ئارام هادی
قەرەجەکان لە دنیادا بەوەناسراون خاوەنی هیچ نیشتمانێک نین، سروشتی ئەوان لە کەلتووری مێژوویی بۆیان ماوەتەوە گەریدەن و لە شێوەی گرووپ و خێڵدا بەسەرتاسەری جیهاندا کۆچ دەکەن هەرماوە و لە جوگرافیای وڵاتێکدا بە کاتی نیشتەجێدەبن، بەڵام ئەمە لە ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای کوردستان)دا جیاوازە و لە هەوڵێکی مرۆییدا و بۆ یەکەم جار لەسەرئاستی جیهان مافی هاوڵاتی بوون و مانەوەی هەمیشەیی بە (قەرەجەکان)ی دانیشتوی رۆژئاوای کوردستان بەخشی، کە ژمارەیان نزیک بەدوو هەزار کەسە و ئەمەش لە گرێبەستی کۆمەڵایەتی (دەستووری رۆژئاوا) کە لە 12ی کانونی یەکەمی 2023 پەسەندکرا لە ماددەکانی (29-60-91) بەڕوونی دان بە مافی هاوڵاتی بوونی پێکهاتەییاندا نراوە و وەک هەر هاوڵاتییەکی تر ئەرک و مافیان هەیە.
لەقەرەجەوە بۆ کۆچەری
قەرەجەکانی رۆژئاوای کوردستان کە لەسەر داواکاری خۆیان حکومەتی خۆسەری ناوەکەی لە قەرەجەوە گۆڕیون بۆ «کۆچەری» 100 سەد خانەوادەیان لە کۆبانی و بەدەیانی تریان لە جزیرە و قامیشلۆ و دێرک نیشتەجێن، جگە لە مەش (120)خانەوادە کەژمارەیان (500)کەسە لەناوچەی شەهبا نیشتەجێن.
لەڕووی ئیداریەوە کاروباری خۆیان بەڕێوەدەبەن و ئەندامێکیشیان لە ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ئیداری شەهبا هەیە، لەسیستەمی پەروەردە و خوێندن منداڵەکانیان زمانی کوردی دەخوێنن، لە هونەر و شێوەکاری و دەنگخۆشیدا بەدەیان هونەرمەندیان لەبوارەکانی پاراستنی کەلتوور و دابونەریت و عورفی کۆمەڵایەتیدا هەیە، بڕیاریشە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی رۆژئاوای کوردستان هاوسەرۆکی شارەوانی و ئەندامی ئەنجومەنیان پێبدرێت کە لە 30/5/2024 ئەنجام دەدرێت.
لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە قەرەجەکانی رۆژئاوای کوردستان دابەشبوون بەسەر سێ بنەماڵەی گەورە بە ناوەکانی (دادا_ شێخۆ_ محەمەد) بەم بڕیارەی ئیدارەی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای کوردستان) خۆشحاڵن کە لە جیهاندا بۆ یەکەم جارە لە رۆژئاوای کوردستان رێزیان لێ دەگیرێت و مافی هاوڵاتی بوون و مانەوەی هەمیشەییان پێدراوە.