تەقە و قاقا

سێوە قۆڕ سەباح عەبدولقادر نەعیمی

12:03 - 2023-03-29
رەهبەر سەید برایم
412 خوێندراوەتەوە

(22)

سێوە قۆڕ لە ساڵی 1956 لە شاری كۆیە لە دایك بووە، پاش خوێندنی سەرەتایی چۆتە ئامۆژگای ئیسلامی لە كۆیە، لە مزگەوتی گەورەی كۆیە، پۆلێك خوێندكار وەرگیرابوون، زۆربەیان مەینۆش و مەشرەبخۆش بوون، لێیان چاوەڕوان نەدەكرا ببنە مەلا، سەرەنجامیش هیچ كامیان خوێندیان پێ تەواو نەكرا و نەبوونە مەلا! ئامۆژگای ئیسلامیان كردبووە فشە و گاڵتە، چۆلەكەیان لە پۆل بەرەڵا دەكرد و پلاریان لە یەكتر دەگرت و وانەیان دەكردە پێكەنین، جارێك لە پۆل مامۆستا مەلا دەپرسێ: جوملەیەكی موفید بە عەرەبی بهێنەوە!! سالاری مەحمود عانە پێكەوە بووین لە خوێندن یەكسەر دەڵێ: «ئەلتوفاح و قەبیحون»، مەبەستی سێوە قۆڕ بووە، بۆیە سێوە قۆڕیش بێ سێ و دوو دەڵێ: «ئەلمەحمود وعانەتون»، توانج بوو بۆ سالار و باوكی مەحمود عانەیان پێدەگوت، ئیتر ئەوەندەیان بەزم و پێكەنین نابۆوە، وانە بەڕێكوپێكی نەدەگوترایەوە.
جارێك سێوە قۆڕ سەرخۆش بوو كەتنێكی كردبوو دەگیرێ، دەیبەنە دادگا، دادوەر بە تووڕەیغەوە لێی دەپرسێ: ئیسمی ناشەریفت؟ سێوە قۆڕیش دەڵێ: سێوە قۆڕ، دادوەر دەڵێ: شەرم ناكەی كەی ئەوە ناوە، سێوەش دەڵێ قوربان ئیسمی ناشەریفم سێوە قۆڕە، بۆیە دادوەر دەپرسێتەوە ئیسمی شەریفت: سێوە قۆڕیش دەڵێ: ئەوها قوربان، سەباح عەبدوالقادر نەعیمی جا سێوە بەئەسڵ عەرەب بوو، سەیدی نەعیمی بوو، ناوی سێوە قۆڕ لەوەوە هاتبوو دەنگی خۆش بوو لاسایی سێوەی هونەرمەندی دەكردەوە، بەڵام لە ئاستی سێوەی دیان نەبوو، بۆیە ناویان لێ نابوو سێوە قۆڕ، وەنەبێ بەو ناوە پێی ناخۆش بووبێ و پێ تووڕە نەدەبوو، بۆیە زۆرجار دەیگوت گەر (مێش)ێك پیسایی بكاتە سەر كۆتایی ناوەكەم، واتە لەسەر (ڕ)ێكە دەبتە (ز)، ناوم دەبێتە سێوە قۆز!!
سێوە قۆڕ ساڵی 1980 بووە پێشمەرگە لە تیپی 93ی كۆیە، جارێك كۆبوونەوەمان هەبوو لەگەڵ تێكڕای تیپەكە لە گوندی كانی بی دەم زێی دەشتی كۆیە، هەروا نەریت بوو پێش وتاردان و دەستپێكردن دەبێ بڵێن یەك دەقیقە وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كورد و كوردستان! سێوەش گوتی: تكایە با نیو دەقیقەش هەستین بۆ كەم ئەندام و بریندارەكان نیو دەقیقەیان بەردەكەوێ!!.

وتارەکانی نوسەر