کۆمێنت

ئەدەبی ئەفەریقی

09:27 - 2024-04-25
شیرین. ک
220 خوێندراوەتەوە

شیرین. ک

(97)

 
ئەدەبی ئەفریقی بەئەدەبیاتی ئەو وڵاتانە دەوترێت كە كەوتوونەتە خوار بیابانی گەورە، ئەوەی پێیدەوترێت ئەفەریقای رەش، لەسەرەتاوە بەتەنیا ئەدەبی سەرزارەكیان هەبووە، نزیكەی سەدەیەكە بوونەتە خاوەنی ئەدەبی تۆماركراو كە سەرەتا بە زمانی داگیركەری ئەوروپایی بووە، پورتوگالی، فەرەنسی، ئینگلیزیی، دواجار بەزمانە ئەفەریقاییەكان، وەكو سەواحیلی، زۆلۆ، هۆسا و هتد.. تا ئێستا تەنیا دوو ئەدیبی ئەفەریقایی رەشپێست خەڵاتی نۆبڵیان پێبەخشراوە، وول سوینكا-ی نەیجیری ساڵی 1986، عەبدولرەزاق گۆرنە-ی تەنزانی ساڵی 2021 . 
نگۆگی واسینگۆ-ی تەمەن هەشتاوپێنج ساڵ، خەڵكی كینیایە بەناوبانگترین ئەدیبی ئەفەریقی رەشپێستە، ساڵانێكی زۆرە لە لیستی پاڵێوراوانی نۆبڵی ئەدەبیدایە، كەسێكی ئەكادیمیستە و خاوەنی چەندین خەڵاتی ئەدەبییە، یەكێكە لەو یەكەمین ئەدیبانەی بەزمانی رەسەنی وڵاتەكەی نووسیوێتی، (شەیتان) یەكەم رۆمانی بووە بەزمانی كیكۆیو نوسیوێتی ئەو كاتەی لە زیندان بووە.
ساڵی1993دوو رۆمانی واسینگۆ-م خوێندۆتەوە: دەنكە گەنم، پەڕەكانی خوێن، دەنكە گەنم حیكایەتی ململانێی كینیا و ئەفەریقایە بەگشتی دژی هەژموونی خۆرئاوا، سەرەتا دژی داگیركەری بەریتانی، دوای ئازادبوونیش دژی گەندەڵكارانی ناوخۆ كە بەناوی پاراستنی دەستكەوتەكانەوە میللەت دەمكوت دەكەن، واسینگۆ دەڵێت: (كارەكتەرەكانم خەیاڵین، بەڵام رووداوەكان راستەقینەن، ئومێدمان وابوو دوای رزگاربوونمان لە داگیركەر گشتمان ژیانێكی باشتر بژین، نەك بەتەنیا كۆمەڵێك كەس!!.)
رۆمانی پەڕەكانی خوێن، باسی واقیعی سیاسی كینیا دەكات، دوای ئازادبوونی لە داگیركەری بەریتانی، باسی ململانێی سێ لایەن دەكات، ململانێی شۆڕگێڕانی دوێنێ كە ئێستا دەسەڵاتدارن دژی میللەت، ململانێ لەگەڵ ئەو لایەنانەی سوودمەندن و بانگەشەی بێلایەنی خۆیان دەكەن، رۆمانەكە چەندین كارەكتەری تیایە كە پێشتر رۆڵی سەرەكییان هەبووە لەشۆڕش و خەباتدا، بەڵام دوای سەربەخۆیی پشتگوێ خراون و بەڵكو خراونتە زیندانەوە بە تۆمەتی جیاجیا، كۆمێنت: (رۆمانەكە ئەزموونی راستەقینەی زۆربەی ئەو وڵاتانە دەگێڕێتەوە كە شۆڕشگێڕان تیایدا دەبنەوە بەچەوسێنەر.) 
لەبەرئەوەی واسینگۆ خاوەنی پرۆژەیەكی كەلتوورییە ئەوەش لە بەرهەمەكانیدا رەنگیداوەتەوە بەتایبەتی لە كتێبە سیاسییە فەلسەفییەكانیدا وەكو لە كتێبی تصفیە استعمار العقل.

وتارەکانی نوسەر