كۆمێنتی نەشیاو و دیوی دووەم

11:15 - 2024-05-15
بەنان فاروق
310 خوێندراوەتەوە

كۆمێنت بریتییە لە نووسینی رایەك دەربارەی ئەو بابەتەی كە لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاوكراوەتەوە و هەموو سۆشیاڵ میدیاكان كۆمێنتیان هەیە و دەتوانرێت رای تایبەتی كەسەكە بنووسرێت.
جنیۆدان كەسایەتی مرۆڤ ناشیرین دەكات
هەنووكە ئەوەی زۆر دەبینرێت و بەرچاو دەكەوێت نووسینی كۆمێنتی نەشیاوە، مەبەست لە كۆمێنتی نەشیاو (جنێودان، سووكایەتی، قسەی ناشیرین و نابەجێ) یە بە خەڵكی، كە هیچ سوودێك بەو كەسە نابەخشێت كە دەینووسێت، بگرە بە نووسینی زیان بە كەسایەتی خۆی دەگەیەنێت و كەسایەتی خۆی ناشیرین دەكات.
بەشێكی هەرە زۆری ئەو پۆستانەی لە پەیجەكان دەكرێن راستی نین و فەیكن، واتە ساختەن و بە مەبەست دادەنرێن لە پێناو كۆكردنەوەی لایك و كۆمێنتی زۆر، بەشێكی زۆری خەڵكیش بەهۆی بێكاری و بەتاڵییەوە سەرقاڵی نووسینی كۆمێنتی نەشیاو دەبن، بە شەو بە رۆژ بەردەوام سووكایەتی بە خەڵكی دەكەن و بێئاگا لەوەی كە پەیجەكان ئەمانە بۆ ئەوە دەكەن تاوەكو خەڵكی كۆمێنتی نەشیاو و جنێو و سووكایەتی بنوسێت و ئەوان ئەكتیڤی خۆیانی پێ بەرز بكەنەوە، پێویستە خەڵكی لەو بابەتانە هۆشیار بكرێنەوە و بزانن هەواڵەكە، یان نوسراوەكە راستە یان نا و واز لە نووسینی كۆمێنتی نەشیاو بهێنن.
كۆمێنتی نەشیاوە، نیشانەی ئیرەییە
بەشێكی دیكەی نووسینی كۆمێنتی نەشیاو بۆ ئەو كەسانە دەگەڕێتەوە بۆ بەغیلی بردن، (ئیرەیی) بردن بەو كەسەی كە پۆستی لەسەر كراوە و ناتوانن وەكو ئەو كەسە بن لە خەویشدا و لە بەغیلی خۆیاندا ناچار دەبن كۆمێنتی نەشیاو بۆ ئەو كەسە بنووسن كە پۆستی لەسەركراوە وا دەزانن بەم جۆرە دەتوانن خۆیان ئاسوودە بكەن و بە حسابی خۆیان ئەو كەسە ناشیرین بكەن، بەڵام بێئاگان لەوەی كە ئەو كۆمێنتە نەشیاو و پڕ جنێو و ناشیرینانە خۆیان ناشیرین دەكات و ئەو كەسەی كە كۆمێنتی نەشیاوی بەرامبەر كراوە و جنێو و سووكایەتی پێكراوە دەتوانێت بە هۆی ئەو كۆمێنتەوە سكاڵای یاسایی تۆماربكات و كەسەكە دەستگیربكرێت و سزا بدرێت.

 

بەپێی یاسای ژمارە شەشی ساڵی 2008 ی قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لە هەرێمی كوردستان، كۆمێنتی نەشیاو تاوانە و سزای هەیە

 

 

كۆمێنتی نەشیاو، تاوانە
لە رووی یاساییەوە نووسینی كۆمێنتی نەشیاو تاوانێكی گەورەیە و ئەو كەسەی كە كۆمێنتی نەشیاوی بەرامبەر كراوە دەتوانرێت سكاڵا تۆماربكات و كەسی خاوەن كۆمێنتە نەشیاوەكە دەستگیر بکرێت و سزابدرێت بەپێی یاسای ژمارە شەشی ساڵی 2008 ی قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لە هەرێمی كوردستان - عێراق بەپێی ئەم مادانە:
مادەی یەكەم: قسەكردنی تەلەفۆنی و پەیوەندییەكانی پۆستەیی و ئەلیكترۆنی لە كاروبارە تایبەتییەكانن و نابێ رێز و حورمەتیان بشكێندرێت.
مادەی دووەم: هەر كەسێك گەر بە خراپی تەلەفۆنی خانەیی (مۆبایل) یا ئامێرێكی پەیوەندی كردنی تەلدار، یان بێ تەل یان ئەنتەرنێت، یان پۆستی ئەلیكترۆنی بۆ مەبەستی هەڕەشەكردن یان تۆمەت هەڵبەستن، یان جنێودان، یان بڵاوكردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو بەكارهێنا كە ترس پەیدا دەكات یان دزەی بە گفتوگۆكردن كرد یان وێنەی چەسپاو و جووڵاو، یان كورتیلە نامەی (مەسج) بڵاوكردەوە كە لەگەڵ خو و رەوشتی گشتیدا ناگونجێن، یان بەبێ روخسەت و مۆڵەت وێنەی گرت، یان كاروبارێكی وا كە شەرەف بریندار بكات، یان هانی ئەنجامدانی تاوان، یان كاری بەدڕەوشتی یان بڵاوكردنەوەی زانیاری پەیوەست بە نهێنی ژیانی تایبەت یان خێزانی بۆ تاكەكان  بڵاوبكاتەوە كە بەهەر رێگەیەك بێت چنگی كەوتن هەتا ئەگەر راستیش بن، ئەگەر بەهۆی بڵاوكردنەوەیان و دابەشكردنیان سووكایەتی یاخود زیانیان پێ بگەیەنێ، ئەوا بۆ ماوەیەك بەند دەكرێ (حبس) كە لە شەش مانگ كەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵیش زیاتر نەبێت و بە غەرامەیەكیش سزا دەدرێت كە لە یەك ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێ یان بە یەكێك لەو دوو سزایە سزا دەدرێت.

وتارەکانی نوسەر