بۆمبە چێنراوەکەی داهاتووی عیراق

09:48 - 2024-05-05
‎‎سۆزان حەمە تاتە
90 خوێندراوەتەوە

 داعش لەڕووی سەربازییەوە، بەشێوەیەکی فراوان و لەناو جوگرافیایەکی دیاریکراودا، وەکو ئەوەی ناویان ناوە دەوڵەتی ئیسلامیی لە عیراق و شام، کۆتاییهاتووە، بەڵام لە رووبەرە گشتییەکەدا یان روونتر بڵێم لەسەر ئاستی بیرکردنەوە، لە زۆر شوێن و رووبەر ئامادەیی هەیە، بەشێوەیەک دەتوانن ئاماژە بۆ ئەوە بکەین تا ساڵانێکی زۆر بیرکردنەوە و تارمایی داعش بمێنێتەوە.

بڕیارە «192 خێزانی عیراقی کە لە 750 کەس پێکهاتوون، لە کەمپی هۆلەوە بگەڕێندرێنەوە عیراق

 یەکێک لە نموونە هەرە زیندووەکانی مانەوەی تارمایی داعش و هێزە مرۆییە دەورە دراوەکەی کەمپی هۆلە..
کەمپی هۆل دەکەوێتە پارێزگای حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستانە و بەپێی ئامارەکان 50 هەزار کەسی تێدایە لە ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، ئەوە بۆمبێکی تەوقیتکراوە.
 قسە و رێکەوتن لەسەر وردە وردە چۆڵکردنی کەمپی هۆل کراوە، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی هاووڵاتییانیان لەو کەمپەدا هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بردنەوەیان و چۆڵکردنی کەمپەکە ئاسان نییە، هەریەکەیان بەجۆرێک لە مەترسیی دادەنێن بۆ داهاتووی کۆمەڵگەکەیان، ئیتر ئەوە گەرای ئیسلامی توندڕەوە و رەنگە لەهەر ساتێکدا سەرهەڵبدەنەوە  
بەپێی لێدوانی عەلی عەباس، وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق، بڕیارە «192 خێزانی عیراقی کە لە 750 کەس پێکهاتوون، لە کەمپی هۆلەوە بگەڕێندرێنەوە عیراق، ئەو لێدوانە پشتڕاستکراوەتەوە، بەڵام کاتی گەڕاندنەوەکەیان دیاری نەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا دوودڵی زۆر هەیە سەبارەت بە داهاتوویان، هەروەها ترس و دڵەڕاوکێش لای بەرپرسانی ئاستی بەرزی عیراق دەبینرێ. 
 قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق، لەبارەی داعشەکانی کەمپی هۆلەوە نیگەرانیی زۆری هەیە، ئەو دەڵێت «20 هەزار عیراقیی خوار تەمەن 18 ساڵ لە کەمپی هۆلن، ئەوانە بۆمبی چێندراون بۆ داهاتووی وڵات».
لە راستیدا نیگەرانییەکە لە جێگەی خۆیدایە، کەسوکاری داعشەکان وا ئاسان میشکیان لە توندڕەوی ناشۆردرێتەوە، ئاسان نابنە مرۆڤی ئاسایی ناو کۆمەڵگە، ئاسان ناتوانن لەگەڵ کۆمەڵگە ئاشت بکرێنەوە، بەتایبەت سەرەڕای روخاندنی خەلافەتەکەی باوباپیرانیان، کەچی تا ئەم ساتە لەو کەمپانەدا لەسەر هەمان سیاسەت و بیرکردنەوە ژیان دەکەن و هەر بەناو لە زیندان و دەستبەسەکراویدان. ژینگەی عیراقی ژینگەیەکە، بیری توندڕەوی ئاسان تیایدا گەشە دەکات، بۆ داعش لەبارترە، بەو پێیەی بەشێکە لە مێژوو و بیرکردنەوەیان، رەنگە هێشتا لەبیری تۆڵەکردنەوەدا بن لەو دەسەڵاتەی روخاندوونی، ئێ خۆ بنەمای «خوێن بە خوێن» ئاسان لە بیرکردنەوەی مرۆڤی ئیسلامیی توندڕەو دەرناکرێ. 
 بۆمبەکان لە کەمپی هۆلەوە دەهێنرێنەوە بۆ عیراق، عیراقێک کە گیرۆدەی سەدان کێشەی بنەڕەتیی دیکەشە، دوور نییە زوو یان درەنگ بۆمبەکان بتەقنەوە و کۆمەڵگە دووچاری لە نائارامیی گەورەتر ببێتەوە، مەترسییەکە گەورەیە و ترسەکەش لەجێی خۆیدایە، داهاتوویەکی تاریک لەگەڵ خۆیاندا بۆ عیراق دەهێنن.

ئەوانەی کەمپی هۆل هەڵگری بیری توندوتیژین، هەرواش دێنەوە ناو خەڵک

وتارەکانی نوسەر