سەرۆک بافڵ لە ئەمریکا: داڕشتنەوەی ستراتیژی نوێ پێویستییەکی گرنگی قۆناغەکەیە

03:52 - 2024-05-09
کوردستان
118 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ مایک گارسیا، ئەندامی لیژنەکانی هەواڵگری و بەرگری (لیژنەی پرۆگرامی راهێنان و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە) لە ئەنجومەنی نوێنەران کۆبۆوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رۆڵی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بەتایبەت ئەمریکای لە هاوکاری و پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە بەرزنرخاند و رایگەیاند، بەپێزانینەوە لە هەوڵ و قوربانییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان دەڕوانین لەپێناوی سەقامگیریی ناوچەکەدا. 
وتیشی، داڕشتنەوەی ستراتیژێکی نوێ لەنێوان هەرێمی کوردستان، عیراق و ئەمریکا لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکان و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان پێویستییەکی گرنگی قۆناغەکەیە.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆی وردیان لەبارەوەکرا، جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆکان بۆ چارەسەری کێشە و ناکۆکییەکان کرایەوە و سەرۆک بافڵ رایگەیاند، هەوڵی ئێمە لەپێناوی پاراستنی سەقامگیری، خۆشگوزەرانی خەڵکەکەمان و دوورخستنەوەی وڵاتە لە ململانێکان، پەیوەندییەکانیشمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان هەر لەو چوارچێوەیە و لەپێناوی بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکاندایە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان