، بەڵام لە مینی مارکێتێک یاخود مارکێتێکی گەورەدا کە ساڵانە چەند ملیۆنێک یان لانیکەم بە سەدان هەزار دینار کرێ و باج و رسومات و باجی شارەوانی و تابلۆ هەڵواسین و کارەبا و ئاو دەدات، نرخەکەی بە چوار هەزار یان چوار هەزار و پێنج سەد دینار بێت، ئەگەر حیلەیەکی ناشەرعی لە بابەتەکەدا نەبێت.
هۆکارەکانی ئەو ساختەکاریی و ژەهر رشتنە هەرچییەک بێت و هەر کەس و دەزگایەک تێوەگلاوبێت یان بەنەزانی بەسەریدا تێبپەڕێت، ئەوا پێموابێت ئەو جۆرە بازرگانانە تاوانباری یەکەمن و لەڕووی ئاکارەوە جیاوازییەکیان نییە لەگەڵ ئەنفالچییەک و کەسێکدا کە کیمیابارانی هاووڵاتیانی کوردستانی کردووە، چونکە ئەویان وەک دوژمن و لە جەنگدا دەیکات، بەڵام ئەمیان بەناوی کەسابەت و لەپەنا ئاشتیدا دەیکات، بۆیە دەبێت خۆمان بە عەقڵێکی سەلیمەوە خۆمان لە خۆراک و کاڵا نا سەلیمەکان بپارێزین، چونکە ئەو (500) یان هەزار دینارە هەرزانترە، دوورنییە لە داهاتوویەکی نزیکدا ناچارمان بکات ملیۆنان دینار لە چارەسەری خۆماندا خەرج بکەین، بەڵام دوای ئەوەی کار لەکار دەترازێت.

وتارەکانی نوسەر