هێشتا ماوین، چواردەی چوار!

10:18 - 2024-04-21
تەها سلێمان
87 خوێندراوەتەوە

لە رۆژنامەی كوردستانی نوێدا ( ژمارە 9147) ی رۆژی یەكشەممە 14|4|2024 وتارێك یان بیرخستنەوەیەک لەلایەن نووسەر و شاعیر تەیب جەبار نووسراوە، گوایە پێش دامەزراندنی(كۆمەڵەی رووناكبیری و كۆمەڵایەتی كەركوك لە 1996) هیچ كاتێك دیارینەكراوە بۆ یادكردنەوەی ئەنفال و هیچ مەراسیمێكی رەسمی سازنەكراوە جا حكومی بێت یان حزبی؟ 
زۆربەی کات خۆم دەپارێزم لەم جۆرە باس و خواسانە، بەڵام هەندێ جار کە هێشتا لەژیانداین و بەو خێرایی و بێ دەربەستییە مێژووی دوێنێی نزیک دەسڕدرێتەوە یان بە بەرچاومانەوە هەوڵی سڕینەوەی دەدرێ، ئیتر ناتوانین بێدەنگ بین و ناچارین روونکردنەوە بدەین یان لانیکەم مشتێک لە راستییەکان بخەینەڕوو.

کەواتە دەتوانین بڵێین کۆمەڵەی رووناکبیری بەشێک بووە لە هەوڵەکە، بەڵام قەت راستە نییە بڵێین خاوەنی بیرۆکە و چەسپاندنی رۆژەکە بووە وەک یادی ئەنفال. 

چۆن 14ی 4 کرایە رۆژی ئەنفال؟ 
پێش هەر روونکردنەوەیەکیش بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی کوردستان مافی کەس نەخورێ لەبارەی ئەوەی : چۆن چواردەی چوار کرایە رۆژی ئەنفال؟ بۆ هەرکەسێک کە مەبەستی بێت ئەم راستییە بزانێت، پێویستە بگەڕێتەوە بۆ وتارە ورد و جێ سەرنجەکەی هاوڕێ (عەلی مەحمود) کەپێم وانییە تا ئێستا کەس وەک ئەو توانیبێتی ئاوا ورد و بابەتییانە باسی ئەم پرسە بکات.
پاشان دەمەوێ ئەوە بە کاک تەیب جەبار بڵێم( یان بێئاگایە یان دەیەوێ راستی مێژوویی و کرداری ئەم بابەتە بشێوێنێ) بەش بەحاڵی خۆم زیاتر بیرم بۆ لای ئەگەری یەکەم دەچێ کە بێئاگایە، چونکە باوەڕناکەم کاری شێواندن لە کەسایەتی ئەو بوەشێتەوە، چونکە ئەوەی ئەو دەیڵێ کە گوایە (کۆمەڵەی رووناکبیری و کۆمەڵایەتی پارێزگای کەرکوک خاوەنی بیرۆکە و جێبەجێکردنی 14/4 وەک رۆژی ئەنفال) ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ساڵی 1996و یەکەم کۆنگرەی کۆمەڵەکە و چەسپاندنی لەبەڵگەنامەکاندا (راسپاردە و پێشنیار)!
دیارە خۆشبەختانە هاوڕێم کاک دڵشاد تاڵەبانی هەندێ شتی لەدوای بڵاوبوونەوەی ووتارەکە لە رۆژی 17/4/2024 لەژمارە (9150) ی کوردستانی نوێ بۆ راست کردۆتەوه، بەڵام دیسان کاک دڵشادیش هەڵەی کردووە و ئامانجی نەپێکاوە. چونکە راستە لەساڵی 1994 و رێک لە14/4 ڤیستڤاڵی یادی ئەنفال لە گەرمیان سازکرا، بەڵام بەو شێوەیە نییە کە کاک دڵشاد باسی دەکات، گوایە (مەڵبەندی 11 ی گەرمیان) بە هاوکاری لقی گەرمیانی حزبی شیوعی کوردستان، یادەکەی گێڕاوە؟ جارێ هەردوو مەڵبەند و کۆمیتەی پارێزگای کەرکوکی حزبی شیوعی بەهاوبەشی یادەکەیان گێڕا، نەک حزبی شیوعی هاوکاربێت، پاشان (شێخ سدیق، تەها سڵیمان) ئەندامی لیژنەی باڵای یادەکە بووین و تەنانەت بیری کاک دڵشادی دەخەمەوە لە بەشێک لە مەراسیمەکەدا لە (رزگاری) سووکە کێشەیەکمان لەسەر نمایشەکان هەبوو، چونکە ئەوەی لەسەری رێکەوتبووین پێچەوانەکەی نمایش کرا.
ئەمە جگە لە وتارە پێشنیارەکەی هاوڕێمان (رەحمان خانی) بۆ ئەوەی 14/4 بکرێتە رۆژی ئەنفال (1992) رۆژنامەی کوردستانی نوێ، خالد سڵێمان و بەندە و شێخ سدیق لە رۆژنامەی رێگای کوردستان لەدوای ساڵی 1991وە بەردەوام لە چواردەی چوار وتار و راپۆرتمان لەسەر ئەنفال لە ناوەڕاستی مانگی چوار بڵاودەکردەوە. 

ئەوان خاوەنی بیرۆکەکە نەبوون
کەواتە دەتوانین بڵێین کۆمەڵەی رووناکبیری بەشێک بووە لە هەوڵەکە، بەڵام قەت راستە نییە بڵێین خاوەنی بیرۆکە و چەسپاندنی رۆژەکە بووە وەک یادی ئەنفال. 
لە 14ی 4ی 1994 مەراسیمەكە بە نمایشی پڕۆسەی ئەنفال لە رێگای ملە سورەوە دەستی پێكرد، وەك چۆن روویدابوو وەك خۆی بە عەرەبانە و سەرباز و ئۆتۆمبیلە سەربازییەكان و تەلبەندەوە پیشاندرا، لەگەڵ كۆمەڵێك شانۆ و نمایشی تر.
لایەنەكانیش وتاریان هەبوو( پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆمیتە و چەلاكییەكان بەشدار نەبوو، بەڵام وتاری هەبوو)، چەندین كۆڕ و كۆبوونەوە لە هۆڵەكانی كەلار لە ماوەی 3 رۆژدا بەردەوام بوو، دەیان نووسەر و رۆشنبیر و شاعیری وەك شێركۆ بێكەس، د. حەمەی حەمە ساڵەح بەشدارییان كرد.
لەمەشیاندا نەمویست قسە بکەم بەڵام کە قافی هات پێویستە راستی بوترێ وەک خۆی (پێش ساڵی 2000 و پاش زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەبارەی دۆخی رۆشنبیری گەرمیان- وەک ئەنجامی زنجیرەیەک دیداری رۆژنامەوانی ئێمە لە رێگای کوردستان) هیچمان کۆنەکردەوە و بەدەستی بەتاڵ هاتینە دەر. 
ئێوارەیەکی خۆرنشین لە تەنیشت کۆشکی کتێب و رۆژنامە فرۆشییەکەی (مەم و زین)ی رەحمان خانی و رزگاری حاجی حەمید، (د.مەجید ساڵەح)م بینی و پێشنیاری گۆڤارێکم کرد و دواجار (تەها سڵێمان، سەردار عەبدوڵا، د.لوقمان خەیاڵی، د.مەجید ساڵح، د.عەدالەت عەبدوڵڵا، م.عیسا چیایی) لەسەر پێشنیاری (د.عەدالەت عەبدوڵڵا) ناوی (گۆڤاری گۆڤار) مان هەڵبژارد و (5) ژمارەمان لێدەرکرد و بڕستمان لەبەر بڕا. 

بیرۆکەی گۆڤاری ئەنفال چۆن سەریهەڵدا؟
بۆیە ئەوەم وت، بۆ ئەوەی پێتان بڵێم بیرۆکەی گۆڤاری ئەنفال لە کوێوە هات کە کاک دڵشاد باسی دەکات؟ 
هاوڕێمان (د.مەجید ساڵح) بەرپرسی (بنکەی ئەدەبی و رووناکبیری گەلاوێژ -کەلار) بوو، کۆتایی ساڵی 2001 پڕۆژەیەکم ئامادە کردبوو بۆ دامەزراندنی سەنتەری ئەنفال و لەناو پڕۆژەکە (لیواڕەشەکە) وەک شوێن دیاریکردبوو، جگە لەلایەنەکانی تری سەنتەرەکە، پێشنیاری گۆڤارێکم بەناوی (ئەنفال) کردبوو، من و د.مەجید پڕۆژەکەمان بردە لای (سەردار عەبدوڵڵا)، لەسەر پێشنیاری ئەو دیداری (شێخ محەمەد شاکەلی) وەزیری ئەوکاتی رۆشنبیری (ئیدارەی سلێمانی)مان رێکخست و ئەویش وێڕای پشتگیری، ناردینی بۆ لای کاک کۆسرەت سەرۆکی حکومەت، کاک کۆسرەت وتی(ئێستا ناتوانین سەنتەر دروست بکەین، بەڵام ناردینیەوە بۆ لای شێخ محەمەد و راستەوخۆ پێی وت بۆ دەرکردنی گۆڤارەکە پشتیوانی مادی و مەعنەوییان بکە. 
دواتر و لەئەنجامی کۆبوونەوە و راوێژ، هەریەک لە بەڕێزان (دڵشاد تاڵەبانی، د.مارف عومەر گوڵ، محەمەد حەمەساڵح تۆفیق، د.عەدالەت عەبدوڵا، عارف قوربانی، لەتیف فاتیح فەرەج، شەهاب قەرەلوسی) هاتنە ناو ستافەکە و گۆڤاری ئەنفال دەرکرا و پاشان گوێزراینەوە بۆ سەر وەزارەتی شەهیدان و ئاوارە و ئەنفال کە (سەڵاح رەشید) وەزیری بوو، لەوێشەوە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی (سەڵاح رەشید) گۆڤاری ئەنفال بۆ هەمیشە داخرا.
بۆیە نە کاک تەیب جەبار و نە هاوڕێم دڵشاد تاڵەبانی نەیانتوانی (وەک خۆی) بەشێک لە چیرۆک و ژانی 14ی4 بگێڕنەوە و لەپاڵیشیا کاک دڵشاد، سەرکەوتوو نەبوو لەباسی گۆڤاری ئەنفال. باقییەکەی با بمێنێ بۆ کاتی خۆی.


پێویستە رووداوەکانی کارەساتی ئەنفال وەک خۆیان بنووسرێنەوە

وتارەکانی نوسەر