پەكخستنی كاری ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە سوودی کێیە؟

10:57 - 2024-05-13
ئه‌سعه‌د عه‌زیز محه‌مه‌د
466 خوێندراوەتەوە

ئەسعەد عەزیز محەمەد 

 

چەندین مانگ بەسەر تێپەڕبوونی هەڵبژاردنی پارێزگاكان تێدەپەڕێت و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، نەیتوانیوە پارێزگاری نوێ و ئیدارەی شارەکە دیاریبکات، ئەگەرچی لە پارێزگاکانی دیکەی عیراقدا ئەم پڕۆسەیە کۆتایی هاتووە. 
لە كەركوكدا ئەم هاوكێشەیە بە جۆرێكی ترە، ئەوەی سەیری رەوشی شارەکە بكات، تێبینی ئەوە دەكات كە هەوڵدەدرێت ئەنجامی پڕۆسەی هەڵبژاردن فەرامۆش بكرێت، بەڵكو تا ئەندازەیەكی زۆر پشتگوێ بخرێـت. 

 

کەرکوک تایبەتمەندیی خۆی هەیە، مانەوەی بەم جۆرە، بەتەنها لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی كارگێڕیی ئێستای كەركوكە

 

راستە كەركوك دۆخێكی تایبەتی هەیە و پێویستە بە حەكیمانە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، بەڵام  لیستە سەركەوتووەكانی ناو هەڵبژاردن كە لە راستیدا لیستی پێكهاتەكانن، دوای چەندین مانگ هێشتا نەگەیشتوونەتە چارەسەری كۆتایی و یەكجارەكی بۆ دۆخی چەقبەستووی پڕۆسەی سیاسی، بە مەبەستی یەكلاكردنەوەی  گرێی دانانی پارێزگار و دەسەڵاتی كارگێڕی. 
کەرکوک تایبەتمەندیی خۆی هەیە، مانەوەی بەم جۆرە، بەتەنها لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی كارگێڕی ئێستای كەركوكە، درێژەدان بە حوكمی خۆی وەكو پارێزگار و فەرمانڕەوای كەركوك و تێپەڕاندنی کات بەمانەوەی لەو پۆست و دەسەڵاتە بەهیچ جۆرێک لە بەرژەوەندیی لیستی سەركەوتووی پارێزگاکە نییە كە لە 15  كورسی ئەنجومەنەكە لیستی پێكهاتەی كورد خاوەنی حەوت كورسییە. 
هێشتا كۆبوونەوەكانی ئەنجومەن دەستیپێنەكردووە و پارێزگار دانەنراوە و و كارەكانی ئەنجومەنی پارێزگا پیادە نەكراوە، هەموو ئەم بارودۆخە بەو ئاقارەدا دەخوێنرێتەوە كە ئاراستەیەكن بۆ پەكخستنی كاری ئەنجومەنەكە.                                                                                                                                       هەڵبژاردن، بۆ ئەوە دەکرێت تا رەوشێكی نوێ و گۆڕانكاریی بنەڕەتی بهێنێتە ئاراوە، بەڵام واقیعی سیاسی و سیستمی كارگێڕی كەركوك لەدوای هەڵبژاردن، ئەوەمان پیشان نادات كە رەوشی سیاسی و كارگێڕی بەرەو ئەو ئاراستەیە بڕوات، گۆڕانكاری و دەستاودەستكردنی دەسەڵات وەكو بنەمایەكی دیموكراسی پەیڕەو بكرێت، ئەوەی لەو شارە دەبینرێت، هەمان واقیعی پێش هەڵبژاردنە، ئەمەش ئەوە دەردەخات كە هەڵبژاردنی پارێزگاكان کاریگەریی نەبووە لە هێنانەکایەی گۆڕانکاری.
بۆ یەكلایكردنەوەی گرێی كەركوك و كێشەی ئەنجومەنی پارێزگا، دەسەڵاتی سیاسی كوردی  بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە، هەوڵی ئەوە بدەن چارەسەرێكی گونجاو بدۆزنەوە.
نابێت سازش لە ئەنجامی هەڵبژاردن بكەن، زۆر گرنگە ئەو ئەنجامە بكرێتە بنەمای دانانی پارێزگار و كاراكردنی ئەنجومەنی شارەکە.                                                             دەسەڵاتی سیاسی و حكومەت و پەرلەمان، هەرگیز نابێت  ئەوە لەبیربكەن كە چەندین ساڵ بە پاساوی جۆراوجۆرەوە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا نەکراوە، لەكانونی یەكەمی ساڵی 2023 پاش چەندین ساڵ هاوشێوەی شارەكانی تر هەڵبژاردن کرا، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانیە لەدوای تێپەڕبوونی چەندین مانگ، كار بە ئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنە نەكراوە، دەسەڵاتی حكومەتی عیراقی و ئەنجومەنی نوێنەران، وەك ئەجێندایەكی دیموكراسی بەو ئاراستەیە كاریان نەكردووە تا پاریزگارێكی نوێ بۆ كەركوك دابنێن و رۆڵی یاسادانان و پلاندانان و چاودێری بدەن بە ئەنجومەنی شارەکە.

وتارەکانی نوسەر