تەنها پارتی...

10:04 - 2024-04-30
عەتا تەها
197 خوێندراوەتەوە

عەتا تەها

یەكێتی وەك هێزێكی سیاسی دیار و كاریگەر لەسەر گۆڕەپانی سیاسی ناوچەكە و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی و عیراق بە گشتی، بڕوای تەواوی بە مافەكانی مرۆڤ و كاری مەدەنی و پێكەوەژیان و پڕۆسەی دیموكراسی و هەڵبژاردن و دەستاودەستكردنی دەسەڵاتە، پێیوایە دانوستان و یەكتری قبووڵكردن، رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لە كایەی سیاسی و بڕیاردان لە پڕۆسەی حكومڕانیدا.
ئێستا هەرێم لەبەردەم پڕۆسەیەكی چارەنووسسازدایە ئەویش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە.
وەك لای هەموان روونە، بڕیارەكە لەسەر رۆشنایی و راسپاردە و  نیشاندانی رەزامەندیی سەرۆكی هەرێم بووە كە 10ی حوزەیرانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەستنیشان كردووە. تێبینی ئەوە دەكەین كە هەڵوێستی زۆرینەی هێز و لایەنە سیاسییەكان تا رادەیەك تەریب و یەكسانن لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا، جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان كە تائێستا هەڵوێستی روون نییە و ئامانجیش لێی پێدەچێت پەكخستن و دواخستنی هەڵبژاردن بێت بۆ كاتێكی تر، لەبەرامبەردا هەڵوێستی یەكێتی نیشتمانیی کوردستان هەر لەساتەوەختی دەرچوونی بڕیارەكەوە هەڵوێستێكی نەگۆڕ و روونی هەیە، بەجۆرێك نەك هەر بەتەنها ئامادەبوونی خۆی نیشانداوە، بەڵكو بە پێچەوانەی هەندێك هێز و لایەنی ترەوە پێشوازی لە بڕیارەكەی كۆمسیۆن كردووە و تەواوی ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن.

تا هەڵبژاردن زیاتر دوابكەوێت، قەوارەی هەرێم زیاتر دەكەوێتە بۆشایی یاساییەوە، ئەمەش زیان لە ناوبانگی هەرێم دەدات

دیارە ئەم هەڵوێستەی یەكێتی لە تێگەیشتنی بۆ سیاسەت و خەمی چارەنووسی میللەتەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت، بەوپێیەی یەكێتی لەوەتەی هەیە لە روانگەی هەستی قووڵی نەتەوەیی خەبات و شۆڕشی كردووە، بەشێوازێك بۆ هەر سەردەمێك وەڵامدەرەوەی واقیع و سەردەمەكە بووە، هەر لەو روانگەیەوە و بە هەستكردن بە بەپرسیارێتی و گرنگیی قۆناغەكە لەوە تێدەگات و دەزانێت تا هەڵبژاردن زیاتر دوابكەوێت، قەوارەی هەرێم زیاتر دەكەوێتە بۆشایی یاساییەوە، ئەمەش زیان لە ناوبانگی هەرێم دەدات و دوور نییە زیانەكان قەوارەی هەرێم بخاتە بەردەم مەترسیی گەورەوە.

وتارەکانی نوسەر