عومەر قادر وسو
دووی ئایاری ساڵی 1982 رۆژێکی مێژووییه له خەبات و هاوپشتیی گه‌له سته‌مدیده‌كه‌مان، له‌و رۆژەدا جه‌ماوه‌رى شاری رانیه بە رێنوێنی و پێشڕەوایەتیی رێکخستنە نهێنییەکانی ی.ن.ك وەک هاو هەڵوێستی و پشتیوانی دەڤەری پشدەر و شاری قەڵادزێ، لەو مانگرتن و خۆپیشاندانەی لە ساڵیادی هەشتەمین ساڵڕۆژی بۆردومانکردنی قەڵادزێ-وە دەستیپێکردبوو لە 1982/4/24 ئەوانیش چوونە پاڵ ئەو خەباتە مەدەنی و جەماوەرییە، ئەوەش لە سۆنگەی بڕوابوونی یەکێتییەوە بە گرێدانەوەی خەباتی جەماوەری، بە خەباتی پێشمەرگە و شۆڕشی رزگاریخوازییەوە.
خۆپیشاندانى قه‌ڵادزێ له‌و رۆژەدا و لەیادی شەهیدانی بۆردومانەکەی ساڵی 1974 كڵپه‌ى سه‌ند و دواجار بووە راپه‌ڕینێکی جه‌ماوه‌ریى گه‌وره و بووە هەوێنی راپەڕینێکی سەرتاسەری، کە لە دوای رانیەوە هەموو باشووری کوردستانی گرتەوە. ئەگەرچی رژێمی بەعس بۆ سەروتکردنی ده‌ستى بۆ هەموو ئامرازەکانی سەرکوتکردنی برد له گرتن و گولەبارانکردنی جەماوەری خۆپیشاندەر و راپەڕیو، بەڵام ئەو شێوازی داپڵۆسینە نەک خەڵکی رانیە و قەڵادزێی نەترساند، بەڵکو زیاتر کڵپەی پێ سەند و ئەزموونەکەی گواستنەوە بۆ به‌رپاكردنى ڕاپه‌ڕین و خۆپیشاندان له هەموو شار و شارۆچکەکانی دیکەش.
رۆژی 1982/5/2 راپه‌ڕین له ده‌وروبه‌رى خوێندنگەى ناوهندییەکەی لاى قوله‌ى رانیهوە ده‌ستیپێكرد، هه‌ر له‌و شوێنه‌دا جه‌لاده‌كانى به‌عس ده‌ستڕێژیان له خوێندكاران كرد كه بووە هۆى برینداربوونى چه‌ند خوێندكارێك، دواتر له ده‌وروبه‌رى مزگه‌وتى گه‌وره گردبوونەوەیەکی گه‌وره دروستبوو، دیسان ده‌ستڕێژى گوله له خۆپیشانده‌ران کرا، بەڵام بەوەش خۆپیشاندان زیاتر په‌ره‌ی سەند به‌ره‌و فولكه‌ى (کۆڕه‌و)ی ئێستا‌و دواتر خۆپیشاندەران روویان کردە سه‌راى ڕانیه.
بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى جه‌ماوه‌ر به‌عس (ملازم محسن) ی بۆ چاوترساندنیان لە سلێمانییەوە هێنا بۆ رانیه بە ئامانجی دامرکاندنەوەی جەماوەری راپەڕیو، به‌ڵام خەڵکی چاونەترسی رانیه به‌م هه‌ڵوێسته رق ئه‌ستوورتر بوون و په‌لامارى ئەو جەلادە و هێزەکەیان دا و وەک شێرە بەفرینە توانەوە و بەپەلە پڕووزە فریای راكردن و خۆی دهربازکردن کەوتن. بەتایبەتی دوای ئەوەی
چه‌كداره كورده‌كانى سەربە رژێم لە شارەکە ئامادهنەبوون رووبەڕووی جەماوەر ببنەوە و رێگەش نادەن ملازم موحسین ئەو پیلانە جێبەجێ بکات کە دەینابوو بۆ سەرکوتکردنی راپەڕینەکە. ئەوەش چوارچێوەی راپەڕینەکەی فراوانتر کرد و هەموو چین و توێژەکانی گرتەوە داخستنى دوكان و بازاڕیشی لێکەوتەوە .
راپەڕینە جەماوەرییەکە ئەگەرچی لە دوو شاری دوورە دەستەوە دەستیپێکرد بەڵام بووە پەیامێک بۆ بەئاگاهێنانهوهی بەعسییەکان لە خەوی غەفڵەت کە ئەوکات هەموو جیهان پشتیوانیان بوو، قەڵادزێی و رانیەییەکان تێ‌یان گەیاندن كه ناكرێت گه‌لێكی بێ پشت و پەنا له‌ناو ببرێت و تاسەر بێدەنگ بێت، جگە لەوەش بۆیان سه‌لماندن کە گەلی كورد له كاتى ته‌نگانه‌دا ده‌بێته‌وه بههێزێكى یه‌كگرتوو و تۆكمه و به‌رهه‌ڵستكار له‌پێناوی مانه‌وه‌ی خۆیدا.
دەبێت ئاماژە بەوەش بدرێت کە تێکۆشەران و رێکخستنەکانی
حزبى شیوعیش هاوشانى رێكخستنهکان ی.ن.ک سه‌روه‌رییه‌كى گه‌وره‌یان تۆماركرد.
ئەو راپهڕینە دوای سەرتاسەری بوونەوەی، توانى سه‌ر به دوژمن شۆڕ بكات و رژێمی بەعس ناچاربوو بچێتە ژێر باری جێبه‌جێكردنى بەشێکی زۆر لە داواكارییه‌كانى خۆپیشاندەرانەوە.
ئەو راپەڕین و سهروهرییەش به خوێنى سێ رۆڵه‌ى قاره‌مان سه‌ركه‌وتنی بەدەستهێنا كه بریتیبوون له شه‌هیدان بابەكر محەمەد حەسەن، عەبدوڵڵا پیرۆت بایز، ئیسماعیل كاكل و برینداربوونى زیاتر نزیکەی 15 هاووڵاتى.