رێكخستنی سیستمی باج

09:39 - 2024-05-05
هاشم غەمگین
95 خوێندراوەتەوە

باج بە بەشێكی گرنگ لەداهاتی نیشتمانی دادەنرێت،بۆیە زۆر وڵات بۆ دابینكردن و پڕكردنەوەی داهات و بودجەی، بەشێوەیەكی رەها پشت بە سەرچاوەی وەرگرتنی (باج )دەبەستێت،بۆیە ئەم دەزگایە بەلای حكومەتەكانەوە گرنگە و  لەهەموو روویەكەوە پشتگیریی و پشتیوانی تەواوی لێدەكرێت،بۆئەوەی بەشێوەیەكی رێكوپێك و رێكخراو و سەركەوتوانە و بە چاودێریی ورد پڕۆسەی كۆكردنەوەی باج بەرێوەبچێت.

ئەگەر سیستمی باج لە كوردستان پتەو بكرێت، كاریگەری و گەشەی ئەرێنی لەسەر داهات و بودجەی گشتی دەبێت

باج وەرگرتن لەخەڵك مێژوویەكی ئێجگار دێرینی هەیە، سەرەتا وەرگرتنی باج لە بەرهەمی كشتوكاڵییەوە دەستی پێكردووە،دواتر بە تێپەڕبوونی رۆژگار گۆڕدراوە بۆ دراو. باجدان بە ئەركێكی نیشتیمانی دادەنرێت،بۆ بەرەو پێشبردنی وڵات و خزمەتكردنی كۆمەڵگا، خۆدزینەوە لێی سزاكەی توند و قورس دەبێت.
باج ئامڕازێكی گرنگە بۆ دابینكردنی بودجە و داهات بۆ خەزێنە و دارایی وڵات،هەر كەس و بوارێك بگرێتەوە،بە یاسا پابەند دەكرێت بە پێدانی،باج وەرگرتنیش بە رێژەی سەدی دیارییكراوە بۆ هەر پیشە و بوارێك، بۆئەوەی وەك خۆی بەپێدانی پابەند بن.
لە وڵاتانی پێشكەوتوودا كاركردن لە هەر بوارێكی كەرتی تایبەتدا بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی فەرمانگەی باج، هیچ كەسێك ناتوانێت كار بكات،دەبێت خاوەنكار چۆنێتی گرێبەستی كارەكە و بڕی كاتژمێری كاركردنی كارمەندەكانی بە نووسراو بۆ فەرمانگەی باج رەوانە بكات و بۆئەوەی رەزامەندی كاركردن وەربگرێت، ئەمەش بۆئەوەیە هەر كارمەندێكی دامەزراو لە كەرتی تایبەتدا، دەبێت خاوەنكار باجی بۆ بدات.
هەروەها تیمە گەڕۆكەكانی فەرمانگەی باج چاودێرێكی وردن،بۆ پشكنینی هەر بوارێكی كەرتی تایبەت،بۆئەوەی هیچ كەسێك بەبێ رەزامەندی ئەوان كار نەكات،بە واتایەكی تر هەر كەسێك بەبێ رەزامەندی ئەوان كار بكات،خاوەنكار و كارمەندەكان پێكەوە سزا دەدرێن.
چۆنێتی رێكخستن و یاسای سیستمی باج و كەڵك وەرگرتن لەداهاتەكەی لە هەر وڵاتێكدا بە جۆرێكە، لەهەرێمی كوردستانیش چەندین بەرێوبەرایەتی و فەرمانگەی باج لە شارو شارۆچكەكاندا هەیە،بۆ مەبەستی باج وەرگرتن لە موڵكداریی و پڕۆژەی بازرگانی و وەبەرهێنان و كۆمپانیا و كارگەكان،بەڵام بەشێوەیەكی چالاكانە و تۆكمەیی كاروبارەكانی بەرێوەناچێت و بەپێی  یاساكان باج لە خەڵك وەرناگیرێت و خەڵك خۆی لەباجدان دەدزێتەوە،ئەو دامەزراوانەی بۆ كاروباری كۆكردنەوەی باج دانراون، لاوازن لەڕاپەڕاندنی كاروبارەكانیان چاوپۆشی لە خەڵك دەكەن،داهاتی باجیش شەفاف و بەرچاو نییە و وەك خۆی ناخڕێتە ڕوو.
ئەگەر سیستمی باج لە كوردستان پتەو و تۆكمە بكرێت،كاریگەری گەشەی ئەرێنی دەبێت لەسەر داهات و بودجەی گشتی و قەبارەی خزمەتگوزاریی و وەبەرهێنانەوە،بۆ ئەوەی بۆ سوودی گشتی بەكاربهێنرێت و بخرێتە  خزمەتكردنی خەڵكەوە.
نابێت لە پڕۆسەی باج وەرگرتن چاوپۆشی لە هیچ پلە و پایە و پێگەیەكدا بكرێت، دەبێت هەمووی وەك یەك بەبێ جیاوازی پێوەی بابەند بن. دەبێت داهاتی باج شەفاف و روون بێت ، بڕەكەی مانگانە چەند بێت، مانگانە وەك خۆیی بخرێتە ڕوو. نابێت لە داهاتی باجدا گەندەڵی بكرێت،دەبێت بە شەفافی بخرێتە خزمەتی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و خەڵكەوە. دەبێت ئامڕازەكانی باج وەرگرتن پتەو بن،بۆ ئەوەی بوار نەڕەخسێت خەڵك خۆی لە باجدان بدزێتەوە.
بۆ كۆكردنەوەی باج دەبێت پشت بە سیستمی ئەلیكترۆنی ببەسترێت،بۆ ئەوەی فەرمانگەكانی باج بە ئاگابن لە قازانج و داهاتی بازرگان و سەرمایەدار و خاوەن پڕۆژەكان.
دیارییكردنی رێژەی باجیش دەبێت بەجۆرێك بێت،لەگەڵ دۆخی ئابووری ناوچەكەدا بگونجێت،نەك بەجۆرێك بێت كاریگەریی و قورسایی لەسەر خاوەنكار و كاسبكاران دروست بكات،یان خەڵك خۆی بە دوور بگرێت لە پڕۆژەی بازرگانی بەهۆی زۆری رێژەی باجەوە.

وتارەکانی نوسەر