ئازاد ئیبراهیم
تیمه‌كانی خزمه‌تگوزاری و ئاوه‌ڕۆ له سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی سلێمانی، هه‌ڵمه‌تی پاككردنه‌وه‌ی شه‌قام، كۆڵان، ئاوه‌ڕۆ و قوڕ و به‌ردی سه‌ر شه‌قامه‌كانیان ده‌ستپێكردووه. لێپرسراوی راگه‌یاندنی شاره‌وانیش داوا له هاووڵاتیان ده‌كات ئاگاداریان بكه‌نه‌وه له پیسبوونی رێگه‌وبان و كۆڵانه‌كانیان.
زه‌رده‌شت ره‌فیق لێپرسراوی راگه‌یاندنی شاره‌وانیی سلێمانی، له لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، وتی: دوای هه‌ر بارانێكی به‌خوڕ، پاككردنه‌وه‌ی شه‌قام و كۆڵان و رێگه سه‌ره‌كییه‌كان ده‌ستپێده‌كه‌ین و ئه‌و به‌رد و خۆڵه‌ی رێگه‌كان پیس ده‌كه‌ن و ده‌بنه ئاسته‌نگ بۆ هاووڵاتیان و شۆفێران، لایده‌به‌ین، وتیشی: هه‌ڵمه‌ته‌كه هه‌موو شه‌قام و رێگه سه‌ره‌كییه‌كان ده‌گرێته‌وه، داواش له هاووڵاتیان ده‌كه‌ین ئاگادارمان بكه‌نه‌وه له پیسبوونی كۆڵان و شه‌قامه‌كان، كه تیمه‌كانمان ده‌ستبه‌جێ ده‌گه‌ن و پاكیده‌كه‌نه‌وه.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه سلێمانی به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌كه‌ی و جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی ئاوه‌ڕۆی زۆر و گونجاو، مه‌ترسی لافاوی كه‌مه و ئه‌و شوێنانه‌شی كه له ساڵانی پێشوودا مه‌ترسییان له‌سه‌ر بووبێت و باراناو كۆبووبێته‌وه، ئه‌مساڵ چاككراون، بۆیه لافاوی ئه‌مساڵ هیچ زیانێكی نه‌بووه.