بــایـــەخـی جێـوستـراتــیــژیـــــی فـڕۆكــەی ئـــاراسـتـەكـراو

10:15 - 2024-05-05
پ. د.جەزا تۆفیق تالیب*
160 خوێندراوەتەوە

پرۆفیسۆری یەكەم: د. جەزا تۆفیق تالیب/ پسپۆڕی جێوسیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی
لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا و گۆڕانكاری لە رەوتی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، سەرجەم چەمكە سیاسی و سەربازییەكان بەشێوازێكی نوێ‌ پێناسەی بۆ كرایەوە و میكانیزمی پیادەكردنیشیان لە چوارچێوەی ئەم هەلومەرجەی ئێستادا بە چەند خەسڵەتێكی تایبەتەوە هاتوونەتە گۆڕێ‌، بۆ نموونە جەنگی نەوەی پێنجەم كە بە جەنگی دوو (توخم)یش ناودەبرێت، یەكێكە لەو جەنگانەی، كە لە ئێستادا گیراوەتەبەر و بە چەندین شێوە و ئاراستەی جیاواز، لە دوای كۆتایهاتنی سەردەمی جەنگی ساردەوە پیادە دەكرێت، لەم جۆرەی جەنگدا (نەوەی پێنجەم) سەرجەم بنەما و بوارە سەربازی و ئابووری و زانیاری و سیپرانییەكان بەشێوەیەكی تێكەڵ لە تەكتیكی كلاسیكی و ناكلاسیكی دەخرێتەگەڕ، لە چوارچێوەی پیكهێنانی هاوپەیمانییەك لەنێوان كارەكتەری فەرمی لە شێوەی دەوڵەتاندا و كارەكتەری چەكداری ناودەوڵەتیدا، ئەم جۆرەی جەنگ بۆ یەكەمینجار لە بڵاوكراوەكانی سەنتەرەكانی لیكۆڵینەوەی ئەمەریكاوە و لە سەروبەندی جەنگی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە ساڵی 2006دا بەكاردەهات (1)، و بە دەستنیشانكراویش بۆ یەكەمینجار لەلایەن كۆلۆنێل فرانك هۆڤمان (Frank Hoffman)ی ئەمەریكییەوە بەكارهات(2)، لەم جەنگەدا بەوپێیەی جەنگێكی تێكەڵ بوو، پەنا دەبرایە بەر بەكارهێنانی سەرجەم چەك و تەكنیك و ئامرازی كلاسیكی و مۆدرێن، لەوانەش فرۆكەی بێفرۆكەوانی ناسراو بە درۆن .

لە ئێستادا بایەخدانی دەزگا سەربازی و هەواڵگرییەكان بە فڕۆكەی ئاراستەكراو لە زیادبووندایە، ئەویش بەهۆی ئەو خەسڵەتانەی كە لەو جۆرە فڕۆكانەدا هەن

فرۆكەی بێفرۆكەوان
فرۆكەی ئاراستەكراو یان فرۆكەی بێفرۆكەوان، كورتكراوەی ناسراو بە (U A V)  بۆ زاراوەی UN Manned Aerial Vehicles، واتە فرۆكەی ئاسمانی بێفرۆكەوان، كە بریتیە لە فرۆكەیەك لە زەوییەوە كارپێدەكرێت و ئاراستەش دەكرێت، و لە ساتەوەختی یەكەم جەنگی جیهانییەوە بەكارهاتووە و پەرەی سەندووە، بەڵام ئەم جۆرە لە فرۆكەی ئاراستەكراو كە لەئێستادا بەكاردێت لە حەفتاكانی سەدەی رابردووەوە پەرە پێدراوە.
فرۆكەی ئاراستەكراو وەك وەزارەتی بەرگری ئەمەریكی پێناسەی دەكات، بریتییە لەو فرۆكەیەی كە بەوزە كار دەكات و مرۆڤ لە خۆناگرێت، و دەتوانرێت لە دوورەوە ئاراستە بكرێت و چاودێری بكرێت و توانای هەڵگرتنی باری بكوژ و نا بكوژیشی هەیە، و بەگوێرەی سیستەمێكی ئەلەكترۆنی (3)، بەڵام بەگوێرەی پێناسەی ئاژانسی بەڕێوبردنی فرۆكەوانی فیدراڵی ئەمریكی فرۆكەی ئاراستەكراو بریتییە لە ئامێرێك كە بۆ فڕین بەكاردەهێنرێت و فرۆكەوان لە خۆناگرێت، سەرجەم گروپەكانی فرۆكەو كۆپتەر و باڵۆنی بێفرۆكەوان لە خۆدەگرێت (4)، بەم پێیەش فرۆكەی ئاراستەكراو بریتییە لە فرۆكەیەك كەتوانای فڕینی هەیە، بەهۆی ئامێری ئاراستەكردن لە دوورەوە یان بەهۆی سیستمی پرۆگرامی فڕینی سەربەخۆوە، دەكرێت فرۆكەكە بگەڕێندرێتەوە یان تەنها بۆ ئەو كارە بەكار بهێنرێت و كۆتایی پێبهێنرێت و دەكرێـت هەڵگری باری بكوژ و نابكوژیش بێت.

جۆرەكانی فرۆكەی بێفرۆكەوانی
لە بواری فرۆكەی ئاراستەكراودا دەكرێت دوو جۆر لە فرۆكە دەستنیشان بكرێت، كە ئەوانیش بریتین لە: 
ا- جۆری درۆن Drone  كە لەناوی نێرینەی هەنگەوە وەرگیراوە و لەكاتی دووەم جەنگی جیهانیدا لە شێوەی قردێلەیەكی رەش لە كلكی فرۆكەكەوە ئاڵابوو، وەك نێرەی هەنگ بەدەردەكەوت (5)، ئەركی سەرەكی ئەم جۆرە فرۆكە ئاراستەكراوە بریتییە لەكاری چاودێری . 
ب- جۆری U A V هەموو جۆرەكانی فرۆكەی ئاراستەكراو دەگرێتەخۆ و وەك فرۆكەی شەڕكەر بەكاردەهێنرێت . 
بەشێوەیەكی گشتی فرۆكە ئاراستەكراوەكان جیاوازن لەڕووی خێرایی و قەبارەو بەرزی  و جۆری بەكارهێنانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت پۆلین بكرێن بۆ سێ‌ جۆری سەرەكی و بەم شێوەیە ئاماژەیان پێبكرێت: 

یەكەم :
فرۆكەی ئاراستەكراو لە زەویییەوە، كە بە كۆنترین فرۆكە دادەنرێت و بەئاسانی دەتوانرێت ئاراستەی بشێوێنرێت (تشویش)ی بخرێتە سەر بو خرێتە خوارەوە، جگە لەوەی بەئاسانی دەتوانرێت دەست بخرێتە نێوپرۆگرامەكەی وكۆنترۆڵ و ئاراستەی بگۆڕدرێت . 

دووەم :
ئەو فرۆكە درۆن و ئاراستەكراوانەی كە بە گوێرەری پرۆگرامێكی پێشتر بۆئامادەكراو كاردەكات، و ئاسان نییە دەستێوەردانی تێدابكرێت و كۆنترۆڵی پرۆگرام و ئاراستەكردنی بكرێت . 

سێیەم : 
فرۆكەی (مینی) یان (تینی پۆرت)، كە بەخێراترین و بچوكترین و مەترسیدارترین فرۆكە دەژمێردرێت و تا ئێستا لەژێر ئەزموون و نوێكرنەوەدایە .

فڕۆكەی ئاراستەكراو وەك وەزارەتی بەرگری ئەمەریكی پێناسەی دەكات، بریتییە لەو فڕۆكەیەی كە بە وزە كار دەكات و مرۆڤ لە خۆناگرێت، و دەتوانرێت لە دوورەوە ئاراستە بكرێت و چاودێری بكرێت و توانای هەڵگرتنی باری بكوژ و نا بكوژیشی هەیە

بایەخی فرۆكەی ئاراستەكراو
لە ئێستادا بایەخدانی دەزگا سەربازی و هەواڵگرییەكان بە فرۆكەی ئاراستەكراو لە زیادبووندایە، ئەویش بەهۆی ئەو خەسڵەتانەی كەلەو جۆرە فرۆكانەدا هەیە كە ئەمانەن:
 1 -پێدانی زانیاری ورد بە فرۆكە جەنگییەكان، سەبارەت بە شوێن و بنكەی تەقاندنی روكێتەكان، ئەویش لەڕێگەی ئەو ئامێرانەی كە توانای بینینی شەوانەی هەیە .
2 - ئاشكراكردنی ئەو ئامانجە سەربازیانەی كە رادار ناتوانێت ئاشكرایان بكات، ئەویش بەهۆی ئەم فرۆكانەوە دەتوانن لەنزمایەكی كەمدا بفڕن .
3 - توانای كەمكردنەوەی زیانە مرۆییەكان لەكاتی پرۆسە سەربازیەكاندا، و ئەنجامدانی ئەو پرۆسانەی كە لە بواری سەربازیدا سەركەشییەكی زۆری دەوێت .
4 - كەمكردنەوە بەشداریكردنی رەگەزی مرۆیی لە پرۆسەی سەربازی و  ئەمنییەكاندا. 

5 - كەم تێچوونی، بە بەرروارد بە فرۆكەی سەربازی ئاسایی.
6 - بەدواداچوون و دۆزینەوەی ئامانجەكان و توانای جیاوازیكردن لە نێوان ئامانج و شوێنی دوژمن و دۆستدا .
7 - توانای بوونیادنانی  سیستمی ئاگاداركردنەوەی بە هێزی هەیە، كەدەتوانێت ئامانجە ئاسمانییەكان ئاشكرا بكات و هێزەكانی سەر زەوی لێ‌ ئاگاداربكاتەوە.
8 - وردی لە پێكانی ئامانجەكانی دوژمن و توانای بەدەستخستنی زانیاری پێویست بۆ ئاراستەكردنی موشەكی زەمین/ئاسمانی .
9 - ئەم جۆرە فرۆكانە توانای ئەوەی هەیە بۆ چاودێری دەریایی و هێڵەكانی گواستنەوەی وزە بەكاربهێنرێت . 
10 – بۆ چاودێری مەیدانی جەنگ و شوێنی هێزەكان و گەڕان  بەدوای سەربازەكاندا .
11 - هەندێك لە فرۆكە ئاراستەكراوەكان توانای بەرگری لەخۆكردن و گەڕانەوەیان بۆ بنكەكانیان هەیە، بەمەش ئەركەكانیان هاوشێوەی فرۆكە سەربازییە ئاساییەكانە .
12 - دەكرێت لە بواری لیكۆلێنەوە لە كەش و هەوا و كێشانی نەخشەدا و گواستنەوەی شمەك و كەل و پەلدا بەكاربهێنرێت، جگە لە ئاشكراكردنی ئاگر و دابەشكردنی پۆستە و دۆكۆمێنتی كاغەز و كاری كارگێڕی جۆراوجۆر.
13 - زامنكردن و رەخساندنی چاوپێكەوتن و كۆبوونەوە ئەمنی و سیاسی و نێودەوڵەتییەكان، بەبێ‌ ئەوەی سەرنج رابكێشێت .
14 - دابەشكردنی ئینتەرنێت لەناوچە دورەدەستەكاندا، وەك ئەوەی وڵاتی نیوزلەندا  لەناوچە دورەدەستەكاندا سیستمی گۆگڵ باڵۆنی پیادەكرد بۆدابەشكردنی ئینتەرنێت، جگە لەم خاڵانەی باسمانكرد، دەكرێت لە زۆر بواری دیكەشدا بەكاربهێنرێت. 

وڵاتانی بەرهەمهێنی فرۆكەی  ئاراستەكراو
لەبەر ئەو خەسڵەتە گرنگانەی باسمان لێوەكرد، ئێستا ئەم جۆرە چەكە وەك بەربژێرێكی بەهێز لێی دەڕوانرێت كە ببێتە تەكنۆلۆژیای بەهێزی جەنگەكانی ئایندە بەو پێیەی پەیوەست بە هزری ستراتیژی سەربازی سەردەم و یەكلاكردنەوەی زۆرێك لەجەنگە ئاسمانیەكان، هەروەها ئەم جۆرە لە چەك ئێستا لە چوارچێوەی  (جەنگی ناهاوشێوە)دا بەكاردەهێنرێت، بەوپێیەی جۆرێكە لە ستراتیژی هێرش  و گۆڕانێكیشە لە بڕوای سەربازیدا (7). 
ئێستا لە جیهاندا زیاتر لە (40 وڵات) فرۆكەی ئاراستەكراو بەكاردەهێنن و دەتوانین  چەند وڵاتێكی سەرەكی بەرهەمهێنی فرۆكەی ئاراستەكراو بەم شێوەیە بخەینەڕوو (8):

یەكەم: وڵاتەیەكگرتووەكانی ئەمەریكا
ئەمریكا چەندین جۆر و نەوەی لە فرۆكەی ئاراستكراو بەرهەمهێناوە، گرنگترینیان فرۆكەی (MQ –Reaperg) كە كۆمپانیای جەنەڕاڵ ئۆتۆمێكس  بەرهەمی دەهێنێت و هێزی ئاسمانی ئەمریكی بۆ پاڵپشتی پرۆسە سەربازییەكان لەسەرتاپای جیهاندا بەكاریدەهێنێت، و لە دوای رووداوەكانی 11ی سێپتەمبەر بەكارهێنانی ئەم جۆرەی فرۆكەی ئاراستەكراوە لە ئەفغانستان دژی هەردو رێكخراوی (قاعیدە) و (تاڵیبان) گیرایەبەر. 

دوووەم : كۆماری چینی میللی
چین توانی بیست و پێنج جۆر لە فرۆكەی بێفرۆكەوان بەر هەمبهێنێت  و لە ساڵی 2014 جۆرەكانی فرۆكەی بێفرۆكەوانی لە جۆرەكانی (واڵتەر) و (داكتڵ) و (ساور دراگۆن) بەرهەمهێنا، لەساڵی   2018 چین ئەوەی راگەیاند كە دەستكراوە بە دروستكردنی فرۆكەی بێفرۆكەوانی جۆری (CH7)  و لە ساڵی 2022 دا هەڵگری چەند خەسڵەتێك بووە كە توانای فڕینی لە بەرزایی 1300 مەتردا هەبێت، و بە خێرایی 571 كم / كاتژمێرێكدا، چین خاوەن تەكنۆلۆژیایەكی پێشكەوتووە و توانای بەرهەمهێنانی فرۆكەی ئاراستەكراوی زۆر پێشكەوتووی  هەیە كە خێراو وردە و توانای هەڵگرتن و عەمباركردنی موشەك و بۆمبی دوورمەودای دەبێـت و دەتوانێت ئامانجەكانی لەسەرزەوی و دەریا بپێكێت . 

سێیەم: ئێران 
ئێران بە یەكێك لەوڵاتە پێشكەوتو و پەرەسەندووەكانی بواری پیشەسازی فرۆكەی بێفرۆكەوان دەژمێردرێت و لەدەیەی یەكەمی ئەم سەدەیەدا ئەوەی راگەیاند كە گەیشتۆتە ئاستی بەرهەمهێنانی فرۆكەی درۆن، و لە ساڵی 2013 دا ئەوەی راگەیاند كە پەرەی بە گەورەترین فرۆكەی بێفرۆكەوانی چاودێری و شەڕكەر داوە، كە درێژییەكەی 7 م دەبێت و مەودای فڕینی دەگاتە 2000كم ناوی لێناوە (فەترس)، هەروەها فرۆكەی بێفرۆكەوانی (شاهید) بەرهەمهێناوە، كە ئێستا سوپای روسیا دژی ئۆكرانیا بەكاریدەهێنێت، هەندێك پێشكەوتنی ئێران لە بواری پیشەسازی و بەرهەمهێنانی فرۆكەی بێفرۆكەواندا دەگەڕێننەوە بۆدەستبەسەرداگرتنی فرۆكەیەكی سیخوری ئەمریكی بێفرۆكەوانی لە جۆری (RQ170) سینتینیل، كاتێك بواری ئاسمانی ئێرانی بەزاندووە و لە ساڵی 2012 لەلایەن ئێرانەوە  خراوەتە خوارەوە . 

چوارەم: توركیا
توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە پیشەسازی و بەرهەمهێنانی فرۆكەی ئاراستەكراو تیایدا پەرەسەندنێكی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت و بەیەكێك لە وڵاتە بەرهەمهێن و هەناردەكەرە سەرەكییەكانی فرۆكەی ئاراستەكراو دادەنرێت لە جیهاندا، بۆ نموونە توركیا بە لانەی فرۆكەی بێفرۆكەوانی جۆری (سابق 2) بەناوبانگە، كەتوانای فڕین و نیشتنەوەی ئۆتۆماتیكی خودی هەیە بۆ ماوەی چوار كاتژمێر دەتوانێت بفڕیت، هەروەها فرۆكەی بێفڕۆكەوانی (بێرقدار مینی UAV ( یەكەم فرۆكەی ئاراستەكراوە، كە (بیكار) پەرەی پێداوە بۆ هێزی ئاسمانی توركیا، وە فڕۆكەی ئاراستەكراوی (بێرقدار   TB2) كەلەلایەن كۆمپانیای (بیكار) درووستكراوە و پەرەی پێدراوە و سوپای توركیا و هێزی ئاسمانی توركیا وەك فڕۆكەی چاودێری و شەڕكەر بەكاریدەهێنێت، بەمەش توركیا یەكێكە لەو شەش وڵاتەی كەتوانای بەرهەمهێنانی لەم جۆرە فڕۆكە ئاراستەكراوەی هەیە و هەناردەی دەرەوەشی دەكات .

سەرچاوەكان 
1 -بڕوانە:
ا - پ . د. جەزا تۆفیق تاڵیب، جەنگی نەوەی پێنجەم یان جەنگی دوو توخم، گۆڤاری رێبەر، ژمارە (19) ، 2024، ل 5.
ب - علاء علی خضیر و حسام عبد الامیر خلف، الحروب الهجینة و انواعها فی قانون الدولي الانساني ، جامعة الامام الصادق، مجلة العلوم الانسانیة و الاجتماعیة، العدد (الثالث) ، الجز‌ء الثاني، 2023، ص365 .
2-Hikal Weiis,Hybrid warfer and hybrid threats to day and tomorrow
; To wards an analytical ,Farmework,Scienndo Journal on Baltic Secunity, 2019,P.19. 
3 -E lizabeth,Bore and Christopher Balkom, unmanned Aerial Vehicles;
Background and issues For Congress report for Congress, April,2003,P.1.
4 - د. حسن سعد عبدالحمید و زید حسن علی، التهدیدات الداخلیە للامن الوطني العراقي الطائرات  المسیرة النموذج، مجلة دراسات دولیة، العدد( الثالث و الثمانون)، 2020ص 305 . 
5 - میدیا بنجامین، حرب الطائرات بدون طیار القتل بالتحكم عن البعد، ترجمة ایهم الصباغ، منتدی العلاقات العربیة والدولیة، الدوحە، 2014، ص 21.
6-Geoge Freidrich, Application of Military and Non-Military unmanned aircraft Systems UAV,P.10.
7 - هشام الحلبي، حروب الجیل الرابع، مركز الامارات للدراسات و البحوث الاستراتیجیة، ابو ظبی، ط 1، 2020 ص 33. 
8 - بڕوانە:
ا- د. رحمن عبدالحسین ظاهر، الطائرات المسیرة و دورها فی  تطویر اجیال الحروب، المجلة السیاسیة و الدولیة، عدد (56)، 2023، ص77 - 78.
ب- علی الذهب ، الطائرات بدون طیار : التقنیة و الاثر العسكري و الاستراتیجي، مركز الجزیرة للدراسات ، 2019 ، ص4. 

* پسپۆری جیۆ سیاسی و
 ئاسایشی نەتەوەیی- زانکۆی سلێمانی


 کاریگەری فرۆکەی بێفرۆکەوان لە جەنگەکاندا

وتارەکانی نوسەر