روسیا و یارمەتییەكانی ئەمریكا بۆ ئۆكرانیا

09:57 - 2024-05-05
د. خالید ئەلعزی- بەیروت
64 خوێندراوەتەوە

تاییبەت بە کوردستانی نوێ

گومانی تێدا نییە كە روسیا غافڵگیربوو بەوەی زۆرینەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا دەنگی دا بە یارمەتیدانی ئۆكرانیا و پێشكەشكردنی یارمەتی دارایی و لۆجستی بە بڕی 61 ملیار دۆلاری ئەمریكی.

روسیا پێشتر هەوڵی دەدا ئەمری واقیع بسەپێنێت، بەرلەوەی بڕیارەكانی خۆرئاوا پلانەكەی لێ تێكبدەن

یارمەتییەكانی واشنتۆن بۆ كیێڤ
یارمەتییەكانی واشنتۆن بۆ كیێڤ دەرگاكەی ئاوەڵا كرد و دوای ئەوە بریتانیا و كەنەداش دەستیان كرد بە یارمەتیدانی، بە دوای ئەوانیشدا وڵاتانی خۆرئاوا دەستیان كرد بە یارمەتیدانی ئۆكرانیا، كە لە ساڵی رابردووەوە زۆر پێویستی بەو یارمەتیانە بوو.
بێگومان یارمەتییەكانی ئەمریكا و وڵاتانی خۆرئاوا تەنیا یارمەتی دارایی و لۆجستی نەبوو، بەڵكو پەیامێكیش بوو بۆ روسیا، ناوەرۆكەكەی دەڵێ: خۆرئاوای ئەتڵەسی دەستبەرداری ئۆكرانیا نابێت و رێگە بە هیچ كام لەو گۆڕانكارییانە نادات كە روسیا لەو ماوەیەدا كردی كە هەڵوێستی ئەمریكا روون نەبوو، ئەوروپاش دواكەوتبوو لە وەڵامدانەوە.

پشتیوانی خۆرئاوا بۆ زیلینسكی قەیرانەكە درێژ دەكاتەوە
روسیا لەم پەیامانە تێگەیشت و هەر زوو رایگەیاند، ئەم پشتیوانییەی خۆرئاوا بۆ رژێمەكەی سەرۆك زیلینسكی تەمەنی قەیرانەكە درێژ دەكاتەوە و وێرانكاریی و ژمارەی كوژراوەكانیش زیاتر دەكات.
روسیا پێشتر هەوڵی دەدا ئەمری واقیع بسەپێنێت، هەڵبەت بەرلەوەی ئەم بڕیارانەی خۆرئاوا پلانەكەی لێ تێك بدات، پلانەكەشی ئەوە بوو گۆڕانكاریی مەیدانی بەدی بهێنێت و لە مانگی ئایاری داهاتوودا گەورەترین شار كە (خاركۆڤ)ە لە خۆرهەڵات و باشوورەوە كۆنترۆڵ بكات، بەمەش دەیتوانی ئەمری واقیع بەسەر خۆرئاوا و كیێڤیشدا بسەپێنێت و نەخشەی مەیدانی جەنگ بگۆڕێت، ئەو نەخشەیەی كە كیێڤ بە درێژایی دوو ساڵ پارێزگاری لێكرد، بەوپەڕی كەموكووڕییەوە لە چەك و پێویستییەكانی جەنگدا، روسیا بەوە دەیتوانی ئاستی مەرجەكانی دانوستانی لەگەڵ ئەمریكادا بەرز بكردایەتەوە و ئەوروپاش لە دانوستان دوور بخاتەوە و كارێكی وا بكات ترسی ورچەكەی روسیا زاڵ بێت بەسەریانەوە، ئەو ورچەی ئەگەری هەیە رۆژێك لە رۆژان لە دەرگای هەر پایتەختێكی وڵاتانی ئەوروپا بدات.

روسیای خستە دۆخێكی ناهەموارەوە
بەڵام ئەم پشتیوانییەی خۆرئاوا و ئەمریكا، روسیای خستە دۆخێكی ناهەموارەوە، چونكە نەیتوانی پلانە فراوانخوازییەكەی تەواو بكات و كیێڤیش بەهۆی ئەم یارمەتیانەوە دەتوانێ لە قووڵایی روسیا بدات و هاوكێشەیەكی نوێ بێنێتە ئاراوە و بۆ ماوەیەكی زۆر روسیا بشڵەژێنێت، ئەمەش بەو واتایە دێت كە تواناكانی خۆرئاوا بەردەوام لەبەری بڕوات و روسیاش دەكەوێتە بەردەم گەردەلولی خۆرئاوا، ئەو گەردەلولەی وایكردووە روسیا بكەوێتە شەڕێكی نابەرابەرییەوە لەگەڵ كیێڤدا.

لە عەرەبییەوە: كوردەوان محەمەد سەعید

وتارەکانی نوسەر