هەوێن

زەنگێک لە ئەمریکاوە

10:11 - 2024-04-24
نەرمین عوسمان
180 خوێندراوەتەوە

دوایین راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە رۆژی 22ی نیسانی 2024 بڵاویکردۆتەوە سەبارەت بە رەوشی مافی مرۆڤ لە کوردستان و عیراق، باس لە خراپیی بارودۆخەکە دەکات و وەکو زەنگێکی مەترسیدار وایە بۆ هەرێمی کوردستان و عیراق.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: ((بەهۆی زیاتربوونی سنووردارییەکانی حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئازادییە بنەڕەتییەکان و کەشی مەدەنی، لە ماوەی ساڵی رابردوودا دۆخی مافەکانی مرۆڤ خراپتر بوون))، راپۆرتەکە کە دەبێت زۆر بەهەند وەربگیرێت، چاوی خستۆتە سەر زۆر دیاردەی پیشێلکاری لە وێنەی ((زیانگەیاندن بە خەڵکی مەدەنی، توندوتیژی و هەڕەشـەکردن لــــــــــــــــــــــــە رۆژنامەنووسان، دەستگیرکـــــــردن و لێپێچینەوەی نــاڕەوا لـــــەدژیان 
 سـنووردارکـردنی دەســــتگـەیشــتن بە ئینتەرنێت و دەســــتوەردانی بەرچاو لــە ئازادیی گــــــــردبوونەوە و  کـــــۆبوونەوە)).
بێگومان هەریەک لــــــــــــەو دیاردە نــــــــــەرێنییانەی راپـــــــــــۆرتـــەکـە بـاســـــیکــــــردوون پـەیـوەنـدییەکی راستەوخۆیان بە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤەوە هەیە، لە هەرکوێیەک مەترسیی لەسەر پراکتیزەکردنیان هەبوو، ئەوا مانای وایە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ لە مەترسیدان.
خاڵیکی دیکەی جێی سەرنجی راپۆرتەکە، باس لەوە دەکات کە توندوتیژیی بەرفراوان لەسەر بنەمای جێندەری دژی ژنان و خێزانەکان پەرەیان سەندووە، راستییەکەی ئەوە دیاردەیەکی دڵخۆشکەر نییە و جۆرێک لە رەشبینی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، لەگەڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ بەشەکانی دیکەی عیراقدا هەیە و ژنان بارودۆخیان باشترە و بەشدارێکی کاران لەکۆی کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا، بەڵام پێویستی بەوەیە ئەو رەخنانەی لەسەری هەن، بەوردی کاریان لەسەر بکرێت.

 

بڵاوکردنەوەی راپۆرتە رەخنەییەکان چەندە زەنگێکی مەترسیدارە، ئەوەندەش بەئاگاهێنانەوەیەکی ئەرێنییە

 

یەکێک لە پێوەرەکانی پێشکەوتن و بوونی کۆمەڵگەی مەدەنی و سیستمێکی سیاسیی پێشکەوتوو، باشبوونی رەوشی مافی مرۆڤە، ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا و سەدان رێکخراوی نێودەوڵەتی بەوردی چاودێریی رەوشی مافی مرۆڤ دەکەن و ساڵانەش لە چوارچێوەی راپۆرتدا بڵاویدەکەنەوە و دەشیکەنە بنەمایەک بۆ باشتربوون یان خراپتربوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتاندا. هەرێمی کوردستان و عیراق و کوردستانیش لەو چوارچێوەیەدان.
بڵاوکردنەوەی ئەو راپۆرتانە چەند زەنگێکی مەترسیدارە، ئەوەندەش بەئاگاهێنانەوەیەکی ئەرێنییە لەوەی پێویستە حکومەتەکان بەهەندی وەربگرن و کاری جدی لەسەر بکەن بە ئاراستەی چاککردنی کەموکوڕی و لابردنی ئەو هۆکارانەی وایانکردووە رەوشی مافی مرۆڤ بەرەو باشتر ببرێت.
هەرێمی کوردستان پێویستی بەوەیە ناوبانگێکی باشی هەبێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لە پرسی پاراستنی مافی مرۆڤدا، پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان، رێگرتن لە توندوتیژیی دژی ژنان، ئازادیی سیاسی و رۆژنامەوانی، چونکە ئەوانە وادەکەن دۆست و پشتیوانی زیاتر بۆ خۆت پەیدابکەیت و بیکەیتە دەستەبەری پاراستنی قەوارە سیاسییەکە و نموونەیەکی زیندووی پێشکەوتوو.

وتارەکانی نوسەر