جەنگەکانی وشە لەگەڵ سپێتی کاغەزدا

09:27 - 2024-05-09
ئەدەب و هونەر
156 جار خوێندراوەتەوە

لەتیف هەڵمەت

 

وشە بوونەوەرێکی دڕندەیە
 سپێتی‌ کاغەز دەخوات و
 لە کۆڵانەکانی ڕیشی دارویندا خۆی دەشارێتەوە ...
پیلانبازی وشە هەرگیز
سپێتییەک ناهێڵێتەوە.
مارگرێت دۆراس 
ئەو فرمێسکانەی پێ بسڕێ 
کە بۆ ئەو باخچەیەی هەڵیدەڕێژێ  
کە دووکەڵی شارستانییەت ڕەشپۆشی کردووە ...
من پێشبینی ئەوە دەکەم 
کە شێوازێکی کۆتایی
بۆ هیچ جۆرە عەشقێک 
یا نووسینی هیچ ڕۆمانێک نییە  ...
عەشق جۆری زۆرە  
حزب کەسانی هەلپەرستی خۆشدەوێ و
ڕایدەکێشێ بۆ لای خۆی 
ئەوە جۆرێکە لە عەشق   
سێگۆشەی پەرمۆدا عاشقی فڕۆکە و پاپۆرە و 
هەمیشە لەگەڵیاندا جووت دەبێ  
چیا شەیدای بەفرە و
هەمیشە لەبەر کڕێوەی بەفردا 
خۆی ڕووت ڕووت دەکاتەوە ...
منیش سەوداسەری شیعرم 
هەمیشە سەرقاڵی ڕاوە شیعرم ...
فێڵباز کەسێکە کە دەڵێ شیعر بە وشە دەنووسرێ     
هۆنراوە هەرگیز لایەنگری‌ تیۆرەکانی‌ ئەنیشتاین نیە ...
سەر بەوەچەی بیرۆکەکانی لافوازێیە ...
لەپڕ یا دوای چاوەڕوانییەکی پڕلە بێزاریی
لەژێرناوکی ئاسکۆڵەیەکی مۆمیاکراوی
 مۆزەخانەی سلێمانیدا دەیدۆزینەوە ...
دەشێ لەکۆتایی شەڕێکی درێژخایەنی ناوخۆدا 
لە ڕۆندکی زارۆڵەیەکدا جوانتری هەڵبەست دەستەمۆ بکەین  ...
هۆنراوە لە هەموو شوێنێکدا هەیە و
هەمیشە لەسەر باڵی کەڵەکێوی و 
لەناو خەندەی پەرییەکانی دەریا و 
لەتوێی پرچەکەی مەهاباد قەرەداغیدا پیاسە دەکات ...
هەستن لەخەو هەستن خەواڵۆکان گوێتان لێ نیە  
عەرەبی شەمۆ دەڵێ: لە قەڵای دێرینی دمدم دا 
نەتەوەیەک بەندکراوە. 
لە هەفتەی پێنجەمی‌
مانگی سیازدەی ئەمساڵدا 
لە قەڵاکە دێتەدەرێ و 
مژدەی ئازادکردنی پرومسیۆس له نەفرەتی
خواوەندەکان 
لەسەر شوورای قەڵاکە دەنووسێ...
کاتێ تۆڕەکانی ناو ڕووباری سیروان 
پڕ دەبن لە ماسی  
خۆشەویستی لەسێدارە دەدرێ  
کاتێ داوێک چۆلەکەیەک لە باچکەکانی ون دەکات  
ئیتر خەندەی چرای ئەڤین هەڵدەوەرێ       
ئەو ــ نازانم ئەو کێیە ــ
لەوانەیە سپارتاکۆس بێ 
دەیگوت: زمانی خۆم‌
لەبن دەردێنم و دەرخواردی 
پشیلەیەکی برسی دەدەم. 
لە وڵاتێکدا گۆرانیی ئازادی و ماچ و نان قەدەغەبن  
ئیتر زمانم بۆچییە؟
خەوم بینی 
هەموو گوریسەکانی بازاڕم کڕی و
تووڕم دایە دەریاچەی زرێبارەوە... 
بۆ ئەوەی ئیتر ئازادیخوازان
لەقەنارە نەدرێن.  
کە چاوم کردەوە لەبەردەرگای مزگەوتی گەورەی شاردا       
لەخاچ درابووم‌...
بۆ ئەوەندە تەماشای کاتژمێر دەکەن بۆ بۆۆۆۆ؟
هەمیشە و هەمیشە کاتژمێر بیست و پێنجە و  
شەڕ هەر گەرمه و خوێن دەبارێ و ...
ئەنفال و کیمیاباران کۆتاییان نەهاتووە  ...
تەور شانازی بەوەوە دەکات 
دەتوانێ دارستان بکات 
بە بیابان ...
تۆڕ بەوەوە دەنازێ ماسێکان لێی دەترسن.  
تفەنگ بەوە دڵخۆشە کە دەتوانێ  
دەریایەکی نوێ لەزەویدا‌
بەخوێن دروست بکات...
من هەورم‌ خۆشدەوێ 
دەتوانێ بیابان بکات بە گوڵستان...
گوندەکان ڕەشیان پۆشیوە‌
ئاوسی زام و خۆڵەمێشن 
کانی سەر چیاکە سوور سوورە
شەهیدێک لەوێ گۆرانی دەڵێ  ...
وەرزەکانی وڵاتەکەم چوونیەکن  ...
درەختەکانی هەرچواریان دووکەڵ و فرمیسک دەگرن. 
بۆ ڕێگای ئازادی گەڕام 
تووشی کافکا بووم‌ گوتی :
باشترین شت بۆ دۆزینەوەی ڕێگای ئازادی
‌ئەوەیە ڕێگاکە و بیرۆکەی دۆزینەوەی ڕێگاکە 
لەبیر خۆت ببەیتەوە  ...
لەپڕ سیزیفم بینی بەردەکەی سەرپشتی تووڕدابوو  
تفەنگێکی بەشانی ڕاستیدا هەڵواسی بوو  
پێی گوتم: هاوڕێ نائومێد مەبە ...
ڕێگای ئازادی لە لوولەی تفەنگەکەمدایە  ...

 

تایبەت بە ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان