ئیدریس لاهووتی

فەلسەفەی شەمسەدینی شارەزووری بۆ كوردستان دەهێنێتەوە

11:04 - 2024-05-08
مامۆستا جەعفەر
233 خوێندراوەتەوە

د. ئیدریس لاهووتی ئەمساڵ كتێبی (هێما لاهووتییەكان)ی  شەمسەدینی شارەزووری، بە سپۆنسەری (بنكەی رۆشنبیری جەمال عیرفان) بە چاپ گەیاند. ماڵی هەردوولا ئاوابێت وا ماڵی هەموو كوردیان ئاواكرد. ئەم كتێبە 568 لاپەڕەیە : پێشەكییەكی (158) لاپەڕەیی بە كوردی بۆ نووسراوە و دەقە عەرەبیەكەی نووسینەكانی شارەزووری پاش پێشەكییە بەنرخە كارئاسانیە بۆ تێگەیشتنی كارەكانی شارەزووری دانراوە.
ئەم كتێبە لە بنەڕەتدا: نامەی دكتۆرایە، ساڵی (2020) لە زانكۆی تاران - بەشی ئیلاهیات پێشكەش كراوە .
ئەمە یەكەمین جارە، كوردێك نامەی دكتۆرا لەسەر شەمسەدینی شارەزووری بنووسێت، پاشان بە كوردی بڵاوی بكاتەوە. شارەزووری لە ئەدەبیاتی ئێرانی و عەرەبی دا، بە یەكێك لە فەیلەسوف و بیرمەندە گەورەكانی سەدەی حەوتەمی كۆچی دادەنرێت. كاریگەری بەرچاوی لەسەر زۆربەی فەیلەسوف و زانایانی (علم الكلام ) و لۆجیك هەبووە وەكو (ملا صەدرای شیرازی، میرداماد،.....) مەخابن زۆرینەی”رووناكبیر “ و مێژوونووسانی كورد، شتێكی ئەوتۆی لەسەر ئەم زانا و فەیلەسوفە ناسراوە نازانن. هیوادارم ئەم كتێبەی لاهووتی، دەرگای گەڕان و لێكۆڵینەوە و كاركردن لەسەر شارەزووری بخاتە سەرپشت. كەسێك ناسنامەكەی “شارەزووری ”گومانی كوردبوونی لەسەر نەبێت . گەورە نووسەر و شارەزایانی ئێرانی بە ناسراوترین راڤەكاری فەلسەفەی (ئیشراق) پاش سوورەوەردی (شهاب الدین السهروردی  المقتول) دابنرێت. بۆ بابایەكی كوردی بێكەس و بێنەوا و بێدەرەتان، شانازی بەم كەسایەتییە مەزنەوە نەكات؟ سەیری زانكۆ و ناوەندە رۆشنبیرییەكانی ئێران بكە چۆن كتێبەكانی شارەزووری چاپ دەكەن و بۆ سەر زمانی فارسی وەردەگێڕن؟ كەچی نووسەرێكی لاوی وەكو لاهووتی لە زانكۆی تاراندا، شارەزوورییەكەی هاوناسنامەی خۆی دەناسێتەوە. لە كاتی خوێندنی ئەكادیمی دەزانێت (مەلا صەدرای شیرازی) لە رێگەی كتێبەكانی شارەزوورییەوە روو دەكاتە فەلسەفەی  (ئیشراق). مەلا  سەدرا ، دەیان كتێبی لەسەر نووسراوە و هەر لەسەردەمی سەفەوییەكانەوە تا ئەمڕۆ شانازی پێوە دەكەن. ئیدی هەر لەو كاتەوە، ئەمیش باشتر لە گرنگی شارەزووری تێدەگات. 
كوردبوونی سوورەوەردی و شارەزووری
راستییەك هەیە دەبێ لەبەر چاوان بگیرێت: سوورەوەردی كورد بووە و شارەزووریش كورد بووە. ئەم دووانە و خوێندكارەكانیان، پابەندبوونی خۆیان بە كەلتوری رۆژهەڵاتەوە راگەیاندووە (ململانێی رووناكی لەگەڵ تاریكی دا) لە هەمان كاتدا، پشتگوێ نەخستنی فەلسەفەی یۆنانی. ئەم خاڵە سەرنجی چەندین كەسی وەكو ئیدریس لاهووتی و ئیسماعیل شەمسی راكێشاوە: ئاشتكرنەوەی فەلسەفەی رۆژهەڵاتی و فەلسەفەی رۆژئاوایی. ئایا دەتوانرێت ناوی ئەم ئاڕاستەیە، جگە لە فەلسەفەی  ئیشراق، ناوێكیتری بۆ دابنرێت؟ چەند كوردی تر لە بن ساباتی حیكمەتی ئیشراقی سوورەوەردی كۆبوونەتەوە؟
شەمسەدینی شارەزووری، پەیڕەوی رێبازی سوورەوەردی شەهیدی (1155-1191) كردووە. ژمارەیەك كتێبی ناوازەی لەسەر فەلسەفەی (ئیشراق) نووسیوە . هەر بۆ نموونە  شەهابەدینی سوورەوەردی كتێبی  (حكمە الاشراق )ی نووسیوە. شارەزووریش هاتووە شیكاری ئەم كتێبەی كردووە و ناوی لێ ناوە (شرح حكمة الاشراق) لە سونگەی ئەم كتێبەوە، رێبازی حیكمەت و فەلسەفەی ئیشراق باشتر ناسراوە. كتێبەكانیتریشی، بە هەمان شێوە شێكاری و راڤەكاری بیروباوەڕی و هزری مامۆستا و رێبەرە شەهیدكراوەكەی بووە. ئەمەش ناوی بەشێكە لە كتێب و لێكۆڵینەوەكانی شارەزووری:
1- تاريخ الحكماء و الفلاسفة - نزهة الارواح و روضة الافراح
2 -  شرح حكمة الاشراق
3 -رسائل الشجرة الالهية في علوم الحقائق الربانية 
4 - تلویحات:  شرحی تنقیحاتی سوهرەوەردی 
5 -  مدينة الحكماء 
6 - الرموز والامثال اللاهوتیة كە دەكاتە كتێبی( هێما لاهووتییەكان )كە دكتۆر لاهووتی بۆ یەكەمین جار بڵاوی كردۆتەوە.
لاهووتی ئەم كتێبە بڵاونەكراوەی شارەزووری خستۆتە بەردەستی فێرخوازنی فەلسەفە و لاهووت. بێگومان پێشەكییەكی فراوانی بۆ رێباز و بیری شارەزووری تەرخان كردووە.
دوو خاڵ هەیە پێویستییان بە  شیكاری و روونكردنەوە هەیە:

 

شەمسەدینی شارەزووری زۆر تینووی فێربوون و زانست بووە و لە هەر كوێیەك زانیبێتی چۆڕێك شەرابی زانستی دەتوانێت لێوی تەڕ بكات ملی ئەو رێگایەی گرتووە 

 

* فەلسەفەی ئیشراق چییە؟
سوورەوەردی بە بناغەدانەری فەلسەفەی ئیشراق دادەنرێت. ئەو هەوڵیداوە فەلسەفەی یۆنانی و (حیكمەتی خوسرەوانی ئێران باستان) تێكەڵاو بكات و فەلسەفەی ئیسلامیشی لەبەرچاو بگرێت. ئەو خۆی لە لایەكەوە لە رۆژهەڵات (سوورەوەرد) لەدایكبووە و رسكاوە، لە لایەكیتریشەوە سەردانی یۆنانی كردووە و دەستبەرداری فەلسەفەی ئیفلاتۆن و ئەرستۆ نەبووە. هەرچەند رەخنەی لە هەندێ لایەنی فەلسەفەی ئەرستۆتالیس و پلاتۆ گرتووە. لە هەر باخێك گوڵێكی چنیوە. مەلیك زاهیری ئەیوبی  (الظاهر غازي 1172 - 1216) كە ئەوكاتە، بەو گەنجییە والی حەلەب بووە. ساڵی (1191 ز) واتە: ساڵی شەهیدكردنی سوورەوەردی تەمەنی تەنیا (19) ساڵ بووە. ئێمە شێوەی بەیەكگەیشنی
(میر)ێكی كورد و (سۆفی)یەكی تێر لە دەریای فەلسەفە نازانین. ئەوە دەزانین میری لاو، دەكەوێتە بن سیحری كەسایەتی و كاریگەری كاریزمای رێبەرێكی سۆفی و فەیلەسوفی لاو، كە وەكو عولمای شام بیر ناكاتەوە. بۆیە بە زۆر بە گەرمی لە دەرباری شاهانەی پێشوازی لێدەكات و گوێ بۆ فەلسەفە و عیشقی خودایی ئەو رادەدێرێت. ئەم پەیوەندییە بە دڵی زۆربەی پیاوانی ئاینی و شێخ و مشایەخی ملكەچی دەسەڵاتی ئەو سەردەمە نابێت. نامەی ئاگرینی ناڕەزایی بۆ سەلاحەدینی ئەیوبی (1137-1193 ز) دەنووسن. بە نامەباران سوڵتانی مەزن بۆژوو دەكەن. ئەوان سوورەوەردی بە كافر و خاچپەرست و لایەنگری رۆم دادەنێن.  سوڵتانی ئەیوبی خاچپەرستبەزێن، هێز و رێز و ناوبانگی، بە شەڕی خاچپەرستان و تێكشاندنیان گرێدرابوو. تا دوارۆژی ژیانی لە شەڕگەی واندا ، بە كۆڵی ئەسپەوە بووە.
 سەلاحەددینی ئەیوبی  پیاوێكی پراگماتی و بڕیارداڕێژەر بووە: نەیویستووە لەبەر خاتری (سۆفییەك) كە تاوانی (كوفر) و (پەیامبەرایەتی) و (دۆستایەتی رۆم) بەرەی ناوخۆی وڵات بشێوێنێت و لێكبترازێنێت و دەسەڵاتی خۆی لەناو لەپی دێوەزمەیەكی نەزانراو دابنێت. با ئەو مەترسییە بچووكترین مەترسی بووبێت. ئەویش داوا لە كوڕەكەی دەكات، زوو ئەم״ سۆفییە گومڕایە״ بە دەردی مەنسووری هەلاج بەرێت. لە تەمەنی 36 ساڵیدا (1191 ز) دەكوژرێت.
ب - ئایا شارەزووری راستەوخۆ قوتابی سوورەوەردی بووە؟
شیهابەدینی سوورەوەردی ساڵی 588 ك (1191ز) كوژراوە. شەمسەدینی شارەزووری ساڵی (680 ك) لە ژیاندا بووە. واتە: نزیكەی سەدەیەك جیاوازی لەنێوان دوا ساڵی تەمەنی سوورەوەردی و ساڵێك، كە  شارەزووری لە دەستنووسێكی خۆی ئاماژەی پێی كردووە. 
پ- شەمسەدینی شارەزووری لە نووسینێكی خۆی دا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە سەردانی چەندین وڵاتی كردووە و زۆر گەڕاوە. شوێنی بە خۆیەوە نەگرتووە(...الا اني لكثرة الاسفار والجولان في البلدان و كثرة تحريك المستعدين و الافاضل و ذوي النفس الزكية و الهمم العالية ظهر هذا الرجل الفاضل و كثرت الرغبة فيه وفي كتبه و كلامه ...الخ. شرح حكمة الاشراق - ضيائي تربتي - ص 7 ) ئەمە بەڵگەی تینوویەتی كەسێكە بۆ فێربوون و زانست. لە هەر كوێ زانیبێتی چۆڕێك شەرابی زانستی دەتوانێت لێوی تەڕ بكات، ملی ئەو رێگایەی گرتووە. رەنگە هەر ئەمەش هۆیەك بێت بۆ لەناوچوونی پاژێكی دەستنووس و نامە و كتێبەكانی لە كاتی گەشت و گەڕان و ئەم شار و ئەوشار كردن دا. 
ج- هۆی چییە كتێب و نووسینەكانی شارەزووری، تەنیا بەشێكی پێمان گەیشتوون؟ بەڵام   ژیاننامەی ئەم بیرمەندە گەورەیە، لەو دیوی گەردەلوولێكی تاریك شاراوەتەوە؟
دیارە هۆكارێك هەیە، شەمسەدین و خوێندكارەكانی هەستیان بەمەترسی كردووە. چارەنووسی مامۆستا و رێبەرەكەیان لە بەر چاو گرتووە. لەسەرەتاوە تا كۆتایی ژیان، نهێنی ناسنامەی خۆیان  شاردۆتەوە.

 د. ئیدریس لاهووتی

وتارەکانی نوسەر