ستراسبۆرگ، پایتەختی جیهانیی كتێب!

10:38 - 2024-05-01
خەلیل عەبدوڵلا
82 خوێندراوەتەوە

كتێب سەرچاوە ‌و گەنجینەی زانست‌ و رۆشنبیری‌ و پەروەردە ‌و خوێندن ‌و رشتەكانی دیكەیە. هەروەها ئامرازی  دەربڕینی بەهاكان‌ و گواستنەوەی فیكر ‌و زانیاریی هەمەڕەنگ‌ و  خوڵقاندنی گۆڕانكاری ‌و زمانی دیالۆگی نێوان گەلان‌ و چاوگی هۆشیاریی تاك‌ و بەرجەستەكردنی داهێنانەكانی بیری مرۆڤایەتی ‌و پەنجەرەیەكی كراوەیە بە رووی جیهاندا.
لە سۆنگەی  ئەو رۆڵ ‌و بایەخە زۆرەی كتێبەوە، لەساڵی 1995ەوە رێكخراوی یونسكۆ رۆژی 23ی نیسانی هەموو ساڵێكی بە رۆژی جیهانی كتێب‌ و مافەكانی دانەر دیاریكردووە، لەو كاتەوە ساڵانە لەو رۆژەدا لەسەرانسەری جیهاندا بە شێوازی جیا جیا یادی ئەو رۆژە جیهانییە دەكرێتەوە، بەكردنەوەی پێشانگای كتێب، رێزگرتن لە نووسەرانی داهێنەر ‌و خەڵاتكردنیان، سازدانی كۆڕ‌ و سیمینار بۆ باسكردنی بایەخ ‌و رۆڵی كتێب لە پێشكەوتنی كۆمەڵ، هاندانی گەنجان بۆ خوێندنەوە‌ و خۆپەروەردەكردن. 
لە ساڵی 2001ەوە، رێكخراوی یونسكۆ لە رۆژی جیهانیی كتێبدا، شارێكی كەلتوری بە پایتەختی جیهانیی كتێب دەستنیشان دەكات، بۆ ئەمساڵ ئۆدری ئۆزلای بەڕێوەبەری گشتیی یونسكۆ، شاری ستراسبۆرگی  كەلتوری فەرەنسای بە پایتەختی جیهانیی كتێبی بۆ ساڵی 2024 هەڵبژارد.
شاری ستراسبۆرگ شارێكی دێرینی كەلتوری‌ و كەلەپووریی فەرەنسایە ‌و بە شاری  كتێب‌ و چاپ‌ و بڵاوكردنەوە‌و شاری هونەر ‌و رۆشنبیری ناسراوە.
هێندە ئەو شارە لە رووی چاپ‌ و پیشەسازیی كتێبەوە سەرنجڕاكێش ‌و بەناوبانگ بووە، یۆهان گۆتەنبەرگی داهێنەری پیت ‌و ئامێری چاپی نوێ‌، رووی لەو شارە كەلتورییە كردووە ‌و لەوێ‌ كاری هەڵكۆڵینی لەسەر بەردە بەنرخەكان كردووە.

 

بۆ یەكەمجارە شارێكی فەرەنسا لە ناو چەند شارێكی دیكەی پاڵێوراودا بە پایتەختی جیهانیی كتێب هەڵدەبژێردرێت

 

شاری ستراسبۆرگ دەكەوێتە باكووری رۆژهەڵاتی فەرەنسا‌ و لەسەر سنووری ئەڵمانیایە، پایتەختی هەرێمی ئەلزاسە، بە سێهەم شاری یەكێتیی ئەوروپا دادەنرێت، 500 كلیۆمەتر لە شاری پاریسی پایتەختەوە دوورە.
ساڵی 1949 وڵاتانی ئەوروپا لە شاری ستراسبۆرگ سیستمی ئەساسیی ئەنجومەنی ئەوروپایان وەك بەركوڵی بیرۆكەی یەكێتیی ئەوروپا ئیمزا كرد. ئیدی ستراسبۆرگ وەك بارەگای ئەنجومەنی ئەوروپا ‌و دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا‌ و پەرلەمانی ئەوروپا دەستنیشان كرا.
لەبەر بایەخی كەلتوری شاری ستراسبۆرگ، ساڵی 1988 رێكخراوی یونسكۆ سەنتەر ‌و دڵی زیندووی ئەو شارەی خستە لیستی كەلەپووری جیهانییەوە.
ڤیكتۆر هۆگو ئەدیبی ناوداری فەرەنسی بەو شارە سەرسام بووە ‌و بەشارێكی مەزنی ئەفسوناویی سەرسوڕهێنەر وەسفی كردووە.
گۆتەی كەسایەتیی مەزنی كەلتوریی ئەڵمانی، شاری ستراسبۆرگی بەدرەختێكی سەركەش‌ و دڵگیر پێناسە كردووە.
لە ساڵی 2001ەوە تا ئێستا 24 شار لە سەرانسەری جیهاندا لە لایەن یونسكۆوە نازناوی پایتەختی جیهانیی كتێبیان پێبەخشراوە.
پێشتر شارەكانی وەك (مەدرید، ئەسكەندەرییە، بەیروت، شارقە، نیودەلهی، تۆرینتۆ، ئەنتۆریت، ئەمستردام،  بۆینس ئایرس، یەریڤان، بانكۆك، ئەسینا، كۆلالامپور، ئەكرا، تەبلیسی، بانكوك، هتد ...) بە پایتەختی جیهانیی كتێب دەستنیشان كراون.
بۆ یەكەمجارە شارێكی فەرەنسا لە ناو چەند شارێكی دیكەی پاڵێوراودا بە پایتەختی جیهانیی كتێب هەڵدەبژێردرێت.
شاری ستراسبۆرگ بۆ ماوەی یەك ساڵ لە 23ی نیسانی 2024 تا 23ی نیسانی 2025، پایتەختی جیهانیی كتێب دەبێت، لە ماوەی ئەو ساڵە چەندین چالاكی كەلتوریی وەك چاپكردنی كتێب ‌و سازدانی كۆڕ ‌و كۆبوونەوەی تایبەت بە بایەخی كتێب ‌و خوێندنەوە ‌و كردنەوەی پێشانگای كتێب ساز دەكرێت.
بە پێی لێدوانی بەڕێوەبەری شارەوانی ستراسبۆرگ، بڕی چوار ملیۆن‌ و نیو یۆرۆ بۆ کردنی ئەو چالاكییانە تەرخانكراوە، بەوەش ئەو شارە لەڕووی كەلتورییەوە پێشكەوتنی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.

وتارەکانی نوسەر