بافڵ تاڵەبانی و پرۆسەی سیاسی

09:50 - 2024-04-30
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
128 خوێندراوەتەوە

د.عەدالەت عەبدوڵڵا



سەرکەوتنی پرۆسەی سیاسیی عیراق، لە مێژە بەندە بە پەرەپێدان و سەقامگیریی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداو هەرێمی کوردستانەوە. روودانی هەر قەیرانێک لە نێوان هەردوولادا کاریگەریی خراپی لەسەر کەشی سیاسی و پێکەوە ژیانی پێکهاتە کۆمەڵگەییەکانی ئەم وڵاتە هەبووەو تائێستاش هەیەتی. تاڵەبانی باوک، جەلال تاڵەبانی(1933-2017ز) سەرۆک کۆماری پێشووتری عیراق رۆڵێکی میحوەریی لەجڵەوکردنی قەیرانەکان و گرژییە سیاسی و ئەمنییەکاندا هەبوو کە ناوبەناو لەنێوان بەغداو هەولێردا روویان دەدا. بەوپێیەی سەرۆک کۆمارو سەرۆکی(ی.ن.ک)یش بوو کە یەکێکە لە پارتە کاریگەرەکانی کوردستان، بە پەرۆشی و بەرپرسیارێتییەوە رووبەڕووی هەر ئاراستەو هەڵوێستێک یان بڕیارو سیاسەتێک دەبووەوە کە ببوایەتە هۆی دروستکردنی تەنگژە لە پەیوەندییەکان و گرژیی نێوان گروپە سیاسییەکان، بەردەوام کاریشی لەسەر ستراتیژییەتێکی روون دەکرد کە ئەویش ئەولەویەتی عیراق و تەوەربەستنی نیشتمانییانەیە لە دەوری، ئەوەش لە رێگەی قبووڵکردنی هەردوو پرەنسیپی فرەیی و دیموکراسی و مافی جیاوازی و گرنگێتیی لێکگەیشتن و پاشان رێککەوتن و سازان.
   ئەوەی لەو سێ ساڵەی دواییدا جێی سەرنجە، دەرکەوتنی تاڵەبانیی کوڕە گەورەیە(بافڵ تاڵەبانی، 1973) لە کۆمەڵێک هەڵوێستی سیاسیدا کە تاڕادەیەکی زۆر ئەچنەوە سەر ئەوەی کە لای تاڵەبانی باوک پەیڕەو دەکرا، بەتایبەتی لە دەستگرتن بە ستراتیژی یەکڕیزیی نیشتمانیی عیراق لەلایەک و داکۆکیکردن لە مافی پێکهاتەی کوردی عیراق لەلایەکی تر. بنیادنانی کۆمەڵێک پەیوەندیی سیاسی و هاوپەیمانێتیش لەگەڵ حزبە فەرمانڕەواکانی عیراقدا بریتییە لە جێبەجێکردنی کۆمەڵێک پرەنسیپی سیاسیی نەگۆڕ کە بوونەتە شتی نیمچە چاوەڕوانکراو لە(ی.ن.ک)، بەتایبەتی کە عیراق خۆی و لەم هەلومەرجەدا پێویستیی بە سفرکردنەوەی ناکۆکییەکان و یەکانگیریی نیشتمانی هەیە، هەرچی هەرێمی کوردستانیشە، ئەوا ئەویش ناتوانێت بەبێ پاڵپشتیی سیاسی و ئابووری و دارایی لەسەر پێی خۆی بوەستێت، کە جگە لە بەغدا کەس ناتوانێت مسۆگەریان بکات.
 لە میانەی سەردانە چڕەکانی بۆ بەغدا کە مانگانەو بگرە هەندێجار هەفتانەش دووبارە دەبنەوە، بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت هەر بەو ئامانجە بگات، واتە یەکخستنی رەمزی و کردارییانەی هەڵوێستەکان لە ئاست دۆسییە هەڵپەسێردراوەکان و کارکردن لەسەر بەڕێوەبردنی ململانێکان بە کەلەپوری تاڵەبانیی باوک وەک سیمبولێکی یەکخەرو جێی متمانەی عیراقییەکان، هەر بۆیە لەو روانگەوە پێشبینی دەکەین کە ئەم کاراکتەرە لە پاشەڕۆژدا رۆڵێکی کاریگەری زیاتر لە گۆڕەپانی عیراقدا بگێڕێت، بەتایبەتی ئەگەر حزبەکەی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا کورسیی زیاتر بەدەستبهێنێت و بگاتە پێگەی سەرۆکایەتیی هەرێم، یان سەرۆکی حکومەتی کوردستانی عیراق. 
•ئەم وتارە، جگە لە کوردستانی نوێ، دەقە عەرەبییەکەشی تایبەتە بە رۆژنامەی(الزمان)ی لەندەنی و ئەمڕۆ بڵاوبۆتەوە.

وتارەکانی نوسەر