ئێمە لەكوێی یادەوەریەكانمانداین؟

10:10 - 2024-05-14
ئیبراهیم هەورامانی
187 خوێندراوەتەوە

ئیبراهیم هەورامانی


كەم رۆژ و مانگ و هەفتە هەیە لە مێژووی نەتەوەكەماندا، یادەوەرییەك و تاوانێكی دوژمنكارانە لەلایەن دوژمنە یەك لەدوای یەكەكانی نەتەوەكەمانەوە بە مەبەستی بێبەشكردنمان لە ژیان و مانەوەمان وەك نەتەوەی كوردزمان، تۆمار نەكرابێت.

بەڵگە و دیكۆمێنتی ناوێت
پێویست بەهێنانەوەی هیچ بەڵگە ‌و دیكۆمێنتێك ناكات بۆ ئەوەی مەزڵومیەتی خۆمان دووپات بكەینەوە كە ‌هەمیشە و لەسەردەمە جیاوازەكاندا، دەسەڵاتدار و حكومڕانەكانی ئەم وڵاتە نكوڵیان لە بوونی نەتەوەیی و بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانمان كردووە.
دیارە لە ‌بەرامبەر كۆی ئەم تاوان و پیلانگێڕییەدا، ئێمەش دەستەوەستان و بێ وەڵام نەوەستاوینەتەوە، لەم پێناوەدا و بۆ سڕینەوەی تەواوی پیلان و مەرامی دوژمنكارانەیان دەریایەك خوێنمان بە ‌ئازادی و دەستەبەركردنی مافی نەتەوەییمان بەخشییوە.
هەربۆیە دەتوانین بڵێین كورد، تاكە نەتەوەی سەرزەوییە كە مێژووەكەی پڕە لە یادەوەریی هەمەجۆر، ئەو یادەوەرییانە دواجار دەكرێت بكرێنە هەوێنی دروستكردنی دەوڵەتێك بۆ نەتەوەیەكی بێ دەوڵەتی وەك ئێمە.
ئەركی مرۆڤ بەرامبەر یادەوەرییەكان
ئەوەی مەبەستمە لێوەی بدوێم، قسەكردنە لەسەر ئەركی ئێمە لەبەرامبەر تەواوی یادەوەرییەكانمان، ئایا تا ‌ئەمڕۆ تا چەند توانیومانە وەك مەسئولییەتی نەتەوەیی، ئەم یادەوەرییانە لەكارەكانماندا رەنگدانەوەیان بووە؟
ئایا تا چەند توانیومانە مەلەفی ئەم یادەوەرییانە وەك دەسكەوتێكی نەتەوەیی بخەینە ‌سەر مێزی دانوستان و رێكەوتنەكان دواجار بە مەنفەعەتی نەتەوەیی و دەستەبەركردنی مافی نەتەوەیی بونمان بەكار بهێنین؟
پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ‌سێ دەیە لە ‌مێژووی دروستبوونی دەسەڵاتی خۆجێیەتی لە ‌باشووری كوردستان، مانەوەی زۆرێك لە مەلەفە نەتەوەییەكانمان بەشێوەی هەڵواسراو، لەكاتێكدا دەبوو كۆی‌ ئەم یادەوەریی و دۆسێی ئەم یادەوەرییانە هەر لەسەرەتاوە بكرایەتە دەستپێكی كاركردن و رەوینەوەی ئەو خەمساردیانەی كە ‌بوونەتە مایەی ئەم رۆژانەی نەتەوەكەمانی تێدا دەژی.
دەمەوێت باس لە یەكێك لەیادەوەرییە نەتەوەییەكانمان بكەم كە خۆپیشاندانە جەماوەرییە بەرفراوانەكەی 13/5/1987 ی شاری هەڵەبجەیە وەك بەبیرهێنانەوەیەك بۆئەم نەوە نوێیە ‌بەكورتی لەم یادەوەرییە دەدوێم.
وەك ناڕەزایەتییەك لەبەرامبەر تەواوكردن و جێبەجێكردنی دواقۆناغی پڕۆسەی راگواستنی دێهاتەكانی دەوروبەری شاری هەڵەبجە، خەڵكی شارەكە و دەوروبەری بە یەكگرتوویی و بێگوێدانە هێزی بێشوماری دەسەڵات و سوپای بەعسییەكان لە رۆژێكی مانگی مایسی 1987 خەڵكی شارەكە بانگەوازی خۆپیشاندانێكی سەرتاسەرییان له ‌دژی سیاسەتە دوژمنكارەكانی بەعس گەیاندە دەنگە ناڕازییەكان، ئەوەبوو لەماوەیەكی كەمدا خەڵكی ناڕازیی توانی كۆنترۆڵی زۆربەی شارەكە بكات و خۆپیشاندان ناحیەی سیروان و سەیدسادق و شەقڵاوە بگرێتەوە.
رژێمی بەعس بۆ سەركوتكردن و كپكردنەوەی خۆپیشاندانەكە بە ‌بەكارهێنانی هێزی ئاسمانی و سوپایەكی بێشومار كەوتنە گیانی خۆپیشا‌ندەران و پاش شەهیدكردن و زیندەبەچاڵكردنی زیاتر لە 100 هاووڵاتی بێدیفاع لەسەربازگەكانی شانەدەری و هەڵەبجە،‌ روخان و وێرانكردنی تەواوی گەڕەكی كانی عاشقان و چەندین خانووی هاووڵاتیان لە ‌گەڕەكی كانی قوڵكە  كە یەكێك بوو لە ‌گەڕەكە گەورەكانی شارەكە و ئاوارەبوونی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان بۆ وڵاتی ئێران توانی خۆپیشان كۆتایی پێبهێنێت.
ئەنجامدانی ئەم تاوانە لەبەرامبەر ناڕازیبونی خەڵكی شارەكە ‌و ناوچەكە لە ‌دژی سیاسەتی رژێمی بەعس تاوانێكی دیكە بوو لە بەرامبەر جینۆسایدكردنی نەتەوەكەمان لەم ناوچەیە.
بەئەنجامدانی ئەم تاوانە گەلەكەمان بووە خاوەنی یادەوەرییەكی دیكە لە ‌مێژووی سیاسی خۆیدا.
لێرەوە جارێكی دیكە دەپرسین ئایا تاچەند توانیومانە وەك خاوەن یادەوەری خۆمان بناسێنین؟
ئایا بە ‌درێژایی ئەم سێ دەیەی لە حوكمڕانی خۆجێیمان تاچەند توانیمان بە ‌سوودی مەسەلە نەتەوەییەكەمان كار لەسەر ئەم دۆسێیە بكەین لە ‌تەواوی گۆگتوگۆكانماندا؟
یان بە‌پێچەوانەوە بە ‌ئەمڕۆشەوە بووە دەمانەوێت و ویستومانە ئەم یادەوەرییانە و كۆی یادەوەرییەكانی دیكە بكەینە بەهانەی خۆ بەپاڵەوانكردن، وەك تاك و هەمیشە وەك دۆسێیەك بۆ مەبەستی بەرژەوەندی تاك و تاكگەرایی بەكاربهێنین؟
ئەمڕۆ ئێمە لە دەرەوەی ئەم دۆسێیەیانەدا دەژین و بەردەوام خەمساردانە لە ‌دوورەوە لەم دۆسێیە پڕ له ‌دەسكەوتانەمان روانیوە و هەوڵمانداوە و هەوڵ دەدەین دۆسێكان وەك پاڵەوانی مەیدان لێمان بڕوانن و زیاتر لەسەر مێزی گفتوگۆ پڕ لەبەرژەوەندییە شەخسیەكان قسەی لەبارەوە بكەین.
لەكاتێكدا دەبوو ئێمە وەك كورد لە ‌سێبەر و بەپاڵپشتی كۆی ئەم دۆسێ ‌و یادەوەرییانە (ئەنفال، راگواستن، بەعەرەبكردن، كیمیاییبارانكردن، زیندەبەچاڵكردن، ئاوارەكردنی فەیلیییەكان، ئەنفالكردنی بارزانییەكان، كوشتنی بەكۆمەڵ، سەرنگونكردن و رفاندن، ئەنفالكردنی نزیك بە 200 هەزاركەس... هتد) دواجار ببوونایەتە مایەی دروستكردنی دەوڵەت، تا چیدیكە نەتەوەكەمان لە بێ دەوڵەتیدا نەمێنێتەوە.

 

تا چەند توانیومانە مەلەفی یادەوەرییەکان وەك دەسكەوتێكی نەتەوەیی بخەینە ‌سەر مێزی دانوستان و رێكەوتنەكان

 

وتارەکانی نوسەر