به‌یان ره‌شید سه‌عید، ناسراو به به‌یان زه‌ریفی، ئه‌كته‌ر و شانۆكاره، له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی رۆشنبیری و هونه‌ر به‌شی شانۆ فه‌رمانبه‌ره، له چه‌ندین كاری هونه‌ری به‌شداری كردووه.
به‌یان زه‌ریفی به دوالاپه‌ڕه‌ی وت: جگه له‌وه‌ی ئه‌كته‌رم و له هونهردام، پسپۆریم له ده‌ست ره‌نگینیش هه‌یه، به تایبه‌ت دیزاینی جلی كوردی و كه‌ل وپه‌له‌كانی، ساڵانێكی زۆره له‌ناو هونهردام، كاره هونه‌رییه‌كانم زۆرن، نزیكه‌ی 25 كاری شانۆیم هه‌یه، به دراما و كورته فیلم و فیلمی درێژ 37 كارن، له 8 فیلمی سینه‌مایش به‌شداربووم، من له هه‌موو ئه‌و بوارانه‌دا كارم كردووه له ههمویدا خۆم ده‌بینمه‌وه، ئامانجم و خه‌ونی من ئه‌وه‌یه كارێكی زۆر باش و كاره‌كته‌رێكی سه‌رنج راكێش بم، و بچمه ئاست فێستیڤاڵه جیهانییه‌كان و خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری ژن به‌ده‌ستبهێنم.
به‌یان وتیشی: من له ساڵی هه‌شتاكان ده‌ستم به هونه‌ر كردووه، تا ئێستا هیچ به‌ربه‌ستێك نه‌هاتۆته رێگه‌م، هیوادارم هونه‌رمه‌ند بزانێت چۆن وشه‌ی كۆمیدیا به‌كار بهێنێت و نه‌یشێوێنێت ئه‌گه‌ر زانی له كۆمیدیا سه‌ركه‌وتو نابێت، دووربكه‌وێته‌وه باشتره، چونكه كۆمیدیا زاره‌كی نییه، ده‌بێ له رۆحته‌وه هه‌ڵقوڵاو بێت، گرنگ ئه‌وه نییه بینه‌ر به‌س پێبكه‌نێت ده‌بێ له په‌یامی ئه‌كته‌ری كۆمیدی تێبگات، هه‌موو كارێكم قوتابخانه‌یه‌كه، كه زۆر كاری جوان و باشی لێوه فێر ده‌بم كه‌سانی به ئه‌زموون و گه‌نجی به توانا ده‌ناسم، نوێترین كارم درامای (ئادیابین) بوو له ده‌رهێنانی (حه‌سه‌ن عه‌لی)، بێگومان هه‌موو كارێكم ده‌بێته خه‌رمانێك بۆ مێژووی ژیانم، له ماوه‌ی كاركردنم له باخچه به به‌رده‌وامی له كه‌ناڵی گه‌لی كوردستان به‌شی منداڵان وه‌ك پێشكه‌شكار و ئاماده‌كاری به‌رنامه‌ی منداڵان كارم كردووه.
دیانا ئه‌حمه‌د