لە ساڵیادی رۆژنامەنووسیی کوردییدا، چ هەنگاوێک بنرێت؟

09:50 - 2024-04-22
پ.د. هێرش رەسوڵ
70 خوێندراوەتەوە

ساڵێکی دیکە دەچێتە سەر ته‌مه‌نی رۆژنامه‌نوسیی كوردیی، کە لە دەرچوونی یەکەمین رۆژنامە بە زمانی کوردیی دەستپێدەکات و بۆتە بۆنەیەک بۆ هەموو راگەیاندنی کوردیی، بە ئامڕازە جیاوازەکانییەوە. 
وا باویشە لەم بۆنەیەدا، سەرنج و رەخنەکان دەخرێنەڕوو، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکرێت، بەڵام من بۆ ئەمساڵ، بە باشمزانی‌ تەنها دیدی رەخنەیی بۆ کێشە و تەنگژەکانی خودی راگەیاندنی کوردیی نەخەمەڕوو، بەڵکو بۆ هاتنەدیی راگەیاندنێكی چاودێر‌ و كارا‌ و پیشەگەر له ‌هه‌رێمی كوردستاندا، وەک رێگاچارەی ئایندەیی بۆ ئەو راگەیاندنە، ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی خواره‌وه‌ پێشنیازبکەم:
* كاركردن بۆ لێكجیاكردنه‌وه‌ی هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ (یاسادانان، راپەڕاندن، دادوەریی)، چونکە ئەمە پێشمەرجی بەدەسەڵاتبوونی راگەیاندنە (ئەگەر بە مەجازییش بێت) لە هەر کۆمەڵ و وڵاتێکدا. 
* هه‌وڵدان بۆ نه‌هێشتنی ئاسته‌نگه‌ جیاوازه‌كانی به‌رده‌م كاری رۆژنامه‌نووسیی (سیاسیی، ئابووریی، کۆمەڵایەتیی، کەلتوریی، ئاینیی، ... تاد). 
* هەوڵدان بۆ دروستکردنی دامەزراوەی راگەیاندنی نیشتمانیی لە هەرێمی کوردستاندا، لەسەر هەردوو کۆڵەکەی پیشەییبوون و نیشتمانییبوون، بە دیدی هاوچەرخانە.
* هه‌مواركردن ‌و پێداچوونه‌وه‌ به‌ به‌ند ‌و بڕگه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی كاری رۆژنامه‌نووسیی له ‌هه‌رێمدا رێكده‌خه‌ن، به‌ جۆرێ، له‌گه‌ڵ گیانی سه‌رده‌م‌ و ژیانی دیموكراسییدا بگونجێن. 

 

كاركردن بۆ لێكجیاكردنه‌وه‌ی هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌كه،‌ یاسادانان، راپەڕاندن، دادوەریی، چونکە ئەمە پێشمەرجی بەدەسەڵاتبوونی راگەیاندنە

 

 

* دادگاكانی هه‌رێم له ‌بواری تاوانی راگەیاندندا كار به ‌یاساكانی په‌یوه‌ست به‌و بواره‌ بكه‌ن، نه‌ك په‌نا بۆ ده‌قی دیكه‌ ببه‌ن. 
* دروستكردنی رایه‌ڵی لێكتێگه‌یشتن ‌و په‌یوه‌ندییه‌كی هاوبه‌رپرسیارێتیی له ‌نێوان راگەیاندن‌ و حکومڕان له ‌كوردستاندا.
* راگەیاندنکارانی هه‌رێم بایەخ به ‌لایه‌نی ئاکار (ئێتیكی) و پیشه‌یی بده‌ن ‌و پتر په‌ره‌ به ‌پیشه‌كه‌یان بده‌ن، هه‌روه‌ك گه‌ڵاڵه‌كردنی ئاکارنامە (په‌یماننامه‌ی شه‌ره‌ف) كاریگه‌ریی تایبه‌تی هه‌یه‌ 
* هه‌وڵ بدرێت چاكسازیی له ‌بواری رێكخراوبوونی رۆژنامه‌نووسان له‌ كوردستاندا بكرێت ‌و (سه‌ندیكای رۆژنامەنووسانی کوردستان) بكرێته‌ چه‌تری هه‌موو ئاراسته‌ جیاوازه‌كانی نێو دنیای راگەیاندنی كوردیی له ‌هه‌رێمدا. 
* هەوڵدان بۆ پێشخستنی بەشەکانی راگەیاندن لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم، لە هەموو رووەکانەوە.
*  له‌پێناوی كۆكردنه‌وه‌ی داتای ورد‌ و له ‌ماوه‌ی زوو زوودا له‌سه‌ر كاریگه‌ریی راگەیاندنی كوردیی له‌سه‌ر رای گشتیی ‌و شه‌قام، نێوەندێكی راپێویی چالاك ‌و زانستیی دابمه‌زرێت‌ و به‌رده‌وام راپێویی له‌و باره‌یه‌وه‌ بکات. 
* گرنگه‌ ناوەندێكی توێژینه‌وه‌ی راگەیاندن هه‌بێت ‌و توێژه‌رانی بواره‌كه‌ به‌رده‌وام توێژینه‌وه‌ی هه‌ستییار‌ و گرنگ له ‌باره‌ی راگەیاندنی كوردییه‌وه‌ پێشكه‌ش بكه‌ن. 
* كردنه‌وه‌ی نێوەندێكی وه‌رگێڕانی توێژینه‌وه‌‌ و كتێبه ‌ده‌گمه‌نه‌كانی بواری راگه‌یاندنیش یه‌كێكی تره‌ له‌ پێویستییە‌كان، تاكو رۆژنامه‌نووسانی كورد، به ‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ته‌نها به‌ زمانی دایك ده‌خوێننه‌وه،‌ لێی سوودمه‌ند بن.
* كردنه‌وه‌ی خولی پێویستی راگەیاندن له ‌ده‌ره‌وه ‌‌و ناوه‌وه‌ی هه‌رێم ‌و  کردنەوەی خولی فێربوونی زمانی بیانی بۆ راگەیاندنکاران.

*پسپۆری بواری میدیا

وتارەکانی نوسەر